سولی ئۆن وێب ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا ئەمڕۆ ١ی ٩ی ٢٠١٥ ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر یەکەمین ڕۆژی کردنەوەی سولی ئۆن وێبدا و لەماوەی ئەم ساڵەی کارکردنیدا سولی ئۆن وێب هەوڵیداوە زۆرترین چالاکیی کلتوری لەڕێگەی هەواڵ، گفتوگۆ، ڕاپۆرتی تایبەت، ڤیدیۆ و فۆتۆوە بە خوێنەرانی خۆی بگەێنێت. بێگومان سولی ئۆن بێ کەموکوڕی نەبووە و کێشەی هەبووە، دوای ساڵێک لە ئەزمونی کارکردن بەشێک لە بەرپرسی ناوەندە کلتورییەکان، نووسەر، ڕۆژنامەنووس، هونەرمەندان و خوێنەرانی سولی ئۆن وێب ڕا و پێشنیاری خۆیان بۆ سولی ئۆن وێب دەخەنە ڕوو: مەریوان هەڵەبجەیی نووسەر و وەرگێڕ: "لەماوەی ئەم یەک ساڵە بەردەوام خوێنەری سولی ئۆن بووم، زۆر بەوردی و بەجوانی ڕوماڵی بواری کلتوری بەشێوەیەکی گشتی دەکات. دەتوانم بڵێم باشترین پێگەی کلتورییە لە کوردستان. زمانی نووسینی زۆر باشە، شێوازی بەدواداچوون و هەواڵ و ڕێپۆرتاژی بەهەمان شێوە. بایەخی باش دەدات بە وێنە، دیزاینێکی زۆر جوانی هەیە، ئەگەر ژمارەی ئەندامانی زیاد بکات، هەروەها ژمارەی هەواڵ و گفتوگۆ و بابەتەکانی ئەوە زۆر باشتر و کاریگەرتر دەبێت. پێشنیار دەکەم بەشێوەی پرۆفیشناڵ وەک ئەوەی لەدونیادا هەیە، نەک وەک ئەوەی هەرێمی کوردستان، کار بکەن، بۆ نمونە؛ دەرهێنەرێک تازە چووەتە پرۆڤەوە، دەبێت هەواڵێک لەسەری بڵاوبکەنەوە، لە نیوەی پرۆڤەدا جارێکی تر هەواڵی بڵاوبکەنەوە و کاتێکیش پێشکەش دەکرێت بەهەمان شێوە، ئەمە بۆ زۆربەی کایە کلتورییەکان. لە تارانەوە ئاژانس تەلەفۆنم بۆ دەکات و دەڵێ چیت لەبەردەستدایە بۆ وەرگێڕان؟ هەواڵەکەی بڵاودەکاتەوە، کە تەواوی دەکەم جارێکی تر بڵاویدەکاتەوە، گرێبەست دەبەستم لەگەڵ خانەی چاپ و بڵاوکردنەوە دیسان جارێکی تر و لەکاتی بلاوبوونەوەشدا بەهەمان شێوە. کەچی لێرە یەک جار دەکرێت، ئەویش لەناو ئەو هەموو هەرا و فەوزا و جەهلی سیاسی و میدیا و وێنەی کوشتنەدا ناتوانێت هەناسە بدات و دەمرێت. بۆ ئەوەی کاری ئێوە لەو هەرا بێمانایەی میدیای کوردی بتوانێت جیاواز بێت و بەردەوامییەکی کاریگەری هەبێت، دەبێت دەیان تەکنیک و شێوازی کارکردن دابهێنن، پێش هەموو شتێک پێویست دەکات سپۆنسەر سپۆنسەر بدۆزنەوە، هیچ کارێکی قوڵ و کاریگەر و بەردەوام ناتوانێ بەبێ پارە بەباشی درێژە بە ژیانی بدات، ئیتر ئەو سپۆنسەرە کۆمپانیایە یان شارەوانییە یاخود پارێزگا و... هەرشوێنێکی تری هاوشێوەی ئەوان. کاتێک ئەو کارە بکەن دەتوانن بەشی وەرگێڕانی هەواڵە بیانییەکانتان بەهێزبکەن و ئاستێکی زۆر باڵاتر بەخۆتانەوە ببینن. بواری گفتوگۆتان لاوازە و زۆر کەم گفتوگۆ ئەنجام دەدەن، گەر بێت و ڕێژەکەی زیاتربێت زۆر