سولی ئۆن وێب
دوای وەرگێڕانی دوو ڕۆمانی دیکەی هەمینگوای، "خۆر دیسان هەڵدێتەوە" کە یەكەمین رۆمانی ئەرنست هەمینگوای (Ernest Hemingway) نووسەری ئەمریكییە کە لەلایەن جەبار سابیرەوە لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕدراوە و بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا بڵاوبکرێتەوە. ئەم ڕۆمانە خاوەنی خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیاتی ساڵی ١٩٥٢ـە و وەك زۆربەی رۆمانەكانی دواتری هەمینگوای قسەكردنە لەسەر شەڕ، باس لە شەڕی یەكەمی جیهان ئەكات. پاڵەوانی رۆمانەكە "جیك بارنز" رۆژنامەنووسێكی ئەمریكییە، كە دوور نییە خودی نووسەر بێت، لە پاریس ئەژی و لەوێش كاری رۆژنامەوانی دەكات. ئەم رۆژنامەنووسە لە شەڕەكەدا بەشداربووە و پاش برینداربوونی حەزی سێكسی لە دەست ئەدات. گەر بیرتان بێت لە رۆمانی "ماڵئاوایی لە چەك"یش كارەكتەری سەرەكی بریندار ئەبێ.
جەبار سابیر وهرگێڕی ڕۆمانەکە له بارهی ئهم ڕۆمانهوه دهڵێت: "هەمینگوای لەم رۆمانەدا باسی نەوەیەك دەكا كە داهاتوویان فەوتاوە و بەوەرگرتنی دێڕەشیعرێكی "گرۆتەر ستاین"ی شاعیری ئاوانگاردی ئەمریكی كە لە سەرەتای سەدەی بیستدا لە پاریس ژیاوە و ماڵەكەی شوێنی كۆبوونەوەی هونەرمەندان و نووسەرانی ناسراوی دنیابووە. ئەم شاعیرە دەڵێ: ئێوە نەوەیەكی لە دەستدەرچوون. ئەو نەوەیەی ستاین و دواتر هەمینگوایش باسی ئەكەن نەوەی سەردەمی شەڕە گەورەكانن كە هیچ داهاتوویەكیان دیار نییە و شەڕ بەهای بۆ هیچ شتێكی ژیانیان نەهێشتۆتەوە لە كۆمەڵگەدا."
وتیشی: "كارەكتەرەكانی هەمینگوای لەم رۆمانەدا زۆر خۆشگوزەرانن و هەمیشە بە شوێن چێژەوەن و تەنانەت لە پاریسەوە دەچن بۆ ئیسپانیا و لەوێ بەشداری كەرنەڤاڵی گابازی ئەكەن. بەڵام ئەمانە لە ناخەوە لە ژیان رازی نین و هەمیشە هەست بە كێماسی شتێك ئەكەن. ئەمەیش بۆشاییەكە و شەڕی یەكەمی جیهان لەواندا دروستی كردووە. ئەمانە هەمیشە بەشوێن بەختەوەرییەوەن و كەچی هەر نایگەنێ. هەرچی پیاوی ناو ئەم رۆمانەیە پێیوایە ئەو رووخسارەی دۆزیوەتەوە كە ئەیەێ پیشانی دنیای بدات. بەڵام لە ناخەوە پەرێشان و شێواون. هەموو پێیانوایە و وادەنوێنن متمانەیان بە خۆیانە، بەڵام هەر خۆشیان تێدەگەن وانییە و ئەمە رووكاری بابەتەكانە. ئەم ئازارەی كارەكتەرەكانی هەمینگوای كە لە زۆربەی رۆمانەكانیدا هەیە، ئازاری تەواوی مرۆڤایەتییە، بۆیە نووسەرێكی گەورەی وەك ویلیام فۆكنەر ئەڵی: هەمنیگوای لەبری خوا ئەنووسی."

