سازدانی: ئاراس عەبدوڵڵا
شەوکەت ئەمین کورکی، لە ئێستادا بە یەکێک لە دەرهێنەرە بەناوبانگەکانی سینەمای کوردی دادەنرێت لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، ئەو خاوەنی چەند فیلمێکی درێژە کە هەریەک لەو فیلمانە بەشدارییان لە فێستیڤاڵە نێونەتەوەییە جیاوازەکان کردووە. لە فیلمەدرێژەکانی ئەو دەرهێنەرە "پەڕینەوە لە غوبار، شوێنێک بۆیاری لەگەڵ بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" ئەمەی سێیەمیان دوایین فیلمی ئەو دەرهێنەرەیە کە تا ئێستا بەشداری لە چەند فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا کردووە و بەم دواییە خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی ئەبوزەبی بەدەستهێناوە، ئەم فیلمەی دەرهێنەر بە شێوەیەکی جیاواز هەوڵی گێڕانەوەی کارەساتی ئەنفال دەدات، لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ شەوکەت ئەمین کورکی هەوڵدەدەین تیشک بخەینە سەر چۆنییەتی کارکردن لەو فیلمەدا.
نووسینی سیناریۆی ئەم فیلمە هی کێیە؟
شەوکەت ئەمین کورکی: ئەم فیلمە لە نووسینی من و مەمەد ئەکتاش-ە کە ئەو بۆخۆی لە بەرلین دادەنیشێت، لەڕاستیدا بیرۆکەکە هی ئەو بوو، من ئەوکاتە چیرۆکێکی ترم هەبوو ساڵی ٢٠٠٩، لەدوای فیلمی "شوێنێک بۆ یاری"، چیرۆکەکە زۆربەی لە ئەڵمانیا ڕوویدەدا، من بۆ تەحقیقی ئەو چیرۆکە چووبووم، مەمەد پێشنیاری ئەو فیلمەی کرد، گوتی چۆنە فیلمێک لەسەر سینەمای کوردی دروست بکەیت؟ ئیتر ئەوە بوو کە دەستمان کرد بە نووسینی ئەم سیناریۆیە.
بەکورتی هێڵی سەرەکی سیناریۆی فیلمەکە چییە؟
شەوکەت ئەمین کورکی: وەکو گوتم فیلمەکە لەسەر سینەمای کوردییە، دەتوانم بڵێم پشت کامێرای دروستکردنی فیلمێکی کوردییە، فیلمێک کە سەبارەت بە فیلم دروستکردن. زۆرتریش دەتوانم بڵێم بەشێکی تەجروبەی خۆمە لە فیلمەکانی پێشووم، بەشێکیشی فکر دەکەم ئەزموونی زۆر لە فیلمسازانی کورد بێت. ئەم فیلمە دەربارەی کاستێکی فیلم دروستکردنە کە کار لەسەر دروستکردنی فیلمێک دەکەن لەسەر ئەنفال و توشی زۆر گیر و گرفت دەبن.
لە فیلمەکانی دیکەتدا بەتایبەتی لە فیلمی "پەڕینەوە لە غوبار"دا هەوڵتداوە لە ستایلی ئیشکردنت لە فیلمەکەدا، لە ستایلی کلاسیک کەڵک وەربگریت لەڕووی داڕشتنی کارەکتەری سەرەکی و دژە کارەکتەر و چیرۆکی فیلمەکەوە، لەم فیلمەشدا دیسان بەهەمان شێوە کارتان کردووە یاخود بەجۆرێکی دیکە کارتان کردووە؟
شەوکەت ئەمین کورکی: پێم وایە لەم فیلمەدا تۆزێک جیاوازە، ڕاست دەکەیت لە "پەڕینەوە لە غوبار"دا چیرۆکێکی نیمچە کلاسیک بوو، ٣ کارەکتەر بوو، بەشێوازێکی کلاسیک باس دەکرا، دواتر لە "شوێنێک بۆ یاری"دا تۆزێک گۆڕدرا، کارەکتەرەکان زیادتر بوون شوێن بوو بە بەشێک لە کارەکتەرەکان، چیرۆکەکە باسی یەک کارەکتەر نەبوو لە "شوێنێک بۆ یاری"دا باسی شوێنێک بوو کە کۆمەڵێک ئینسان لەوێدا لەگەڵ موشکیلە و مەئساتەکانی دوای شەڕ دەژین، لەم فیلمەیشدا دەتوانم تاڕاددەیەم بڵێم درێژەدانی فیلمی "شوێنیک بۆ یاری"یە بە جۆرێکی دیکە، لێرەیشدا ئێمە چەند کارەکتەرمان هەیە، هەرچەندە لەوانەیە کارەکتەرێکی سەرەکی وەکو "حوسەین" هەبێت و بڵێین کارەکتەری سەرەکییە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی فوکسمان لەسەر کۆمەڵێک کارەکتەر و کۆمەڵێک ڕووداو بووە.
دەتوانین بڵێین لە ستایلێکی دیاریکراودا ئیشتان کردووە؟
شەوکەت ئەمین کورکی: باوەڕبکەن من کە لە فیلمێکدا ئیش دەکەم بەو جۆرە بیر ناکەمەوە بە ستایلێکەوە خۆم ببەستمەوە، ئازادانە بیر دەکەمەوە دوایی کە فیلمەکە دەبینرێ و هەندێک کەس فیلمەکە تەحلیل دەکەن یان رەخنەی لەسەر دەنووسن، ئەوجا من زیادتر ڕەنگە بۆم دەربکەوێت کە چ ستایلێکە، خۆم لەکاتی نووسینن زۆر ئازادم، هەندێک جار دەبینی چەند ستایلێک پێکەوە خۆی نیشان دەدات، بۆ نمونە فیلمەکانم کە لە دەرەوە باس دەکرێت یان لە ماڵپەڕەکان کە فیلمەکانم پۆلێن دەکەن بۆ ژانرەکان، زۆر جار شتی زۆر دەبینم، بۆیە من خۆم ناخەمە ناو یەک قاڵبەوە، بۆیە کە ڕیزبەندی بۆ فیلمەکانم دەکرێت جاری واهەیە لە چەند شوێنێکی جیاوازدا چەند ژانرێک بۆ فیلمەکە دانراوە، فیلمی یەکەمیش "پەڕینەوە لە غوبار" بەهەمان شێوە.
ئەکتەرەکانی ئەم فیلمەت، هەموویان ئەکتەری ئەکادیمین یاخود ئەکتەری"نا ئەکادیمی"یشت بەکار هێناوە؟
شەوکەت ئەمین کورکی: من تەقریبەن لە هەموو فیلمەکانمدا، کۆمەڵێک لە هەرسێ جۆرەکەی ئەکتەر دروستدەکەم "ئەکتەری پرۆفیشناڵ" و "ئەکتەری نیو پرۆفیشناڵ" ئەم جۆرەیان ئەوانەن کە تەجروبەیەکی کەمیان هەیە، یان کاریان لە شانۆدا کردووە و بۆجاری یەکەمە دەچنە پێش کامێرای فیلمێکی درێژ، یان تەجروبەی کورتە فیلمێکیان هەیە. هەروەها ئەکتەرێک کە لەڕاستیدا وەکو پیشە ئەکتەر نییە بەڵکو کەسی ئاسایییە. لەم فیلمەیشدا مەسەلەی کاستینی ئەکتەرەکانم لە هەرسێ جۆرەکە پێکهاتووە.
سەبارەت بە کاستی تەکنیکی، ئایا کەسانی کوردن یاخود بیانی؟
شەوکەت ئەمین کورکی: کورد و خەڵکی غەیری کورد پێکەوەن، ئەم فیلمە هەم ئەکتەرەکانی هەم پشتی کامێرای فیلمەکە "تەکنیککاران"ی لە هەر چوارپارچەی کوردستان و خەڵکی دەرەوەیش پێکهاتووە بۆ نمونە خەڵکی ئەڵمانیا بەشێکی زۆریان چونکە پۆست پرۆدێکشنی کارەکەیش لەوێ بوو، هەروەها بەشێکیشیان خەڵکی ئێران "تاران" بوون کە فارس بوون. دەتوانم بڵێم یەکێک لە شتە زۆر زەحمەتەکانی ئەم فیلمە ئەوەبوو کە کاستێکی زۆر گەورەی هەبوو.
کەواتە دەتوانین بڵێم ئەم فیلمە گەورەترین کاری تۆیە لە فیلمی درێژدا؟
شەوکەت ئەمین کورکی: بەدڵنیاییەوە.
لایانی بەرهەمهێنی ئەم فیلمە کێیە؟
شەوکەت ئەمین کورکی: ئەم فیلمە بەرهەمی کوردستان و ئەڵمانیایە بە دەرەجەی یەک، بەهاوبەشی لەگەڵ سویسرا، قەتەر هەروەها فاندی سکریپت کە لە ئاسیا پاسیفیک و پوسان لە کوریای جنوبی، لەگەڵ گوتنبورگی سوید، واتە لایەنی بەرهەمهێنان لە زۆر وڵاتان پێکهاتووە. بەڵام بەگشتی کوردستان و ئەڵمانیایە، هەروەها سیناریۆی ئەم فیلمە لەکاتی سکریپدا و پێش بەرهەمهێنان دوو خەڵاتی برد "پوسان، ئاسیا پاسیفیک" شتێکی دیکە هەیە لەسەر ئەم فیلمە، لە کوردستان بەڕێوەبەرایەتی سینەمای شاری دهۆک و پارێزگاری دهۆک، هەروەها ئەڵمانیایش زۆرترین هاوکاری کراوە.
تا ئێستا ئیشتان بۆ ئەوە کردووە ئەم فیلمە لە کوردستان پیشان بدرێت، بەتایبەتی کە تا ئێستا لە چەند فێستیڤاڵێک پێشان دراوە؟
شەوکەت ئەمین کورکی: ئێمە پلانمان هەبوو لە مانگی ٩ی ئەمساڵ کە بڕیاربوو فێستیڤاڵی دهۆک ئەنجام بدرێت و یەکەمین پێشاندانی فیلمەکە لەو فێستیڤاڵەدا بێت، هەروەها دوابەدوا فێستیڤاڵەکە بڕیاربوو لە سینەمای شارەکانی دهۆک و سلێمانی و هەولێر پێشان بدرێت. ئەمە پلانی ئێمە بوو، بەڵام بەداخەوە بەهۆی شەڕی "داعش"ـەوە فێستیڤاڵەکە نەکراو خرایە ساڵی ئایندە. ئێمەش بەڕاستی تۆزێ بەرنامەمان تێکچوو، بۆیە پەخشی جیهانی فیلمەکە دەستی پێکردووە و دیارنییە کە کەی لە کوردستان پێشانی دەدەین.
ئەم فیلمە تا ئێستا لە چەند فێستیڤاڵدا بەشداری کردووە ؟
شەوکەت ئەمین کورکی: ئەم فیلمە یەکەمجار لە فێستیڤاڵی "کارلۆڤی ڤاری" پێشان درا، ئەم فێستیڤاڵە دەرجەی هەیە لە دنیادا، پاشان لە "پوسان" و دواتریش لە فێستیڤاڵی "ئەبوزەبی" پێشاندرا کە خەڵاتیشی وەرگرت، ئێستایش بۆ چەند فێستیڤاڵێکی دیکەشمان ناردووە و بەشداری دەکات لەو فێستیڤاڵانەشدا.
دەمەوێت ڕات لەسەر ئەوە بزانم کە فیلمەکەت لە فێستیڤاڵەکانی دەرەوە خەڵات بهێنێتەوە گرنگترە بۆ تۆ یان فیلمەکەت لەلای بینەری نەتەوەکەی خۆت بڵاوببێتەوە، وەکو دەرهێنەرێک کامیان بۆتۆ گرنگترە؟
شەوکەت ئەمین کورکی: خۆزگە ئێمە ئەو بینەرەمان هەبا، چونکە من دڵنیام بۆ نمونە کە "پەڕینەوە لە غوبار"م دروست دەکرد بەو ئیحساسەوە کارم دەکرد کە فیلمەکە بۆ کوردە، و هەر کاتێک کە کار دەکەم بینەرێک کە بۆ فیلمەکەم تەسەوری بکەم بینەری کوردە نەک بینەرێکی دیکە، بە دوو سەبەب، یەکەم من خۆم کوردم من لەناو ئەو بینەرەم، چونکە فیلم بۆ دڵی خۆم دروست دەکەم واتە فیلمێک دروستدەکەم کە خۆم بینەری دەبم یەکەم جار، ئەو بینەرەی نزیکی خۆمە کوردە، وابیرناکەمەوە فەڕەنسییەک، ژاپۆنییەک یان ئەفریقییەک فیلمەکەم ببینێت چۆن هەڵی دەسەنگێنێت، بۆم گرنگە کوردێک ئەگەر دایکم باوکم یان جیرانێکم بێت ئەو فیلمە ببینێت چۆن هەڵی دەسنگێنێت، ئەو تەسەورەی هەمبێت لەسەر بینەر پێش هەر کارێک بینەری کوردە. بەتایبەت بینەری ناوخۆ زۆر زۆر گرنگە بۆ من و لە بینەری دەرەوە زۆر گرنگترە، ئەگەر ئێمە بینەرێکی گەورەمان هەبا، ئەگەر کوردستان کیانێکی سیاسی گەورەی بە سینەمایەکی پیشەسازی لێرە هەبا، بەدڵنیایی فیلمەکان دەیانتوانی نەک هەموویان بەشێکی زۆریان دەیانتوانی ئەو تێچووەی لە فیلمەکاندا خەرج دەکرێت دەربهێنێتەوە و بینەر بە شەپۆل بچێت بۆ سینەما، ئێمەش وەکو ناڵێم ئەمریکا یان ئەوروپا وەکو ئێران یان تورکیا بینەرێکی وان هەبێت کە بتوانین فیلم بۆ ناوخۆش دروست بکەین، بەڵام لەبەر نەبوونی ئەو بینەرە حەرەکەتێکی فیلمسازی ڕووەو دەرەوە دەتوانم بڵێم دروست بووە، من بەڕاستی ئەوە دەڵێم، هەرچەندە من دڵنیام فیلمسازانی کورد یەکێک لەوانە خۆیشم، بۆ فێستیڤاڵەکانی دەرەوە فیلم دروست ناکەین من فیلم بۆ هۆڵی فێستیڤاڵێکی سینەمایی دروست ناکەم، من فیلم بۆ ئەوە دروست دەکەم یەکەم جار، میللەتی خۆم پاشان دونیا بیبینێت خەڵکێک لە هەموو شوێنێکی دنیاوە حەزی لێ بکات. ئەگەر فیلمەکە خەڵات وەربگرێت بۆ من خۆشتریش، ئەگەر بچێتە فێستیڤاڵێکەوە بۆمن خۆشتر بەڵام بەداخەوە لەبەر نەبوونی لایەنی یەکەم ئیتر بەس ئەو بەشەی فێستیڤاڵ و دەرەوە ماوەتەوە لە ئێستادا.