سولی ئۆن وێب - ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٠دا چاپی یەکەمی کتێبی "کاسکێتەکەم بسپێرن بە پاییز" کە دەربارەی ژیان و بەرهەمی شاعیری شەهید ئەبوبەکر عەلییە، بە ژمارەی سپاردنی ٩٢٣ی کتێبخانە گشتییەکانی هەولێر بڵاوکرایەوە، لە ئێستادا بەرێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانەی گشتی سلێمانی ژمارەی سپاردن ناداتە چاپی دووەمی ئەم کتێبە و بەڕێوەبەری ئەو بەڕێوەبەرایەتییەش ڕایدەگەیەنێت ناتوانین ژمارەی سپاردن بە کتێبێک بدەین کە لەدوایەوە توشی کێشە و گرف ببین.
فەرەیدون عارف ئامادەکاری کتێبەکە سەبارەت بە وەرگرتنی ژمارەی سپاردنی چاپی یەکەمی ئەم کتێبە لە هەولێر بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "چاپی یەکەمی ئەم کتێبە لە ساڵی ٢٠١٠ کردوومانە، ئەوکات ژمارەی سپاردن لە هەولێر وەرمگرت، پرسیارم کرد ئەوکات وتیان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری ژمارەی سپاردن وەردەگیرێت، ئیتر ئەوەبوو لەوێ وەرمگرت، ڕەنگە زیاتر پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە من ئەوکاتە خۆم فەرمانبەربووم لە هەولێر لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆیە ئاسانتربوو و لەوێ ژمارەی سپاردنم بۆ وەرگرت."
سەبارەت بە هۆکاری پێنەدانی ژمارەی سپاردن بە چاپی دووەمی ئەم کتێبە فەرەیدوون عارف وتی: "ناوەندی غەزەلنووس بڕیاربوو چاپی دووەمی ئەم کتێبە بڵاوبکەنەوە، ئەوەبوو نووسراوێکی فەڕمی ئەوانم برد بۆ بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی گشتی سلێمانی، پێیان وتم بەداخەوە ناتوانین ژمارەی سپرادنت بدەینێ. هۆکارەکەی تۆزێ پێکەنیناوییە، خاتونێکی لێبوو لە بەشی سپاردن، پێی وتم پرسمان کردووە و وتویانە ژمارەی سپاردن مەدەن، وتم بە کێ، وتی کردومانە. وتی ئێمە بەپێی ڕێنمایی و یاسا کار دەکەین، هەر کتێبێک تەشهیر و ناوزڕاندنی تێدابێت ناتوانین ژمارەی سپاردنی بدەینێ، وتم کامەیە تەشهیر و ناوزڕاندن، وتی باسی پارێزگا و ئاسایش، وتم ئەوەی کە تۆ باسی دەکەیت حەقیقەتێکە کە چەندین ساڵە ڕوویداوە و شایەتحاڵی هەیە و بە دیکۆمێنت کراوە و هەموو کەس دەزانێت چۆن بووە، بەڵام ئەو خاتوونە سوربوو لەسەر ئەوەی کە ئەوان ناتوانن ژمارەی سپاردنی بدەنێ."
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "دواتر لەگەڵ بەڕێوەبەری کارگێڕی قسەم کرد لەوێ، ڕێزێکی زۆری لێگرتم، بەڵام دیاربوو کە هیچ شتێک لەدەسەلاتی ئەودا نەبوو، تەسەوری ئەوە ئەکەم ئەم بابەتە هەمان ترس بێت لە وشەی ئازاد."
هەر سەبارەت بەم پرسە محەمەد عەزیز بەڕێوەبری بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی گشتی سلێمانی بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئێمە هۆبەی سپاردن هەیە و هەموو سەلاحیاتێکیان دراوەتێ بۆ پێدانی ژمارەی سپاردن بە کتێبەکان، ئەگەر بێت و کتێبێک بە نەوعێک بێت، تەشهیر کردن بێت یان قسە وتنبێت بە یەکێک، بە کەسایەتی سیاسی بێت یان حیزبێک بێت، ئەو هۆبەیە ژمارەی سپاردن نادەن بەو کتێبە."
ڕوونیشیکردەوە: "بەهیچ شێوەیەک مەوزوعی سیاسەت لەناو کتێبخانەی گشتی سلێمانیدا نییە، و ئەم بابەتەش هۆکاری سیاسیی نییە. بەرپرسی هۆبەی سپاردن هات بۆلام و وتی من ناتوانم ژمارەی سپاردن بدەم بەم کتێبە لەبەر ئەوەی ناوزڕاندنی کەسێکی دیکەی تێدایە، بەرپرسی ئەو هۆبەیە سەرپشکە لە پێدان یان نەدانی ژمارەی سپاردن."
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی گشتی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "هەموو شتێک ناوترێت، بەڕێوەبەرایەتییەکی ئێمە زۆر دوورە لەو بابەتە، ئێمە ئەگەر کتێبێکی شاعیرێک بێت، ڕۆمانێک بێت، ڕاستەوخۆ ژمارەی سپاردنی پێدەدەین، بەڵام کە شتێک بێت لەدوایەوە توشی کێشە و گرفت ببین بەڕاستی ئەوە ناکەین، شتێک ناکەین لێپرسینەوەی لەدوابێت."
"کاسکێتەکەم بسپێرن بە پاییز" کتێبێکە دەربارەی ژیان و بەرهەمی شاعیری شەهید بەکر عەلی کە لەلایەن فەرەیدون عارفەوە ئامادەکراوە و ساڵی ٢٠١٠ چاپی یەکەمی بڵاوکرایەوە، ناوەڕۆکی کتێبەکە بریتییە لە باسکردن لە ژیان و بەرهەمەکانی شاعیری شەهید ئەبوبەکر عەلی و هەندێک بەڵگە و دیکۆمنێتی لەخۆگرتووە کە چۆنییەتی شەهیدکردنی شاعیر دەخاتە روو.

بەرگی ئامادەکراو بۆ چاپی دووەم

بەرگی چاپی یەکەمی کتێبەکە لە ساڵی ٢٠١٠