باربارا برێشت، دوایین منداڵی بێرتۆلت برێشت کۆچی دوایی کرد

08/09/2015    14:10

باربارا برێشت، دوایین منداڵی بێرتۆلت برێشت کۆچی دوایی کرد 


Şano

سولی ئۆن وێب
لە فارسییەوە : سوبحان یەعقووب


باربرا برێشت خۆی ئەکتەری شانۆ بوو، بۆ چەندین ساڵی دوور و درێژ ئەندامی "بێرلینەر ئانسامبڵ" بوو، شانۆیەکی بەناوبانگ کە بێرتۆلت برێشت لە ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا بنیاتی نابوو، یەکێک بوو لە شانازییەکانی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتی پێشو. بەڵام ناوبانگی باربارا برێشت بە هۆی چاودێری کردنی چاپ و بڵاوبوونەوەی کارەکانی باوکی بوو کە تا ئەمڕۆش یەکێکە لە زەبەلاحەکانی جیهانی شانۆ لە سەدەی بیستەم دا .

باربارا برێشت تەنها میراتگری بێرتۆلت برێشت نەبوو بەڵکو پاسەوانێکی بەوەفای بەرهەمەکانی برێشت بوو. لە ساڵی ١٩٦١ لەگەڵ ئەکهارد شاڵ ژیانی هاوسەری پێک هێناو، ئەکهارد منداڵێکی لادێی بوو کە برێشت هێنایە ناو جیهانی شانۆ و دواتر بوو بە یەکێک لە سەرکەوتوترین ئەکتەرەکانی نواندنی برێشت، و لە ساڵی ٢٠٠٥ کۆچی دوایی کرد.
کۆتا  چالاکی هونەریی باربارا برێشت سەرپەرەشتی کردنی ئۆپرای بەناوبانگی برێشت بە ناوی "گەورەیی و مەزنی شاری ماهاگۆنی" بوو کە لە هۆڵی گەورەی شانۆی شاری رۆستۆک نمایشکرا .

میرات گرێکی جدی

باربارا برێشت لە ناو شانۆ ئەڵمانییەکاندا رێزێکی زۆری هەبوو، بەڵام زۆر خۆشەویست نەبوو، چونکە زۆر جدی بوو، کارەکانی زۆر بە قورسی دەگرت و بچوکترین لادانی لە ڕێکخستنی شانۆییەکانی برێشتی ڕەتدەکردەوە، هەروەها چەندین جار جێبەجێ کردنی کارەکانی باوکی ڤیتۆ کردبوو، کۆتا دانەی کە زۆر هەرای نایەوە شانۆیی "بەعل" بوو کە فرانک کاسترۆف دەرهێنەری بەناوبانگی شانۆ بەتەما بوو نمایشی بکات .
باربارا برێشت شانۆی "مزبۆر" ی ڕەتکردەوە بە بیانووی ئەوەی کە لە دەقی شانۆ نامە ئەسڵییەکە لای داوە، دادگای میونیخ دەنگی بە جێبەجێ نەکردنی شانۆییەکە دا.
کلاوس پەیمان بەڕێوبەری  "بێرلینەر ئانسامبڵ" بە میدیای ئەڵمانی ڕاگەیاندووە کە: " باربارا برێشت پشتیوان و ئەمینی کارەکانی باوکی بوو، بۆ بەرگری کردن لە کارەکانی باوکی وردبین و بوێر و زۆر جددی بوو، هەروەها وەکو ژاندارکێکی ڕاستی بەرگری لە مافەکانی یەکێک لە گرنگترین دراما نوسەکانی سەردەمی مۆدێرن دەکرد.


سێیەمین منداڵی برێشت


لە بێرتۆلت برێشت (1898-1956) سێ منداڵ بەجێمان کە سێیەمینیان باربارا بوو.
باربارا برێشت لە ساڵی 1930  لە بەرلین لە دایک بوو، یەک ساڵ پێش لە لەدایکبوونی بێرتۆلت برێشت بە ڕەسمی ژیانی هاوسەری لەگەڵ هلنە وایگڵ ئەکتەری بەناوبانگی شانۆ پێک هێنا.
پێش لەدایکبوونی باربارا، لە بەرلین  بوونە خاوەنی کوڕێک بە ناوی شتیفان کە لە کۆچ کردنی برێشت لە ئەڵمانیاوە لەگەڵیان بوو، پاش چەندین ساڵ لە ئاوارەیی لە ئەوروپادا سەرەنجام لە ساڵی 1941 کۆچیان کرد بۆ ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا.
پاش گەڕانەوەی برێشت بۆ ئەوروپا لە ساڵی 1948 ستیفان برێشت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مایەوە و دواتر بوو بە نووسەر و شاعیرێکی بەناوبانگ و لە ساڵی 2009 لە نیۆیۆرک کۆچیی دوایی کرد.
بەڵام برێشت یەکەم منداڵی لە ساڵی 1923 لە هاوسەری یەکەمی بوو کە ناوی ماریانا تسوف بوو، ماریانا ئەکتەری شانۆ و گۆرانیبێژی نەمساوی بوو، کچە گەورەکەی بە ناوی هانە هیوب لە لای دایکی لە ڤیەننا گەورە بوو، لە دواییا خەریکی کاری شانۆیی بوو لە ساڵی 2009 لە ڤیەننا کۆچی دوایی کرد.

پاش مەرگی برێشت لە ساڵی 1956 مافی سەرپەرەشتی کردنی چاپ و نمایش کردنی کارەکانی درایە هاوسەرەکەی کە پاش مەرگی برێشت بەڕێوبەری  "بێرلینەر ئانسامبڵ"ی کەوتە ئەستۆ .
پاش مەرگی هلنە وایگڵ سێ منداڵەکەی برێشت بە یەکسانی مافی بەرهەمەکانی باوکیان وەرگرت.
مەرگی باربارا کچە بچوکەکەی برێشت ڕۆژی سێشەممە ڕاگەێندرا، بەڵام بە پێی سەرچاوە نزیکەکان لە ئەوەوە ڕۆژی دوشەممە لە بەرلین کۆچی دوایی کردووە.
لە باربارا دو کچ بە ناوەکانی یوهەننا و جنی بەجێماون کە ئەوانیش خەریکی کاری شانۆیین.



سەرچاوە: bbc.com/persian







هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw