سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
ئێوارەی دوێنێ ٢٧ی ٨ی ٢٠١٥ ئاژانسی "All Round Kurdistan" پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بۆ ژمارەیەک فۆتۆگرافی کورد و بیانی بە ناونیشانی "جەنگ دژی تیرۆر" لە هۆڵی مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنەسوورەکە کردەوە و بریارە ئەمڕۆش لە کاتژمێر ٥ بۆ ٨ی ئێوارە پێشانگاکە بەڕووی بینەراندا کراوەبێت. لە پێشانگاکەدا ژمارەیەک فۆتۆی تایبەت بە پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی بەرگری لە جەنگی دژی تیرۆر پێشاندرابوون کە سەرجەمیان لە جەنگی دژی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش گیرابوون.
دەربارەی ئەم پێشانگایە ئەحمەد نەجم سەرپەرشتیاری ئاژانسی "All Round Kurdistan" بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "ئەم پێشانگایە ١٤ فۆتۆگرافەر بەشداری تێدا کردووە کە ٣ فۆتۆگرافەری بەشداربوو لە پێشانگاکەدا فۆتۆگرافی ئەجنەبین."
وتیشی: "ئەم پێشانگایە لە مانگی ٩ی ئەمساڵدا دەبرێتە فێستیڤاڵێک لە وڵاتی فەڕەنسا، ئەو فێستیڤاڵەی فەڕەنسا ساڵانەیە و تایبەتە بە کاری فۆتۆگرافی، سەرجەم فۆتۆکانی ئەم پێشانگایە لەو فێستیڤاڵەدا پێشاندەدرێتەوە."
فەریق هەڵەبجەیی یەکێک لە فۆتۆگرافەرانی بەشداربووی پێشانگاکە باسی لە گرنگی گواستنەوەی وێنەی پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگەوە بۆ چاوی خەڵکانی دیکە کرد و بۆ سولی ئۆن وێب وتی: "ئێمە کاتێک کە پێشمەرگە دەبینین بەو ورە بەرزەوە ڕووبەرووی داعش دەبێتەوە، پێویستە ئێمەش ئەو ورە بەرزییەی ئەو بە فۆتۆ پێشان بدەینەوە و بیگوازینەوە بۆ چاوی خەڵاکنی دیکە کە لە بەرەکانی جەنگدا نین."
سەبارەت بە بردنە دەرەوەی ئەم پێشانگایە ئەو فۆتۆگرافەرە وتی: "هەنگاوێکی زۆرباشە کە ئەم پێشانگایە لە دەرەوە پێشان دەدرێتەوە و وادەکات زیاتر پێشمەرگە بناسرێت لە سەر ئاستی دەرەوە و ببینرێت کە پێشمەرگە چ هێزێکی خۆڕاگری هەیە بەرانبەر بە تیرۆر."
