پێشانگای (ئەزمونێکی نوێ لە جۆشدان بە دوکەڵ)

17/08/2015    16:08

پێشانگای (ئەزمونێکی نوێ لە جۆشدان بە دوکەڵ) 


Şêwekar

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا


ئێوارەی ڕۆژی ١٥ی ٨ی ٢٠١٥ لە گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی پێشانگای "ئەزمونێکی نوێ لە جۆشدان بە دوکەڵ" کرایەوە کە بڕیارە تا ١٨ی ٨ی ٢٠١٥ پێشانگاکە بەڕووی بینەراندا کراوەبێت. ئەم پێشانگایە بە هاوکاری بەڕێوەبەرێتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی و دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان کرایەوە کە تێیدا چەندین کاری سیرامیکی جۆشدراو بە دوکەڵی هونەرمەندان "قادر میرخان، نزار هادی، سۆزە حەمە ساڵح و مەریوان جەلال" پێشاندرابوو.


هونەرمەند قادر میرخان سەبارەت بە دۆزینەوەی پارچەی جۆشدارو بە دوکەڵ لە مێژوودا بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "ئەم شێوازە لە ئیشکردن وەکو لایانە مێژوویییەکەی لەگەڵ پەیدابوونی فوخاردا ئەم جۆرە لە ئیشکردنیش دەدۆزرێتەوە، چونکە وەختی خۆی کە ئاگر دۆزراوەتەوە و دەوری ئەو شوێنەی کە ئاگریان تێداکردووەتەوە، تەماشایانکردووە چۆن ئاگرەکە کاریگەری لە قوڕەکە کردووە و وشکبووەتەوە و گۆڕانی بەسەردا هاتووە. کۆنترین پارچە فوخار کە دۆزراوەتەوە لە نێوان ساڵانی ٢٢ بۆ ٢٤ هەزار ساڵ پێش ئێستایە."


سەبارەت بە گرنگی ئەم شێوازە لە کارکردن بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان قادر میرخان وتی: " ئەو ماددەیەی کە بەکاری دەهێنین لە کارکردندا زۆر بەردەستە کە قوڕ و ئاگرە، هەروەها تێچوونیشی کەمە، جگە لەوەش گرنگییەکی دیکەی ئەم کارە ئەوەیە کە هونەرمەند بە کەرەستەی سادە دەتوانێت هونەرێکی بەرز پێشکەش بکات، بۆیە هونەرمەند دەتوانێت نرخ بدات بەو کەرەستانەی کە وەکو شتێکی ئاسایی تەماشا دەکرێن. بۆیە لەم شێوازە ئیشکردنەدا ئەو کەسەی کە کارەکە دەکات نرخ دەدات بە قوڕەکە."


وتیشی: "کورد تەجروبەی زۆری لەگەڵ دوکەڵدا هەیە کە زۆربەی ناخۆشییە، دەشێت ئیشەکان بخرێتە ئەو قاڵبەوە و هەندێک دەربڕینی پێ دروستبکەین، وەکو لایانی جوانیش کە دوکەڵ لەسەر فۆڕمی کارەکە دروستی دەکات ڕەنگە ئێمە بەدەست نەتوانیت شتێکی لەوجۆرە دروستبکەین."


ئەم جۆرە لەکارکردن بریتییە لە دروستکردنی فۆڕمێک یان کارێکی هونەری بە قوڕ پاشان جۆشدانی ئەو کارانە بە دوکەڵ، کە لە خوارەوە سولی ئۆن وێب چەند نمونەیەکی ئەم شێوازە لەکارکردن بە وێنە بۆ خوێنەران دەخاتە ڕوو.















هه‌والی زیاتر

3D و سورریاڵ

Şêwekar

27/12/2015

3D و سورریاڵ

zortirîn xwênraw