ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا نزیکەی دوو ساڵە کۆمپۆسەر و موزیسیانی کورد زۆزک قەرەداخی ئەلبومێکی تایبەتی بە چەند تێکستێکی شێرکۆ بێکەس و هەندێک لە ئاوازەکانی حەسەن زیرەک ئامادە کردووە، بەڵام تا ئێستا بەهۆی نەبوونی سپۆنسەر و هاوکارییەوە نەیتوانیوە ئەو ئەولبومە بڵاوبکاتەوە. "بێکەس و زیرەک" ناونیشانی ئەو ئەلبومەیە و کارە هونەرییەکانی لە شاری سلێمانی و شاری تارانی پایتەختی ئێران لەلایەن بەشێک لە هونەرەمندانی کامکاران و چەند موزیسیانێکی دیکەی کوردەوە ئەنجام دراون. دەربارەی ئەم ئەلبومە، موزیسیان زۆزک قەرەداخی بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "(بێكەس و زیرەك) ناوی یەك ئەلبومە و پێكهاتووە لە دوو پارچەی هۆنراوە و موزیك و چوار پارچە موزیكی تێكەڵ لە ئامێری موزیكی كەلەپوری و ئۆركێسترا لەسەر دنیای شاعیریی بێكەس و هەوا و مۆركی ئاوازەكانی زیرەكی نەمر. لە ئەلبومەدا کۆمەڵێک هونەرمەند بەشداریان کردووە، ئەوانیش: هونەرمەندان، ئەرسەلان كامكار، ئەردەشێر كامكار، سیاوەیش كامكار، ئیحسان ئیمامی، فەرهاد حەمە ساڵح، رێبین سلار، راماڵ ئامانج و هونەرمەند حەمید بانەیی بە خوێندنەوەی هۆنراوەكانی شێركۆ بێكەس بەشدارە، هونەرمەندان سیاوەیش كامكار لە شاری تاران و هونەرمەند هەژار عوسمان لە شاری سلیمانی كاری تۆمار و مایسترینگیان بە ئەنجام گەیاندوە." سەبارەت بە هۆکاری بڵاونەبوونەوەی ئەم ئەلبومە تا ئێسا، کە ماوەی دووساڵە کارەکانی تەواکراوە، زۆزک قەرەداخی وتی: "لە ڕاستیدا تا هەنوكە نەبۆتە كلتور كۆمپانیا و سەرمایەدارەكانمان گرنگی بدەنە موزیكی بێ وشە، واتا پارچە موزیك كە یەكێكە لە تایبەتمەندیە گەورە و پر بەهاكانی میللەت و نەتەوە بۆ هەتا هەتایە وەك ناسنامە، زۆرتر لەوەش بیر لە كەم فرۆشیی ئەلبومی موزیك دەكەنەوە كە راستەوخۆ پارە پەیدا ناكات، زۆر بەداخەوە حكومەت و سەرمایەداران دەبێت ئەو راستیە بزانن كە بابەتی لەو جۆرە و زۆرێك لە ئەرك و پێداویستیەكانی ئەدەب و هونەرەجوانەكان بە فرۆش قیاس ناكرێت و هەمیشە دەبێت هاوكاری بكرێت چونكە پایەیەكی گەورەیە لە خزمەتی مێژووی نەتەوە و ولاتێك." سەبارەت بە ئەرکی حکومەت و هاوکاری کردنی وەزارەتی ڕۆشنبیری لە پێشکەشکردن و پاڵپشتیکردنی بەرهەمی کلتوری و بەپێز بە کۆمەڵگا، ئەو هونەرمەندە دەڵێت: "بێگومان تا ئێستا بابەتێكی ئەوتۆم نەبینیوە بە ئەنجامیان گەیاندبێت، ئەگەر باسی بارو دۆخ و قەیرانی سیاسیش بكەین توركیا و ئێران دراوسێمانن و هەمیشە كێشە و گرفتی سیاسیان هەبووە و یەك رۆژ لە خزمەتی هونەرمەند و رۆشنبیری داهێنەری كلتوری هونەر و ئەدەب پرۆژەكانیان فەرامۆش نەكراوە، دەسەڵات و دامودەزگای حكومی یارمەتی دەری ئەم كارانەن بۆئەوەی خەڵكانی ئاسایی كۆمەڵگا فێربن گوێ لە پارچە موزیكێك بگرن گەر سەرەوە خەمی ئەم بابەتەی نەبێت خوارەوە زەمبی چیە تێنەگات و فێر نەبێت؟" هونەرمەندی موزیسیان زۆزک قەرەداخی یەکێکە لە موزیسیانە دیار و ناسراوەکانی هەرێمی کوردستان، جگە لە کاری موزیسیانی تا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لێکۆڵینەوە و کتێبی تایبەتی موزیکی چاپ و بڵاوکردووەتەوە.