باشترە. سەیرە، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سولی ئۆن کەوتووەتە ساڵڕۆژی شەهیدکردنی بەکر عەلیی شاعیر، دەسەڵاتێک کە لە بەکر عەلی و هاوڕێکانی تۆقیبوو، شەهیدی کرد. هێندە گەمژە بوو نەیدەزانی دوای چەند ساڵ لە شەهید کردنی هەر لەم شارەدا دەیان گەنجی ئازا و ڕوناکبیر و بەهەڵوێست دەیان چرای ڕۆشنگەری دادەگیرسێنن." شوان کەریم نووسەر و شانۆکار: "ئازیزان پیرۆزبایی تێپەڕبوونی ساڵێک ماندوبوون و بەرهەم لە ئێوەی خۆشەویست، لەوانەیە شتێکی ئاسان نەبێت لە وڵاتێکدا کە میدیا ڕۆژانە پێناسەی خۆی ون دەکات یان بەخراپترین شێوە بەکاردەهێنرێت، بتوانن زوو بڕوا لای خوێنەر دروستبکەن، بتوانن نمونەیی بن، بتوانن خێرا و چالاک و بوێرانە دەست بۆ زۆر بابەت بەرن. بەڵام سەرەتا چەند قورس و سست بێت لەو قورستر بەردەوامییە لەسەر بنەماکانی ڕاستی و تایبەتمەندی. بە بۆچونی من ئێوە لەم ساڵەدا سایتێکی نوخبەیی بوون کە دەبێت قۆناغی داهاتووتان ئیشکردن بێت لەسەر فراوان کردنی ڕێژەی خوێنەر بێ ئەوەی لە ئاستی هونەری و زانستیتان بێنە خوارەوە، ماندوونەبن، بەهیوای سەرکەوتنی بەردەوام و هەنگاوە جدییەکانتان. خۆشەویستیم قبوڵ بکەن و دیسان پیرۆزە." لاوک ئەبوبەکر خوێنەری سولی ئۆن: "بەدرێژای ئەم ساڵانەی دواییو لەگەڵ کرانەوەی دونیای ئینتەرنێت بەڕووی خەڵکی هەرێمی ئێمەدا، وێبسایتەکان زۆرترین خوازەیان لەسەربووە. هەڵبەت بنەڕەتی دونیاکەش، لەسەر بنەمای وێبسایت وەستاوە. وێبسایتە کوردییەکان بەگشتی چییەتی بابەتو چۆنییەتی بەڕێوەچوونیان هاویەکە. ئەم هاویەکبوونەوە تەواوی جومگە سەرەکییەکانی گرتووەتەوەو ئەو جیاوازییە کەمەیشی کە دەمێنێتەوە، لەخاڵی لاوەکیدان. بەشی کەلتووری لەزۆربەی وێبسایتەکاندا، بوونی هەبووە. هەبوونی ئەم بەشە نەچووەتە کایەی ئەو هێڵە گشتییەی کە وێبسایتەکە کاری لەسەرکردووە. بەڵکە هێندەی بۆ پڕکردنەوەی وێبسایەتەکە بووە، هێندە بەخاتری دەوڵەمەندکردنی نەبووە. لەزۆر وێبسایت بینراوە کە ئەم بەشەی تایبەتە بەکەلتوور، ”بۆ کاتبەسەربردن“ و ”ئارامی“ی سەردانیکەرانییەتی! ئەم بۆشاییە پڕکردنەوەی ئەستەمەو چەند ساڵێکی دەوێ تا هەبوونی پەڕەی تایبەتی کەلتووری ئینتەرنێتدا، ببێتە کەلتوور. چونکە لەبنەڕەتدا هەبوونی ئەمجۆرە لەوێبسایت، پێویستییەکی بنەڕەتییە نەک لاوەکی. هەر بۆیە دروستبوونی سولیئۆن وەک یەکەمین وێبسایتی کەلتووری؛ پێش هەموو سەرنجوتێبیینییەک، گرنگە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە. سەرەڕای کەمیی چالاکیی کەلتووری لەناوچەکانی ئێمەدا، لێ بەشی ئەوەی وێبسایتێک کاری لەسەربکات، هەبوونی پێویستە. هەروەها ئەو مۆرکە بەجیهانیبوونەی وێبسایتی کەلتووری هەیەتیو لەسولیئۆندا ڕەنگیداوەتەوە، گرنگییەکی بێوێنەیە. بەوەی زۆربەی ئەو کەلتوورە نامۆو گومناوانەی لەدونیادا بوونی هەیەو ڕووداویان لەبارەوە ڕوودەدا، لەوێبسایتەکە دەکرێ ئاگاداریان بیت. ئەوەی گرنگە لەمەبەدوا سولیئۆن کاری لەسەربکات؛ درێژەدانە بەو بابەتە نوێیانەی بۆ یەکەمجار لەوێبسایتی کوردیدا هەبوون. نموونەی بەشی ”گفتوگۆی شانۆکار“، کە بەشێکی گرنگی وێبسایەتەکەیە. هەوڵدان بۆ هێنانەبوونی ئەمجۆرە بابەتە نامۆیانە، گرنگیی تایبەتی هەیە. هەروەها هەوڵدان بۆ مورکنەبوونی وێبسایتەکە بەوێبسایتێکی هەواڵی. بەوەی دەبینرێ زۆربەی وێبسایتەکە، پێکهاتووە لەهەواڵی چالاکییە کەلتووریەکان. ڕاستە کە ئەمە بەشێکی گرنگی کاری ڕۆژنامەوانیو مەیدانی کاری کەلتووریە، بەڵام پەرەدان بەبەشی تایبەتترو جیاوازتر لەوێبسایتەکانی دیکە، گرنگییەکی دیکەیە... هیواو ئومێدی بەردەوامییەکی پڕبەرهەم." هەژار مەجید بەڕێوەبەری ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە لە سلێمانی: "سۆلی ئۆن لە ماوەی یەکساڵ تەمەنیدا بە بڕوای من کاری زۆر باشی کردوە، تاڕادەیەکی زۆر توانیوەیەتی چالاکییە ڕۆشنبیریی و هونەرییەکان تەختیە بکات. ئەوەش سەرەڕای ئەوەی کە تەواو بێ ئیمکاناتن و بەجۆرێک کار دەکەن کە وەک دەڵێن پێشمەرگانەیە. من هیوای سەرکەوتن و کاری زیاترتان بۆ دەخوازم." شۆڕش محەمەد ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری ماڵپەڕی سینەما: "سهرهتا پیرۆزبایی تێپهڕبونی ساڵێك بهسهر دامهزراندنی سۆلی ئۆن له تهواوی كارمهندان و سهرپهرشتیار و هاوكارهكانی دهكهم بهو هیوایهم پڕۆژهكهتان بهردهوام بێ و ههمیشه سهركهوتوبن. لهماوهی ئهم ساڵهی دروستبونی ماڵپهری سۆلی ئۆندا من یهكێك بوم لهو كهسانهی كه بهردهوام سهردانی ئهم ماڵپهرهم كردوه و بابهتهكانی سهرنجیان كهمهندكێش كردوم. ههروهها ئهو هاوڕێیانهشی كه لهم ماڵپهرهدا كاردهكهن زۆربهیان لهنزیكهوه دهناسم و لهو كهسه جوانانهن كهجێی متمانهی ناوهندی هونهری و كلتوری ئهم ههرێمهن و دهكرێ ئومێدی گهورهیان لهسهر ههڵچنرێ. لهم جۆره پڕۆژه كلتورییانه له ههرێمی كوردستان دهگمهن و دانسقهن و ڕهنگه ههر نمونهی چهند دانه ماڵپهرێكی لهوجۆرهمان ههبێ، بۆ برهودان بهم پڕۆژانه پێویسته حكومهت و لایهنه پهیوهندیدارهكانی هاوكاریی و پشتگیریی مادی بكهن بهڵام بهداخهوه لهم ههرێمه جگه لهوهی سیاسهتێكی كلتوریمان نییه لهههمان كاتدا كلتور و هونهر بایهخی بهرمیلێك نهوتی نییه، ستراتیژی حكومهت تهنها لهسهر پرسی نهوت و ڕێژهی فڕۆشی نهوت گیرساوهتهوه و كایهكانی دیكه به تهواوی فهرامۆش كراون. هیوادارم هاوڕێیانم له (سۆلی ئۆن) پشودرێژبن و بهردهوام بن." شادییە عەبدول خوێنەری سولی ئۆن: "لەو ماوە کورتەی کار کردنیدا سولی ئۆن یەکێک بووە لە گەیەنەرە کارا و باشەکان، لە ڕووی بابەتە کلتوری و هونەرییەکانەوە... گرنگیدان بە هەر هونەرێک و تایبەتمەندی پێدانیان لە ئاستی ناوخۆیی و جیهانی دا و لەهەمان کاتدا بەستنەوەیان پێکەوە، لایەنێکی باشی کار کردنییانە. دەبینین زۆربەی ئەو ماڵپەڕە ئەلکترۆنییانەی لە ئێستادا کە دەکەونە بەر چاومان، سەرقاڵن بە بڵاو کردنەوەی خێراترین هەواڵی سیاسی تاقەتپڕوکێنەر، یاخود هەواڵی هەمەڕەنگی شێوێنراو و نا پێویست، کە نەک سود بەخش نیین، بەڵکو مەزاج تێکدەرن و سەلیقەی تاکی ئێمە دەشێوێنێت، و دورییان دەخاتەوە لە هەر بابەتێکی هونەری جددی و چێژ بەخش. هۆکاری هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەڕێوەبەری ئەم ماڵپەڕانە کەسانی نەشیاون بۆ ئەم کارە و لەگەڵ ئەوەش دا هیچ فلتەرێکی گشتی نییە بۆیان تا چاودێری چۆنێتی مامەڵە کردن و بڵاو کردنەوەی هەواڵ و بابەتەکانیان بکات.. دەکرێت ئەم شێوازەی سولیئۆن کاری پێ دەکات، کە شێوازێکی هونەری و کەلتوری تەندروستە، لە داهاتودا دەرگا خستنە سەر پشت بێت بۆ کار کردنی هاوشێوە، لە ماڵپەڕی دیکەدا. ئەوەی یارمەتیدەر دەبێت و مانەوە و لەبەر چاویی ماڵپەڕەکە خزمەت دەکات، چالاکتر بوون و فراوانتر بوونییانە لە بابەتەکانیاندا. هەروەها گرنگی دان بە چالاککردنی زیاتری بابەتی ڕەخنەی هونەری و ئەدەبی." سەروەر قەرەداخی پارێزەری ژینگە: "پیرۆزبایی یادی دامەزراندنی ماڵپەڕی سولی ئۆن دەکەم. سەرەتا من گروپی سولی ئۆنم ناسی کە دووساڵ لەمەوبەر بوو، بەر لەوەی ئاشنابم بە ستافی ئەم گروپە ناوبانگیانم بیستبوو، لەگەڵ ئاشنابوونم بە ستافی گروپەکە بۆم دەرکەوت کە چەندە پرۆفیشناڵانە کاردەکەن. ئێستا بەشێک لە ئەندامانی ئەم گروپە لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی دیکەدا ستافێکیان پێکهێناوە و پەرەیان بە میدیای ئەلکترۆنی داوە ئەویش بە ماڵپەڕی سولی ئۆن، کە لە کاری ئەم گەنجانە ورد دەبیتەوە دڵنیا دەبیت کە گەنج بێ ڕەنج نییە، دڵنیا دەبیت کە گەنج داینەمۆی پێشخستن و گەشەسەندنی کۆمەڵگایە، بۆیە هیوام بەردەوامی و سەرکەوتنتانە. هیوام ئەوەیە گەنجانی تری کۆمەڵگاکەم بازنەی کارکردنی هاوشێوە دروست بکەن و خزمەتی کورد و مرۆڤایەتی بکەن." ڕاڤیار نەوزاد شانۆکار و خوێنەری سولی ئۆن: "مالپەڕی سولی ئۆن لەماوەی ئەم تاکە ساڵەی کارکردنی خۆیدا زۆر ئیزافەی جوانی کردوە بۆ فەزای ئەلیکترۆنیی هونەری لەسەرجەم ڕوەکانیەوە، ناتوانم بڵێم ئەمە یەکەم نمونەیە، لەبەرئەوەی پێش سولی ئۆن مالپەری دیکە هەبوون، بەڵام بەدڵنیایەوە ئەتوانم بڵێم جیوازترین و پرۆفیشناڵ تریننیانە، لەگەڵ هەندێک تێبینی ورد. ئەوەی ئەم ماڵپەڕە لەوانەی پێش خۆی جیا دەکاتەوە ئەو ستافانەن کە بەکارە جیاجیاکانی