ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا ئێوارەی دوێنێ ١٥ی ٨ی ٢٠١٥ لەناو هۆڵی مۆزەخانەی نیشتیمانیی ئەمنەسوورەکە لە شاری سلێمانی پێشانگایەکی فۆتۆگرافیی تایبەت بە ڕووداوەکانی کارەساتی شەنگال کرایەوە و دوا ڕۆژی پێشانگاکەش سبەینێ ١٧ی ٨ دەبێت کە بینەران دەتوانن لە کاتژمێر ٥ بۆ ٧ی ئێوارە بۆ بینینی پێشانگاکە بچن. پێشانگاکە لەلایەن ڕێکخراوی "لايزيدية للتوثيق" ڕێکخرابوو بەهاوکاری هەریەک لە مۆزەخانەی نیشتیمانیی ئەمنەسوورەکە و یەکێتی ژنانی کوردستان کە تیایدا نزیکەی ٢٥٠ وێنەی ڕووداوەکان پێشان درابوون و بەشی زۆری وێنەکانیش لەلایەن خەڵکی ناو کارەساتەکەوە و بە مۆبایل گیرابوون. سەبارەت بەم پێشانگایە پرشنگ عومەر سەرۆکی لقی یەکێتی ژنانی هەولێر بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "ئێمە پێشتر لە شاری هەولێر هەمان پێشانگامان کردەوە و دواتر بەهاوکاری مۆزەخانەی نیشتیمانیی ئەمنەسوورەکە هێنامانە سلێمانی، کە هاوکات بوو لەگەڵ کارەساتی گوندی "کۆچۆ" ئەو گوندەی کە بە چەند خولەکێک ١٤٠٠ کەسی تێدا شەهید کرا و زیادتر لە ٣٠٠ هاوڵاتیشی ڕفێنران." وتیشی: "جیاوازی ئەم پێشانگایە لەگەڵ پێشانگاکانی دیکەدا ئەوەیە، ئەم فۆتۆیانە لەلایەن وێنەگری پرۆفیشناڵ و کەسی شارەزا و هونەرمەندەوە نەگیراون، وێنەکان لەلایەن خەڵکی ئاسایی نێو کارەساتەکان گیراون، تەنیا ژمارەیەکی کەمیان نەبێت." سەرپەرشتیاری ئەم چالاکییە ڕەخنە لە دانیشتوانی پایتەختی ڕٶشنبیری دەگرێت و دەڵێت: " پێشانگایەک کە نزیکەی ٢٥٠ فۆتۆی کارەساتی شەنگالی تێدا نمایش کراوە بەڵام بەداخەوە پێشوازی لێ نەکرا و ئێستاش تەنیا ئێمە خۆمان لێرەین و یەک بینەری لێ نێیە. سەرەڕای ئەوەی کە پێشنگاکە لە کەناڵەکانەوە ئاماژەی پێدراوە، پێم سەیرە کە بەم جۆرە لە پایتەختی ڕۆشنبیری پێشوازی لە پێشانگایەکی لەم جۆرە دەکرێت لەکاتێکدا هاتنی هەر تاکێک وەک ئەوە وایە بڵێی من هاوخەمم لەو کارەساتەی کە بەسەر یەزیدییەکان هاتووە." جێی ئاماژە بۆ کردنە سبەینێ ١٧ی ٨ی ٢٠١٥ دوایین ڕۆژی نمایشی ئەو پێشانگایە دەبێت لە هۆڵی مۆزەخانەی نیشتیمانیی ئەمنەسوورەکە لە شاری سلێمانی کە لە کاتژمێر ٥ بۆ ٧ی ئێوارە بەڕووی بینەراندا کراوە دەبێت.