ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا ئێوارەی دوێنێ ١٥ی ٨ی ٢٠١٥ بە مەڕاسیمێک لە ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە لە شاری سلێمانی نوێترین کتێبی هونەرمەند هۆمەر دزەیی بەئامادەیی خۆی بڵاوکرایەوە. لەو مەراسیمەدا هونەرمەند هۆمەر دزەیی کتێبە نوێکەی "چیرۆکی موزیکی کلاسیک"ی بە ئامادەبووان ناسان و باسێکی کورتی لەسەر ناوەڕۆکی کتێبەکەی و موزیکی کلاسیک پێشکەش کرد. هونەرمەند هۆمەر دزەیی سەبارەت بە کتێبەکەی بۆ ئامادەبووان وتی: "لەم کتێبەدا چیرۆکی دروستبوونی موزیکی کلاسیکم باسکردووە، واتە مێژووی سەرهەڵدانی موزیکی کلاسیک. هەوڵیشمداوە بەراوردکارییەک بکەم لەنێوان موزیکی کلاسیکی ئەوروپی و کوردیدا، لەو جێیەدا کە زانیومە پێویست دەکات " وتیشی: "سەرچاوەیەکی زۆرم لەم کتێبەدا بەکارهێناوە کە زۆربەیان سەرچاوەی ساڵانی پەنجاکانم بوون ئەوکاتەی لە کەرکوک بووم." وێنەکان لە پەڕەی تایبەتی ئەندێشە وەرگیراوە