ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
بڕیارە ڕۆژانی ٢٧ و ٢٨ی ٨ی ٢٠١٥ لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی کاتژمێر ٨:٠٠ی ئێوارە، گروپی موزیکی لوڕ کۆنسێرتێک بۆ هونەرمەندی گۆڕانی بێژ لەنجە عەلی بەناونیشانی "ساتێکیش بۆ هونەر" ڕێکبخات. کە تیایدا هونەرمەند لەنجە عەلی چەند بەرهەمێکی هەڵبژاردەی هونەرمەندانی ناودار کورد دەڵێتەوە.
سەبارەت بەم کۆنسێرتە هونەرمەندی موزیسیان نزار زێوێ لە گروپی موزیکی لوڕ بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "بەرهەمەکانی ئەم کۆنسێرتە سەرجەمیان لەلایەن گروپی موزیکی لوڕەوە ئامادەکراوە. خاتوو لەنجە لەم کۆنسێرتەدا ١٠ بەرهەم پێشکەش دەکات کە سەرجەمیان بەرهەمی هونەرمەندانی ناوداری کوردن بەڵام سەرلەنوێ کاری موزیکیان بۆ کراوەتەوە."
جێی ئاماژە بۆکردنە ئەم کۆنسێرتە بە بلیت ئەنجام دەدرێت و بلیتی کۆنسێرتەکەش لە هەریەک لە "قاوەخانەی کلتوری، تەلاری هونەر، کافێ ١١، ماڵی چالاک و ناوەندی غەزەلنووس" دەستدەکەوێت
