سولی ئۆن وێب
فیلمی سینەمایی "چیرۆکی ئەوینداریی" سەبارەت بە ھەڵەبجە و بە ڕۆڵ بینینی "شوان عەتووف" لە سی و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مۆنتریاڵ نمایش دەکرێت.
فیلمی سینەمایی "چیرۆکی ئەوینداریی" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "ئەحمەد ڕەمەزانزادە" و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری لوڕ "مەسعوود جەعفەری جەوزانی" سەبارەت بە کارەساتی دڵتەزێنی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە و بە ڕۆڵ بینینی ئەکتەری کورد "شوان عەتووف" و ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران "بەھرام ڕادان" لە یەکەمین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازدا لە ڕۆژانی ھەینی و شەممە ٤ و ٥ی ئەیلوولی ٢٠١٥ لە بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان" لە میانەی سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مۆنتریاڵ لە وڵاتی کەنەدا دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.
ئەم فیلمە کوردییە لە سەرەتادا کاتژمێر ٨:٣٠ ئێوارە ڕۆژی ھەینی ٤ی ئەیلوولی ٢٠١٥ لە سینەمای "کوارتێری لاتینی ١٥" و پاشان لە کاتژمێر ٩:٣٠ ی شەوی شەممە ٥ی ئەیلوولی ٢٠١٥ لە سینەمای "کوارتێری لاتینی ١٥" لە بەشی فۆکس لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان نمایش دەکرێت.
چیرۆکی ئەوینداریی یەکەمین فیلمێکە کە تا ئەم ڕادەیە ڕاشکاوانە و بە واقیعی سەبارەت بە مەسەلەی عەشق و ھەڵەبجە سازکراوە، ئەم فیلمە کە گێڕانەوەیەکی ئەویندارانەی ھەیە بۆ شێوازیی باسکردنی چیرۆکەکەی زمانێکی نوێی دەستنیشانکراوە، چیرۆکی فۆتۆگرافەرێکی ئێرانی بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە یەکەمین کەسە دوای بۆردوومانی کیمیابارانی ھەڵەبجە دەچێتە ناو ئەم شارەوە و دەست بە وێنەگرتن دەکات، ئەم فۆتۆگرافەرە لەم سەردانەیدا لەگەڵ کچێکی کورد ئاشنا دەبێت و ڕووداوگەلێکی ئەویندارانە لە نێوانیاندا ڕوودەدات.
بیست خولەکی یەکەمی ئەم فیلمە لە شاری ھەڵەبجە تێدەپەڕێت کە لە لایەن دیزاینەری ئەم فیلمەوە بە تەواوی وەکوو سەردەمی خۆی سازکراوە و بە جۆرێکی دیکۆمێنتیانە کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی ئەم شارە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە نیشانی بینەر دەدات.
لەڕاستیدا لە فیلمی سینەمایی "چیرۆکی ئەوینداریی"دا ناوەرۆکی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە دژە مرۆڤایەتییە خراوەتەڕوو کە ھەر ئەم تایبەتمەندییە بۆتە ھۆی ئەوەی کە سەرنجی بەرپرسانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مۆنتریاڵ بۆلای خۆی ڕابکێشێت و ئەم فیلمە لەگەڵ ١٣ فیلمی سینەمایی دیکە لە فیلمسازانی سەرتاسەری دنیا لە کیشوەرەکانی ئاسیا، ئەورووپا، ئەمەریکا، ئەفریقیا و ئۆقیانووسیا بخەنە بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان"ی ئەم فیستیڤاڵەوە.
لە یەکەمین فیلمی بڵندیی سینەماکاری بیجاڕیی "ئەحمەد ڕەمەزانزادە"دا چەندین ئەکتەری ناوداری کورد و ئێرانی ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: "شوان عەتووف" لە ھەرێمی کوردستان، ئەکتەری ناوداری ئێرانی "بەھرام ڕادان"، ئەکتەر، شانۆنامەنووس و دەرھێنەری بەئەزموونی شانۆی کوردستان و ئێران دکتۆر "قەتبەدین سادقی"، ئەکتەری بەئەزموونی کرماشانی "بەھمەن زەڕین پوور"، ئەکتەری لاوی سنەیی خاتوو "شیلان ڕەحمانی"، ئەکتەری کورد "پەیام عەلەوی"، خانمە ئەکتەری منداڵی کوردستان "کیمیا مورادیان" و چەندین ئەکتەری دیکە.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنتڕاڵ" بە نمایشی زیاتر لە ٤٠٠ فیلم لە سینەماکارانی ٨٠ وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێ و دەرەوەی پێشبڕکێ، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی"، بەشی "پێشبڕکێی فیلمە یەکەمەکان"، بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان"، بەشی "بەھرەمەندە نوێیەکان"، بەشی "دیکۆمێنتەکانی جیھان"، بەشی "سینەمای چین"، بەشی "سینەمای کلاسیک"، بەشی "فیلمە خوێندکارییەکان"، بەشی "سینەما لە سێبەریی ئەستێرەکاندا"، بەشی "سینەمای ئێمە" و چەندین بەشی دیکە ڕۆژی ٢٧ ئاب ٢٠١٥ بە فیلمی سینەمایی "محەمەد (ص)" لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری ئێرانی "مەجید مەجیدی" لە شاری مۆنتریاڵ لە وڵاتی کەنەدا دەستی پێکردووە و تاکوو ڕۆژی ٧ ئەیلوول ٢٠١٥ درێژەی دەبێت.