ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ ١٨ی ٨ی ٢٠١٥ کاتژمێر٧:٠٠ بە سپۆنسەری دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان گەلەری "عەلی لەتیف" لە شاری سلێمانی بکرێتەوە. ئەم گەلەرییە سێیەمین گەلەریی شێوەکارییە کە لەلایەن دەزگای ناوبراو دەکرێتەوە و دەکەوێتە بەرانبەر هۆڵی ڕۆشنبیریی سلێمانی.
سەبارەت بە کردنەوەی ئەم گەلەرییە بەختیار سەعید بەڕێوەبەری دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "ئێمە بەردەوام لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە شاری سلێمانی کە پایتەختی ڕۆشنبیرییە، کێشەی بوونی هۆڵ، یاخود گەلەریی جیاوازمان هەیە، هەر ئەمە بووەتە هۆکار کە نەتوانین ستایلێک دیاری بکەین بۆ هۆڵەکان، بۆ نمونە هۆڵی مۆزەخانە والێبکەین تەنیا کاری هونەری مۆدێرنی تێدا دابنرێت، واتە نەمانتوانیوە تایبەتمەندی بدەین بە هۆڵەکان."
وتیشی: "ئەم کارەی ئێمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی کە تا هۆڵ و گەلەری زیادترمان هەبێت دەتوانین ئەو تایبەتمەندیانە لە داهاتوودا جێبەجێ بکەین، وەکو ئەو تایبەتمەندیانەی کە لە ئەوروپادا هەیە. لەهەمانکاتدا هەل ڕەخساندنە بۆ هونەرمەندی جیاواز تا بتوانن لە هۆڵی جیاوازدا پێشانگا بکاتەوە."