ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
هونەرمەندی ناسراوی عەرەب کازم ساهیر لەم مانگەدا ٤ کۆنسێرت لە وڵاتی لوبنان لە بەرواری ١٤ و ١٥ی ٨ هەروەها لە ٢١ و ٢٢ی ٨ی ٢٠١٥ ڕێکدەخات، کۆنسێرتەکە بە یاوەری گروپە موزیکییە تایبەتەکەی هونەرمەندی ناوبراو بەڕیوەدەچێت کە یەکێک لە موزیسیانەکانی ئەو گروپە هونەرمەندێکی کوردە.
دەربارەی ئەم زنجیرە کۆنسێرتە موزیسیانی کورد سالار ئەسید کە یەکێکە لە ژەنیارانی گروپی موزیکیی ئەم کۆنسێرتانە، بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "ماوەی چوار ساڵە لەگەڵ گروپی کازم ساهیر کاردەکەم، ئەم کۆنسێرتانە لە "بیت الدین وآهدن" بەڕێوەدەچێت لە لوبنان کە هەموو ساڵێک بەشداری تێدا دەکەین"
سەبارەت بە چۆنییەتی کارکردنی لەگەڵ ئەو گروپە، ناوبراو ڕایگەیاند: "من کاتی خۆی هەر لە بەغداد کارم لەگەڵ کازم ساهیر دەکرد، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی چوونم بۆ دەرەوەی وڵات بۆ خوێندنی باڵا دابڕام لە گروپەکە، بەڵام چوار ساڵ پێش ئێستا پەیوەندییان پێوەکردم لەڕێگەی چەند هاوڕییەکی ناو گروپەکە و منیش بەخۆشحاڵییەوە گەڕامەوە ناو گروپەکە، لەوکاتەوە لەگەڵ ئەوان کاردەکەم."
ئەو گروپە موزیکییەی کە موزیسیانی کورد سالار ئەسید ئەندامە تێیدا، کاری موزیکی بۆ کۆنسێرتەکانی هونەرمەند کازم ساهیر ئەنجام دەدەن.
کازم ساهیر و سالار ئەسید لە کاتی خۆ ئامادەکردن بۆ کۆنسێرتەکان