ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا بڕیارە سبەینێ ١٤ی ٨ی ٢٠١٥ کاتژمێر ٧ی ئێوارە لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی پەردە لەسەر مۆنۆمێنتی شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەس لابدرێت کە لەسەر ئارامگای شاعیر لەیان پەیکەرساز شوان کەمالەوە دروستکراوە. جگە لەوەش چەند چالاکییەی دیکە پێشکەش دەکرێت کە خۆی لە چەند کارێکی هونەریدا دەبینیتەوە. جێی ئاماژە بۆ کردنە ئەم چالاکیانە لەلایەن بنەماڵەی بێکەس خۆیانەوە سەرپەرشتی کراوە. سەبارەت بەو چالاکییە هەڵۆ شێرکۆ بێکەس بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: " سەبارەت بەو یادەی کە ٤ی مانگ ڕێکخرابوو لەلایەن دەزگای سەردەمەوە، من لەو ڕۆژەدا لە ئەمریکا بووم و بەشداریم کرد لە یادی شێرکۆ بێکەسدا لە ئەمریکا، لەبەر ئەوە نەمتوانی لە سلێمانی بم و پەیوەندی بە هیچ شتێکی دیکەوە نییە." وتیشی: "ئەو چالاکییەی کە سبەینێ بەڕێوەدەچێت، یادی شێرکۆ بێکەس نییە بەڵکو ئیفتیتاحی مۆنۆمێنتی شێرکۆ بێکەسە، لە هەمان کاتیشدا دەتوانێت ساڵیادیش بێت، کە هونەرمەند شوان کەمال بە هاوکاری بنەماڵەی خۆمان و لەسەر ئەرکی بنەماڵەی بێکەس وامان بەباش زانی ئەم مۆنۆمێنتە دروستبکەین، بۆیەش کەوتووەتە سبەینێ، لەبەر ئەوەی کارەکانی تازە تەواو بووە." هەر دەربارەی مۆنۆمێنتەکە شوان کەمال لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە: " لەڕاستیدا دەمێکە لێرە و لەوێ دەبیسترێ کە لەسەر ئارامگاکەی شێرکۆ بێکەس، کارێکی شیاو، پەیکەرێك لە مادەی برۆنز دروست دەکرێت، بەڵام لەڕاستیدا تا ئێستا کەس بەجیدی خۆی لەو کارە نەداوە، خۆی دروستکردنی پرۆژەو کاری هونەری لە دنیادا دابیینکردنی بودجە (پارە)یە، ئەگەر دابیین بکرایە دەمتوانی لە ئەلەمانیا جوانترین پەیکەر بە کولیتێتی ئەلەمانی دروستبکەم و بیهێنمەوە بۆ پارکی ئازادی." ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە: "ساڵی پار ئەو پەیکەرەی بەردەم دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم دروستکرد، ئەمساڵ کاك هەڵۆ شێرکۆ بێکەس لە نەرویجەوە پەیوەندی پێوە کردم لە ئەلەمانیا، وتی حەزدەکەین وەك بنەماڵەی خۆمان کارێکی بۆ بکەین، چی بکەین؟ پێم خۆش بو کارێکی وا بکەین، ئەوەی کە سبەینێ ئیفتیتاح دەکرێت."