شانۆیی هەشتەم ڕۆژ نماییش دەکرێت

03/09/2015    03:23

شانۆیی هەشتەم ڕۆژ نماییش دەکرێت 


Şano

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا


بڕیارە سبەی ٣ی ٩ی ٢٠١٥ کاتژمێر ٥ی ئێوارە لە هۆڵی بەدیعە دارتاش لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی یەکەمین نماییشی شانۆیی "هەشتەم ڕۆژ" پێشکەش بە بینەرانی شانۆ بکرێت. ئەم نماییشە لە نووسینی نووسەر و شانۆکار شوان کەریمە و بەرزان محەمەد کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجامداوە، هەریەک لە توانا نەوزاد و ساوان خالید وەک ئەکتەر بەشدارن لەم کارەدا. ئەم نماییشە بەرهەمی هاوبەشی "کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی کورد، بەڕێوەبەرایەتی شانۆی سلێمانی و پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی"یە کە بڕیارە تە ٩ی٩ی ٢٠١٥ لە نمایشکردن بەردەوام بێت.


شوان کەریم نووسەری شانۆنامەی ئەم نماییشە ئاماژە بە بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ دەکات لەم دەقەی خۆیدا و لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سولی ئۆن وێب، سەبارەت بە فۆڕمی شانۆنامەکە دەڵێت: "لەم دەقەدا دوو چیرۆکی سەرەکی هەیە کە دەکرێت هەریەکەیان ڕاست بێت. ئایا بەڕاستی ئێمە جەللاد و قوربانی دەبینین؟ یان ژن و مێردێک؟ کە وەک خەتە فیکریەکانی بەرهەمەکە گرنگ نییە، بەڵام وەک چیرۆک لای بینەر گرنگە، بۆیە من دڵنیام بەشێکی زۆری بینەر زیاد لە یەک جار دەچنەوە بۆ نماییش."

وتیشی: "لە ڕێگای چەند گەمەیەکەوە چەند چیرۆکێکی کورت دەگێڕینەوە کە هەر یەکەیان بەدەر لە بوارە فیکریەکەی یان ئەرکە پێداگۆگێکەی بۆشایی نەبوونی ڕووداو پڕ دەکەنەوە، ڕاستیەکەی ئەوە گەمەیەکی خەتەرە کە نووسەرانی شانۆ خۆی لە قەرە دەدەن، نووسینی نماییشێک کە هیچ تیادا ڕوونادات، بەڵام سەرکەوتن لەوەدایە کە بینەر یان خوێنەر هەست بەو بۆشاییە نەکات."


نووسەری دەقەکە ئاماژە بۆ دەرچوون لە لۆکاڵیبوون دەکات لەم دەقەیدا و دەڵێت: "خەونمە ڕۆژێک دەقێکی کوردی ئەوەندە گشتگیر بێت کە لەسەر شانۆیەکی نەتەوەیەکی تر بەزمانێکی تر پێشکەش بکرێت، بۆ ئەوە دەبێت ڕزگارمان بێت لە بە لۆکاڵ کردنی نوسینەکانمان، ئەم دەقەم هەنگاوێکی ترە، هەرچەند دیسان نەمتوانیوە لە سەدا سەد خۆم لەو کێشەیە ڕزگار بکەم، بەڵام هەنگاوێکی جددی زۆر بەسوود بوو بۆ من، لەو ڕێگایەدا."


بەرزان محەمەد دەرهێنەری شانۆیی "هەشتەم ڕۆژ" ئاماژە بە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم دەقە دەکات بۆ نماییش و دەڵێت: "هاوبەشییەکی زۆر هەیە لەنێوان ژیان لەناو دەقی "هەشتەم ڕۆژ" و ژیان لەناو دەرەوەی هۆڵی شانۆ، واتە کۆمەڵگا.

ئەو دەرهێنەرە باسی هەندێک گۆڕانکاری دەکات لە دەقی نووسەردا و دەڵێت: "من هاتووم گەمەیەکم کردووە لە ناو ماڵی نووسەردا، ماڵێکم دروستکردووەتەوە کە لە هەندێك شوێندا سەر بەو ژینگەیە نییە کە نووسەر دروستیکردووە. لە هەڵبژاردنی ئەکتەر بۆ کارکتەر دووبارە تۆزێک نایەکسانم لەگەڵ نووسەردا، دڵنیام ئەگەر کاک شوان لەم دەقەدا ئیش بکات وەک ئەوە نایکات کە من ئێستا ئیشم تێداکردووە."


توانا نەوزاد یەکێک لە ئەکتەرانی ئەم نماییشە، سەبارەت بەو کارەکتەرەی کە ئەو ڕۆڵەکەی بەرجەستە دەکات، دەدوێت و دەڵێت: "کارەکتەری من کارەکتەری پیاوێکە کە تەنها وێنەی خۆی نییە وەکو پیاوێک دەور ببینێ، یان بڵێین پیاوێکی سابت بێت، بەڵکو دەوری پیاوێکە بەوێنەی چەند پیاوێکی تری ناو کۆمەڵگا، بەهەمانشێوە کارەکتەری ژنی بەرامبەریشم هەروایە."

ئەو ئەکتەرە ئاماژە بە هاوکاری موزیک دەکات بۆ دۆزینەوەی ئەو کارەکتەرەی کە ئەو بەرجەستەی دەکات، دەشڵێت: "فۆڕمی کارەکتەرەکە، کارەکتەرێکی پیرە و لەفۆڕمی منەوە دوورە، من ناتوانم بگەمە تەجروبەکانی ئەو کارەکتەرە، بەڵام خۆ دەتوانم وێنای ئەو پێشانبدەم و ئامانجی ئەو بگەێنم."










دیمەنێک لە ڕۆژانی پرۆڤەی شانۆیی "هەشتەم ڕۆژ"

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw