(سیزیف، ئه‌و کوڕه‌ی دوو دڵی هه‌یه‌) دووەمین ڕۆمانی ئارام کاکەی فەلاح

23/08/2015    01:29

(سیزیف، ئه‌و کوڕه‌ی دوو دڵی هه‌یه‌) دووەمین ڕۆمانی ئارام کاکەی فەلاح 


Têkst

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا


نووسەر و چیرۆکنووسی ناسراوی کورد ئارام کاکەی فەلاح، دووەمین ئەزمونی خۆی لەبواری نووسینی ڕۆماندا بەناوی "سیزیف، ئه‌و کوڕه‌ی دوو دڵی هه‌یه‌" بڵاودەکاتەوە. ئەم ڕۆمانە لە مانگی ئایندەدا لەلایەن یانەی قەڵەمەوە چاپ و بڵاودەکرێتەوە. قەبارەی ڕۆمانەکە پێکدێت لە ١٠٠ لاپەڕە کە نووسەر لە ٤١ بەشدا کارەکتەر و رووداوەکانی داڕشتووەتەوە.


لەم ڕۆمانەدا نووسەر ڕووبه‌ره‌کانی دڵڕه‌قی مرۆڤ ده‌پشکنێت، تا چ ئاستێک مرۆڤ ده‌توانێت به‌رامبه‌ر به‌ خۆی و ده‌وروبه‌ری دڵڕه‌ق بێت. له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێمه‌دا، که‌ ته‌نها مرۆڤی دڵشکاو به‌رهه‌م دێنێت له‌ سه‌رده‌مێکدا که‌ سه‌رده‌می دڵشکانه‌ تا چ ئاستێک یاری به‌ قه‌ده‌ری ئه‌و که‌سانه‌ ده‌کات که‌ نرخێک به‌ ژیان ده‌ده‌ن و له‌گه‌ڵ گۆڕانکارییه‌کانیدا ده‌ڕۆن. ئه‌م سه‌رده‌می دڵشکانه‌ وا له‌ دوکتۆرێک (دوکتۆر باوه‌نوور) ده‌کات بیر له‌ دروستکردنی دڵێکی ده‌ستکرد بکاته‌وه‌ تا خه‌ڵکێکی زۆر له‌ دڵشکان ڕزگار بکات، به‌ڵام زۆر به‌رد و ته‌گه‌ری دێته‌ ڕێ.


بەشێکی دیکە لە چیرۆکی ڕۆمانەکە کە چەند کارەکتەرێک لەخۆدەگرێت برتین لە؛ کچێک( ماردین، که‌ ناسراوه‌ به‌ ماردین مۆنرۆ)، کوڕێکی خۆشده‌وێت و دوایی ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئه‌وه‌ی خۆشی ده‌وێت یه‌ک کوڕ نییه،‌ به‌ڵکو دووبران و دوانه‌ن و زۆر له‌یه‌ک ده‌چن، بۆیه‌ ناچار ده‌بێ یه‌کێکیان هه‌ڵبژێرێت، دوو براکه‌ش (چالاک و مالاک)، هه‌ردووکیان ماردینیان خۆش ده‌وێ و بێ ئه‌وه‌ی به‌ یه‌کیان وتبێت و پێیان زانیبێت، که‌ یه‌ک کچیان خۆش ده‌وێت، بۆیه‌ مه‌جبور ده‌بن ڕازی بن به‌و بڕیاره‌ی ماردین و یه‌کێکیان دڵی ده‌باته‌وه ‌و ئه‌وی تریان دڵی ده‌شکێت. هه‌موو ئه‌م ڕووداوانه‌ پێکه‌وه‌ گرێ ده‌ردێنه‌وه‌ و چاره‌نووسی کاراکته‌ره‌کانی ناو ڕۆمانه‌که‌ دیاری ده‌که‌ن و گه‌شتێکمان پێ ده‌که‌ن به‌ره‌و شوێنه‌ هه‌ره‌ تاریکه‌کانی دڵی مرۆڤ.


ئارام کاکەی فەلاح سەبارەت بە بەکارهێنانی ناوی سیزیف و پەیوەندی ئەم ناوە بە ئەفسانە گرێکییەکەوە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "دەبێ هەموو رۆمانەکە بخوێنیتەوە تا بزانیت ناوی سیزیف پەیوەندی هەیە پێوەی یان نا؟ بە ڵام دەتوانم ئەوە بلێم کە کاراکتەرێک لە رۆمانەکەدا هەیە کە هاوڕێکانی بە سیزیف ناوی دەنێن، بەڵام کوڕەکە خۆی ناوی مالاکە و زۆر رقی لەناوەکەی خۆیەتی، بەڵام بۆ ناوی دەنێن سیزیف، ئەوە ئیتر دەبێ لەناو رۆمانەکەدا بۆی بگەڕێیت."










هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw