ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
نووسەر و شانۆکار دانا ڕەئووف کتێبێک دەربارەی نووسەری ناوداری جیهان و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ هارۆڵد پینتەر دەنووسێت، کە لە پێنج بەشدا لێکۆڵینەوەی کردووە لە مۆرک و سیماکانی شانۆی پینتەر، هەروەها زمان و چەمکە سیاسییەکانی نێو شانۆی پینتەری شرۆڤە کردووە و نموونەی لە شانۆنامەکانی هێناوەتەوە. ئەم کتێبەی نووسەر لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە و لە زنجیرەی کتێبی بنیاتنەرانی کلتوردا بڵاودەبێتەوە.
نووسەر و شانۆکار دانا رەئووف دەربارەی پینتەر لە پێشەکی کتێبەکەیدا نووسیویەتی: "پینتەر دید و دەروازەیەکی نوێ بەڕووی شانۆیەکی مۆدێرنی ئەوروپیدا دەکاتەوە و کۆتایی بە قۆناغێک لە شانۆ دەهێنێت و لەدوای ئیبسن، ستریندبێرگ و چێخەفەوە وەرچەرخانێکی ترە لە ڕەوتی شانۆی جیهانی."
ئاماژەی بۆ ئەوەیش کردووە: "پینتەر هەمیشە نووسینی شانۆنامەکانی بە شتێکی کۆنکرێتی و بە وێنەیەک دەستپێدەکات و لەوێوە لە ژوورە ڕیالیزمییەکانەوە، لە شێوازێکی تەبای دراماتۆرگییەوە دەمانگوێزێتەوە بۆ جیهانێکی ڕیالیزمی ئەندێشەئامێز و تەلیسماویی لێڵ و نادیار، بینەران دەخاتە دڵەڕاوکێ و چاوەڕوانییەکی ترسناک و بەردەوامەوە."
جێی ئاماژە بۆکردنە نووسەر لە رابردوودا ژمارەیەک خوێندنەوە و نووسینی تایبەت بە شانۆنامەکانی هارۆڵد پنتەر نووسیوە کە بەشێکیان لە پێشەکی شانۆنامە وەرگێڕدراوەکانی هارۆڵد پینتەر لە زنجیرەی شانۆی بیانیی دەزگای ئاراس بڵاوبوونەوەتەوە.