بەشەکانی ئەم ماڵپەڕە هەڵدەستن، کە ئەوان خۆیان کەسانێکی چالاک و زیندون لەبوارەکەدا و زۆر بەڕونی هەمی یەکەمیان گەشەدانە بە بوارە ڕۆشنبیریەکە، خاڵێک کە زۆر پرۆفیشناڵی ئەکات لەوانەی پێش خۆی فراوانی و وردی کارکردنییەتی، کە تەنها کورت نەبووەتەوە لە ئەدەب دا یان تەنها هونەر، بەڵکو بەگشتی کایە کلتورییەکانی وەرگرتووە و بەشێوازێکی قوڵ کاریان لەسەر دەکات، من وەک شانۆ دۆستێک هیوادارم ماڵپەڕەکەتان ببێتە ئەو دەرگایەی کەمن بتوانم لێوەی نەک بەتەنها ئاشنابم بە کارەشانۆیەکان، بەڵکو بتوانم ڕەخنەی کارەکان و کاریگەری کارەکان لەسەرخۆم ببینمەو، من پیرۆزبایی لە خۆم و هەموو کلتوردۆستەکان دەکەم و هیوادارم تەمەنی کارکردنتان درێژبێت . وەک پێشنیار، هیوادارم بتوانن وەک ڕۆژنامەیەکی نوسراو کارەکانتان درێژە پێبدەن، لەبواری شانۆشدا هیوادارم بەشێک بکەنەوە بەناوی "سەرنجی بینەران" یان هەرناوێک خۆتان پێتان باشە تا بینەران بە ئازادی و بەشێوازێکی جوان سەرنج سەبارەت بەکارەکان بنوسن . سۆران عەزیز سەرپەرشتیاری ماڵی وەفایی لە هەولێر: "لهراستيدا من زۆر كهم تهماشای مالپهرێك بهتايهتى دهكهم، بهڵام سولی ئۆن بۆ من سهرنجراكيش بوو، چونه ههركارێكى كلتوری بهخيرای لهوێدا دهست دهكهوێت، ئهمه بۆ من ئهوهى لا ڕوونكردمهوه كه ئهو بەڕێزانهى كاری تيدا دهكەن ههر لهجێدا دلسۆزی ئهم كارهن و خۆشيان لهناو خودى پرۆسهكهدان، ئهلبهت مهبهستم كلتوره، ئهم ماڵپهره وایكرد من زۆرتر، ئاگاداری كار و چالاكييه فهرههنگيهكانى وڵاتهكهم بم، بۆيه من هيچم نييه جگه له يهك كۆل سوپاس." ڕەوەز حەمەساڵح بەڕێوەبەری ناوەندی غەزەلنووس لە سلێمانی: "بە بۆنەی یادی ١ساڵە ئیش کردنی سولی ئون، وێرای پیرۆزبایی و دەستخۆشیم و هیوای زیاتر بەردەوامی. دەبێت ددان بەم ڕاستییە بنێم کە بە درێژایی ساڵی رابردوو یەکێک لەو سایتانەی کە بەردەوام چالاکی و هەواڵی کولتووری گواستوەتەوە بە گرنگی پێدانی زۆریشەوە، کە کەمتر سایت و ماڵپەرێک دەبینین بەم شێوازە و بەم زۆرییە گرنگی دابێت بە ئیش و چالاکی کولتووری، و بە تایبەتتر وەک غەزەلنووس دەستخۆشیتان لێدەکەم، کە بەشێکی زۆر لە چالاکییەکانی ئیمەشتان گواستوتەوە و گرنگیدان پێداوە، بەڵام هەموو ئەمانەی سەرەوە لە چوارچێوەی بەرواردە لە گەڵ ماڵپەر و سایتە کوردییەکان. گەر بێن لە چوارچێوەیەکی جیهانی تر بڕوانین و چاوەڕوانیمان لە پێگە ئەلکترۆنیەکان بەرزتر بکەینەوە و پێوەرەکانمان جیهانی تر بکەینەوە، پێموایە جێگە و فەزایەکی زۆر ماوە بە بۆشی کە ئیشی تێدا بکریت و کاریگەری پۆزەتیڤ دروست بکرێت، گەر مەجال هەبێت لە داهاتوودا دەکرێت خاڵ بە خاڵ و زۆر بەوردی لە سەر ئەمە قسە بکەین، دووبارە سوپاس و دەستخۆشیتان لێدەکەم.