هیشام زەمان لە فێستیڤاڵی دهۆکدا نامەیەک بۆ پاشا دەنێرێت

05/09/2015    10:26

هیشام زەمان لە فێستیڤاڵی دهۆکدا نامەیەک بۆ پاشا دەنێرێت 


Cînema

سولی ئۆن وێب
 
"نامەیەک بۆ پاشا"، فیلمێکە بە زمانی کوردی، یەکێکە لە بەرهەمە هەرە سەرکەوتووەکانی ووڵاتی نەرویج بۆ ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥، کە بەشداری چەندین فێستیڤاڵی گرنگی جیهانی بووە و خاوەنی چەندین خەڵاتی گەورەیە.



زەمانی، خەڵکی کەرکوکی باشووری کوردستانە، دەرچووی قوتابخانەی فیلمی نەرویجی یە و یەکێکە لە دەرهێنەرە هەرە ناسراوەکانی ئەو وڵاتە، چەندین جاریش فیلمەکانی کاندید و براوەی خەڵاتی ئەماندا بوون، جگە لە چەندین خەڵاتی تری جیهانی گەورە کە بەوە شوێن پەنجەی خۆی لە بواری سینەمای کوردی و نەرویجی دا داناوە. فیلمی "باوکـە" لە ساڵی ٢٠٠٥، کورتە فیلمێکی زۆر سەرکەتووی هیشام زەمانە کە پێشوازییەکی گەرمی لێکراو زیاتر لە ٤٠ خەڵاتی جیهانی بردوەتەوە، خاڵی وەرچەرخان و دەستپێکردنی دەستڕەنگینی زەمانە لە بواری سینەمادا. 

لە ساڵی ٢٠١٣، زەمان بە فیلمی درێژی (پێش بەفر بارین)، دووەم فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی دهۆکی کردەوە و سێ لە خەڵاتی ئەو فێستیڤاڵەی بە دەستهێنا. ئەم فیلمە خاوەن زیاترین خەڵاتە لەسەر ئاستی نەرویج بۆ ساڵی ٢٠١٣، لەو خەڵاتانەش خەڵاتی باشترین سینەماتۆگرافی لە فیلم فێستیڤاڵی ترایبێکای ڕۆبێرت دی نیرۆ. هەروەها ئەم دەرهێنەرە تاکە دەرهێنەر بووە تا ئێستا دوو ساڵ لە سەر یەک خەڵاتی (دراگۆن)ی فێستیڤاڵی یوتوبۆری بەدەستبهێنێت،  لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ فیلمی (پێش بەفر بارین) و لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ فیلمی (نامەیەک بۆ پاشا)، کە ئەمەش بووە جێ سەرنجی میدیاکانی جیهان.

لەم ساڵیش دا، فیلمی ناوبراو کە بەرهەمی ووڵاتی نەرویجە، بەشداری پێشبرکێی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی دهۆکە بۆ فیلمی درێژی کوردی و کاندیدی ٦ خەڵاتە.

ئەم فیلمە نەخشەی ژیانی ٥ کەسی ئاوارە دەکێشێت کە لە کەمپێکی نەرویج دا دەژین و لە ڕۆژێکدا مۆڵەتی چوون بۆ ئۆسلۆی پایتەختیان پێدەدرێت. وا دەردەکەوێت لە دواییدا، هەر یەکێکیان هۆکارێک هەیە لە پشت گەڕانی بە ئۆسلۆدا!
ئەم ٥ کەسە هەموویان تووشیان دەبێت بە تووشی قەدەر و چارەنووسی جۆراوجۆری وەك بەختەوەری و شکۆشکان و دۆزینەوەی خۆشەویستی و تۆڵەکردنەوە.



چیرۆکی هەر ٥ کەسەکە بەستراوەتەوە بە نامەی میرزای ٨٣ ساڵ کە هەوڵ دەدات بە دەستی خۆی بیداتە دەست پاشای نەرویج.

هیشام و ئەکتەری فیلمەکەی نەزمی کرک بەشداری سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی دهۆک دەکەن لە ڕێ و ڕەسمی فەرشی سووری تایبەت بە نمایشی فیلمی نامەیەک بۆ پاشا.


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw