سولی ئۆن وێب ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا بە ناونیشانی "کەرنەڤاڵێکی سەما و موزیک" گروپی لەیزین بەرئەنجامی وۆرکشۆپی تایبەت بە سەمای بالێی کلاسیک و سەمای هاوچەرخ کە لەماوەی پێنج هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەچوو، پێشکەش بە بینەران دەکات. ئەم چالاکییە بە بەشداری ژمارەیەک فێرخوازی خولێکی تایبەتی گروپی لەیزین نماییش دەکرێت کە تیایدا چەند پارچە سەمایەکی کلاسیک و هاوچەرخ بە کۆریۆگرافیی مامۆستایانی خولکە پێشکەش دەکرێت، هاوکات چەند پارچە موزیکێکیش پێشکەش بە بینەران دەکرێت. جێی ئاماژە بۆکردنە "کەرنەڤاڵێکی سەما و موزیک" بڕیارە لە ١٢ی ٩ی ٢٠١٥ کاتژمێر ٦ی ئێوارە لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی پێشکەش بکرێت. هاوڕێ کەمال یەکێک لە ڕاهێنەرانی ئەو وۆرکشۆپەی گروپی لەیزین کە هاوکات وەک کۆریۆگرافەریش بەشدارە لەم چالاکییەدا بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "لەم وۆرکشۆپەدا کۆمەڵێک کەس هاتوونەتە لامان کە یەکمجاریانە و سەمایان نەکردووە، بەڵام خولیایانە و دەیانەوێت فێربن، هیچ نەبێت سەما بناسن، هەموو کارەکەی ئێمەش لێرەدا ئەوەیە. من لەگەڵ گروپی سەمای هاوچەرخ لە سەرەتاوە باسی جەستەم کردووە. لەسەرو ئەمانەشەوە ئێمە ڕۆژانە نیوەی کاتەکەمان تەرخان دەکرد بۆ گەرمکردنی جەستە. بەشێوازێکی تایبەت بە سەما." وتیشی: هەوڵمداوە بەپێی توانەی جەستەیی بەشداربووان کارێک دروستبکەین و نماییشی بکەن لە کۆتاییدا، ڕاستە ئێمە پارچەیەک سەمامان هەیە و پێشانی دەدەین کە دەڵێین بەرئەنجامی ئەم وۆرکشۆپەیە، بەڵام لەوەش گرنگتر بۆ من ئەوەیە، ئەوانەی بەشدارن لەم خولەدا، سەما دەناسن." لینا مۆفەق یەکێک لە بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە دەربارەی ئەم خولە دەدوێت و دەڵێت: "من لەم وۆرکشۆپەدا کۆمەڵێک زانیاریم ورگرتووە کە پێشتر نەمبووە دەربارەی سەما، جگە لەوەش لەلایەنی جەستەییەوە ڕاهێنەرەکان زۆر زۆر هاوکارییان کردوین، بەوەی کە چەندین زانیاریی وەهایان پێداوین کە پێشتر نە بیستومە و نە کردوشمە، ئەمەش ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم گروپە تەنیا گروپە کە بەم جۆرە ئیش دەکەن لە کوردستان. ئەوان هەم ئیشیان لەسەر لایانی ڕۆحی ئێمە کردووە کە چۆن تێکەڵ بین لەگەڵ مۆسیقادا و لەگەڵ سەمادا، وابکەین وشەکانمان کە دەمانەوێت بیڵێین، لەڕێگەی سەما و جەستەی خۆمانەوە پێشانی بینەری بدەین." ئەو بەشداربووە ئاماژە بۆ ئەوەیش دەکات گەر لەمەودا خولی تایبەتی دیکە بکرێتەوە بۆ سەما، بەدڵنیایی بەشداری تێدادەکم، لەبەر ئەوەی ئەم وۆرکشۆپە هەنگاوێکی باشبووە بۆ تێگەیشتن لە سەما و تێکەڵبوونی ئێمە بەو هونەرە. ڕووبار ئەحمەد مارسیدس، سەرپەرشتیاری ئەم وۆرکشۆپە باسی ئەو بەرهەمانە دەکات کە پێشکەشی دەکەن و دەڵێت: "لەم خولەدا ٤٥ بۆ ٥٠ بەشداربوومان هەیە، دامان نابوو شەش هەفتە ئەم خولە بەردەوام بێت، بەڵام بەهۆی دەستپیکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنەوە کردمان بە پێنج هەفتە. دوای ئەوەی کە عەشقی بەشداربووانمان بینی لە وۆرکشۆپەکەدا ئێمەش بڕیارماندا بینەر ئیشەکان ببینێت." وتیشی: " لە (کەرنەڤاڵێکی سەما و موزیکدا) پێنج بەرهەم نماییش دەکەین، سێ لەو بەرهەمانە کاری گروپی منداڵانن کە مامۆستا ئەرین ئیبراهیم کۆریۆگرفایی بۆ ئەنجامداوە، گروپی دووممان مینا نیاز کاری کۆریۆگرافیی بۆ ئەنجام داوە کە کاری کلاسیکە، بەرهەمی سێیەمان کۆریۆگرافییەکەی هەر مینا نیاز ئەنجامی داوە و خۆشم کەمێک هاوکاریم کردووە، سۆلۆ سەمایەکە کە لەلایەن ترێ نیازەوە بە پوانتەوە ئەنجام دەدرێت، بەتەنیا خۆی لەسەر پوانتەکان سەما دەکات، سەمای کلاسیک. بەرهەمی چوارەم مامۆستا هاوڕێ کەمال خۆی ئەنجامی دەدات کە کۆریۆگرافییەکەی هەر خۆی ئەنجامی داوە، بەرهەمی پێنجەممان گروپی بەشداربووانی وۆرکشۆپەکەن کە پارچەیەک سەمای هاوچەرخ پێشکەش دەکەن، کاری کۆریۆگرافییەکەی لەلایەن هاوڕێ کەمالەوە ئەنجام دراوە. لەگەڵ ئەم بەرهەمانەدا لەبەینی هەر سەمایەکدا پارچە موزیکێکمان هەیە کە هەر منداڵان پێشکەشی دەکەن لەگەڵ مێردمنداڵان. بەهاوکاری ماڵی موزیک کارە موزیکییەکان پێشکەش دەکرێت."