ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
بڕیارە سبەینێ ١٣ی ٨ی ٢٠١٥ کاتژمێر ٧ی ئێوارە لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی، ئۆرکێسترای سلێمانی بەناونیشانی "لە سایەی پێشمەرگەدا بەئازادی موزیک دەژەنین" بەڕابەرایەتی موزیسیان موستەفا عەباس عەلی، یەکەمین کۆنسێرتی وەرزیی خۆی سازبکات. جێی ئاماژەبۆکردنە بلیتی ئەم کۆنسێرتە لە "قاوەخانەی کلتوریی، ماڵی چالاک، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە و تەلاری هونەر" دەستدەکەوێت.
لەبارەی کۆنسێرتەکەوە موزیسیان موستەفا عەباس بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "ئەو بەرهەمانەی کە لە کۆنسێرتەکەدا پێشکەشی دەکەین بریتییە لە نۆ ماددە، بە سروودێک بۆ پێشمەرگە دەستپێدەکەین کە بە شێوەی کۆراڵە، دوای ئەوە دوو بەرهەمی کلاسیک، کارەکانی دیکەش بریتییە لە شەش کاری کوردی، کە دانەرەکانیان موزیسیانی کوردن."
سەبارەت بە سەرچاوەی دارایی ئەوان لەم کۆنسێرتەدا، ئەو موزیسیانە ڕایگەیاند: "دیارە بۆ ئەم کۆنسێرتە ٤٦ ژەنیار بەشدارن لە ئۆرکێستراکەدا، بۆ ئەمکارە هاوکاری هیچ لایەنێکمان وەرنەگرتووە بەڵکو بۆیەکەمجارە بڕیارمانداوە کە بلیت بفرۆشین، بەجۆرێک کە زەختی زۆر نەخەینە سەر خەڵک و لەهەمان کاتدا داهاتێکی کەمیشمان دەستبکەوێت."