چیرۆکی بەشێک لە کورتە فیلمەکانی فێستیڤاڵی دهۆک

10/09/2015    15:27

چیرۆکی بەشێک لە کورتە فیلمەکانی فێستیڤاڵی دهۆک 


Cînema

 پشتیوان و ئاراس

کۆمەڵەی یەکەمی کورتە فیلمەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە دووەمین ڕۆژی فێستیڤاڵی دهۆکدا لە هۆڵی سینەماکس ١ نماییشکران. ئەم فیلمانە سەرجەمیان دەرهێنەرەکانیان کوردبوون و هاوکات کێبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین کورتە فیلم لە فێستیڤاڵەکەدا. بەگشتی فوکسی ئەم کۆمەڵە فیلمە لەسەر ئازارەکانی نەتەوەی کوردبوو لە هەر چوار پارچەی کوردستان.جێی ئاماژە بۆکردنە لەگەڵ نماییشکردنی ئەم کۆمەڵە فیلمەدا هاوکات لە هەردوو هۆڵی سینەماکس ٢ و سینەماکس ٣ چەندین فیلمی دیکە نماییش دەکران.

چیرۆکی فیلمەکان:
فیلمی یەک لە هەزار
دەرهێنان: باران محمەمەد ڕەیحانی
کات: ٧ خولەک
فیلمی یەک لە هەزار کە فیلمێکی کورت ئەنیمەیشنە چیرۆکی ئەو فەڕش چنانە دەگێڕێتەوە کە ژیانی خۆیان تەرخان دەکەن بۆ دروستکردنی فەڕش. لەکاتێکدا ئەم کچە لاوانە ژیانی خۆیان بۆ دروستکردنی فەڕش تەرخان دەکەن لەگەڵیدا هەموو خەونێکیشیان تیایدا لەناو دەچێت، لەبەرئەوەی چیتر کاتێکیان نامێنێت بۆ ئەوەی خەونەکانیان بهێننە دی.

ڕیکۆرد
دەرهێنان: هاوڕاز محەمەد
کات: ١٤ خولەک
لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا، زۆرێک لە گەنجانی کوردستان ئەم هەرێمەیان بەرەو وڵاتانی ڕۆژئاوا جێهێشت بەهۆی شەڕی ناوخۆ و هەژاری و هەلومەرجی خراپەوە. چیرۆکەکانی ئەم فیلمە لە ژیانی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە، پیاوێکی پیر و ژنێکی پیر لە ڕێگای کامێرایەکەوە باسی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بۆ کوڕەکەیان دەکەن و تۆماری دەکەن. کوڕە گەنجەکە لە ئەوروپا تەنها ئەم کاسێتەی هەیە لە دایک و باوکییەوە تاوەکو ئازارەکانی پێ دابمرکێنێتەوە.

دواهەمین موزیک نابیسترێت
دەرهێنان: هادی ئەحمەدی
کات: ٤ خولەک
ئەم فیلمە لەڕێگەی مۆنتاژکردنی وێنەیەکەوە کە پیاوێک دانیشتووە و کۆمەڵێک پیاوی دیکە لە پشتییەوە هەڵدەپەڕن، دوو چیرۆکمان بۆ دەگێرێتەوە؛ چیرۆکێکیان لەڕێگای دانانی دەنگی ژنێکەوە؛ کە چیرۆکێک دەگێرێتەوە لە کاتی زەماوەندەکەیدا گوندەکەیان بۆمبباران دەکرێت و سیان لە براکانی شەهید دەکرێت، لەڕێگەی ئەم چیرۆکەوە وا پێشان دەدرێت کە وێنەکە هی زەماوەندی ئەو ژنەیە و پیاوەکان هەڵدەپەڕن. چیرۆکی دووەمیش لەڕێگەی دانانی دەنگی گۆرانییەکی شاد وا پێشاندەدرێت کە هەڵپەڕکێی ئەو کۆمەڵەپیاوەیە کە لە وێنەکەدا دەرکەوتوون.

ئەستێرەکانی زیلان
دەرهێنان: میدیا ئیشکتاش
کات: ١٣ خولەک
زیلان لەگەڵ داپیرەی لەلادێیەکدا دەژی و وا پێشاندەدرێت کە باوک و دایکی لەلایەن سوپای تورکیاوە کوژراوە، ڕۆژانە زیلان و داپیرەی سەردانی گۆڕی دایک و باوکی زیلان دەکەن، لە یەکێک لەو ڕۆژانەدا کە سەردانی گۆڕستان دەکەن، داپیرەی زیلان نەزری کردووە و لەڕێگا لەو نەزرەی بەشی ئەفسەرێکی سوپای تورکیا دەدات، دواتر دەچن بۆ سەر گۆڕی دایک و باوکی زیلان و لەوێ، زیلان وێنەیەکی دایک و باوکی پێیە و وێنەکە دەدڕێنێت و باوک و دایکی لە یەکدی جیادەکاتەوە لە وێنەکەدا  هەر لایەکی وێنەکە دەخاتە سەر کێلی گۆڕەکەی دایک و باوکی. لە دیمەنی کۆتاییدا چەند ئەفسەرێکی سوپای تورکیا دەدەن بەسەر ماڵی زیلاندا تاوەکو لادێکە چۆڵ بکەن بەڵام ئەمان نایانەوێت لادێکە چۆڵ بکەن چونکە دەیانەوێت لە نزیک گۆڕستانەکە بژین. یەکێک لەو ئەفسەرانەش بریتییە لەو کەسانەی کە لە نەزری باوک و دایکی زیلانی خواردووە و زیلان مەنجەڵەکە ڕووبەڕووی ئەفسەرەکە دەکاتەوە کە پێشتر لەو مەنجەڵەدا نەزرەکەی تێدا درابوو بە ئەفسەرەکە.

LAT
دەرهێنان: مستەفا ئولوچ
کات: ٢٠ خولەک
چیرۆکی ئەم فیلمە باس لە ژیانی کۆمەڵێک خەڵکی ناوچەی کەی ئوستو دەکات کە ناوچەیەکی چیانشینە لە باتمان. خەڵکی ئەم ناوچەیە لەڕێی ئەم فیلمەوە ژیانی سەختی خۆیان دەگێڕنەوە کە تیایدا هیچ ژیانێکی ئەم سەردەمەی تیادا نییە و حکومەت بە تەواوەتی فەرامۆشی کردوون.




هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw