سولی ئۆن وێب - ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا لە درێژەی چالاکییەکانی خۆیدا ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، کە ڕێکخراوێکی ناحکومییە و لەبواری پاراستنی ژینگەدا کار دەکات، دوێنی ٣٠ی ٨ی ٢٠١٥ لە شارۆچکەی دەربەندیخان هەڵمەتی هۆشیاریی ژینگەیی لەناو فەرمانگە حکومییەکان و شوێنە گشتییەکانی شارۆچکەی دەربەندیخاندا ئەنجامدا کە تێیایدا چەندین بڵاوکراوەی هۆشیاریی ژینگەیی بەسەر هاوڵاتیان و کارمەندانی فەرمانگەکاندا دابەش کران. سەبارەت بەم چالاکییە سەروەر قەرەداخی سەرۆکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "لەم چالاکییەدا لە بازاڕ و شەقام و فەرمانگە حکومییەکانی قەزای دەربەندیخان هەڵمەتی وشیاری ژینگەییمان ڕاگەیاند و بەسەدان بروشەر و کارت و ڕێنمایی ژینگەییمان دابەشکرد، کەتایبەت بوون بە پاراستنی ژینگە لەڕێی؛ چاندنی نەمام و بەکارهێنانی باسکیل و چەندین ڕێگەی تر." وتیشی: "ئامانجی سەرەکیمان بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی مرییە لە فەرمانگە حکومییەکاندا، هەروەها هاوشێوەی ئەم هەڵمەتە بەردەوامی دەبێت بەتایبەت لە ناوەندەکانی خوێندن." وێنەکان: لە پەڕەی تایبەتی ڕێکخراوی سروشتی کوردستانەوە وەرگیراوە