ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
ئێوارەی ئەمڕۆ ٩ی ٩ی ٢٠١٥ لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی دهۆک، سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک لە شاری دهۆک بە ئامادەیی ژمارەیەکی زۆری بینەران، هونەرمەندان و بەشێک لە بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەچوو. لە مەراسیمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکە بەشێک لە بەرپرسانی شاری دهۆک و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتاری خۆیان پێشکەش کرد، هەروەها فیلمی کردنەوەی فێستیڤاڵ "بیرەوەریەکانی سەر بەرد" کە لە دەرهێنانی شەوکەت ئەمین کورکی بوو نمایشکرا.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی پێشکەشکردنی وتارێک لە مەراسیمی کردنەوەی فێستیڤالەکەدا ئاماژەی بە هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ بواری هونەری سینەما لە هەرێمی کوردستان، هاوکات ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هێشتا هاوکارییەکان لە ئاستی تموحی ئەودا نییە. بارزانی سوپاسی خەڵکی شاری دهۆکی کرد لە هەمبەر پێشوازیکردنیان لە ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و وتی ئەم فێستیڤاڵە شانازییە بۆ خەڵکی شاری دهۆک. هەر لەو وتارەدا سەرۆکی حکومەت وتی: "زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین سینەما کاریگەرترین هونەری جیهانە، ئەو کاریگەرییەی کە سینەما دروستی دەکات لە کاریگەریی هەموو هونەرەکانی دیکە زیاترە. ڕۆڵێک کە سینەما دەیبینێت لە ڕۆڵی هەموو هونەرمەندەکانی دیکە مەزنترە. هیچ هونەرێک هێندەی سینەما نەبووەتە دەربڕینی ڕاستەقینەیی ژیان، دەربڕینی خەم و ژانی مرۆڤایەتی. دەربڕینی خەون و خۆزگە و هیوای ئومێدی مرۆڤ."
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد:" سینەما گەلێک ڕووداوو و بەسەرهات و کارەساتی مرۆڤایەتی دەقاودەق وەکو خۆی دیکۆمێنت کردووە، ئەو زوڵموزۆرییەی کە بەرامبەر میللەتان کراوە، تۆماری کردووە. ئەمڕۆ ڕووداوو و بەسەرهاتی گەل و وڵاتی ئێمە، کەرەستەی هەرەباش و بەهاگرانن بۆ هونەری سینەما، ئەگەر وەکو میللەتانی جیهان، شانسی میللەتی کوردیش هەبووایە، سەدان بەسەرهاتی ئێمە دەبووە سەدان فیلمی سینەمایی لەسەرانسەری جیهاندا، هەر لە سەرهەڵدانی شۆڕەشە کۆنەکانی کوردستانەوە تا دەگاتە کارەساتی رەشی ئەنفال، داستان و قەرامانییەتی پێشمەرگە و چیرۆکی بەئێش و ژانی ئەو خوشکە یەزیدیانەی کە فڕێنران، بەسەرهاتی ئالانی جوانەمەرگ. چیرۆکی ئالانی سێ ساڵ وەکو فریشتەیەکی نوستوو لەسەر کەناری دەریایەکی بێ ڕەحم، ئەمانە و بەهەزاران چیرۆکی دیکە، بابەتی سەدان فیلمی سینەمایین."
هەر لە مەراسیمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا و بەر لە پێشاندانی فیلمی "یادەوەرییەکانی سەر بەرد" وەک فیلمی کردنەوەی فێستیڤاڵ کە هاوکات فیلمی هەڵبژێردراوی وڵاتی عێراقە بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی ئۆسکار، شەوکەت ئەمین کورکی دەرهێنەری فیلمەکە بۆ ئامادەبووان وتی: "من گەلێک کەیف خۆشم کە ئەمڕۆ نماییشی فیلمی "یادەوەرییەکانی سەر بەرد" بووە بە نماییشی کردنەوەی فێستیڤاڵەکە، زۆر سوپاسی هەموو ستافی ئەم فیلمە دەکەم، هەروەها من زۆر سوپاسی کاک نێچیرڤان بارزانی دەکەم، هاوکاریی ئەو بۆ ئەم فیلمە زۆر گەورە بوو."
جێێ ئاماژە بۆکردنە بڕیارە سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک تا ١٦ی ٩ی ٢٠١٥ بەردەوام بێت و ڕۆژانە لە "هۆڵی کۆنفرانسی زانکۆی دهۆک و هەرسێ هۆڵی سینەما ماکس لە مازی مۆڵ" نماییشی فیلمەکان پێشکەش بە ئامادەبووان بکرێت.