سازدانی: ئاراس عەبدوڵڵا
شەوکەت ئەمین کورکی لە ئێستادا بە یەکێک لە باشترین فیلمسازەکانی کوردستان دادەنرێت و بە فیلمەکانی توانیویەتی ژمارەیەک خەڵاتی بەرچاو و بەناوبانگ لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان بەدەست بهێنێت، ئەم دەرهێنەرە خاوەنی سێ فیلمی درێژە کە بریتین لە "پەڕینەوە لە غوبار، شوێنێک بۆ یاری و بیرەوەرییەکانی سەر بەرد". لە ئێستادا دوایین فیلمی ئەم سینەماکارە "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆکدا کێبڕکێی بردنەوەی باشترین فیلم دەکات لە بەشی کوردیی فێستیڤاڵەکەدا. لەم گفتوگۆیەی سولی ئۆن وێبدا تیشکدەخەینە سەر کۆمەڵێک بابەتی هەمەلایەن لە سینەمادا و پەیوەست بە سینەمای کوردییەوە لەگەڵ هونەرمەند شەوکەت ئەمین کورکی.
ئاراس عەبدوڵڵا: سەرەتا لەپرسیارێکی گشتییەوە دەستپێبکەین، لەلای تۆ چ شتێک زۆر گرنگە و خاڵی یەکەمە بۆ دەستپێکردن بە دروستکردنی فیلمێکی سینەمایی؟
شەوکەت ئەمین کورکی: ئەوە لەوانەیە پرسیارێکی زۆر ئاسان نەبێت، ئەگەر مەبەست لەوەیە کە ئەهمییەتی چ بەشێک بۆ دەستپێکردنی فیلمێکی سینەمایی گرنگە، بەتەسەوری من سیناریۆ گرنگترین شتێکە کە تۆ لەوێوە حەرەکە دەکەیت بۆ دروستکردنی فیلمێک، سیناریۆ وەکو ئەوەیە تۆ بە نەخشەیەکی موهەندیسییەوە دەچیت بۆ دروستکردنی بینایەک، تا ئەو نەخشەیە دەقیقتر بێت حەتمەن هەڵەی تۆ لەکاتی ئیشکردندا کەمتر دەبێت، لە سینەمایش وایە سیناریۆ بە گرنگترین بەش دادەنرێت بۆ دروستکردنی فیلمێک.
ئاراس عەبدوڵڵا: ئەی لایەنی تەکنیکی چ ڕۆڵێک دەگێڕێت لە دروستکردنی فیلمێکی باشدا؟
شەوکەت ئەمین کورکی: دیسان ئەم پرسیارە زۆر گشتییە، ئەگەر سیناریۆ بە ڕۆحی مەعنەوی فیلمێک دابنێین، تەکنیکیش ئەو کەرەستەیەیە کە یارمەتی ئەو ڕۆحە مەعنەوییە دەدات کە دەربکەوێت، ئەگەر مەبەست لە تەکنیک مەسەلەی ئامێر و جیهاز بێت ئەوە کە بەشێکی زۆر فیزیکییە، لەلای من ئەوەندە گرنگی نییە لە کاری سینەمادا، بەڵام ئەگەر مەبەست لە تەکنیک شێوازی ڕیوایەتکردن و شێوازی گوتن بە تەسویر هەروەها شێوازی بەرجەستەکردنی ئەو ڕۆحیەتەیە لەسەر سکرین، ئەوە دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵیم تەکنیک بەشێکی زۆر گرینگە وەکو سیناریۆ.
ئاراس عەبدوڵڵا: سەرمایە چ ڕۆڵیک دەگێڕێت لە دروستکردنی فیلمی سینەماییدا، ئەکرێت بەبێ بوونی سەرمایەیەکی باش فیلمێکی باش بەرهەم بهێنیت؟
شەوکەت ئەمین کورکی: بەداخەوە نا، من ناڵیم هەر ناکرێت بەبێ سەرمایەیەکی باش، یان بە سەرمایەیەکی کەم فیلمی باش بەرهەمبهێنریت، فیلمیش دروستکراوە بە سەرمایەیەکی کەم زۆریش باشە. بەڵام لێرە دەبێت تەعریف بکرێت کە ئەڵێن مەبەست لە سەرمایەی کەم چییە؟ زۆرجار کە باس لە سەرمایە دەکرێت بەراوردکاری هەڵە دەکرێت، جاری واهەیە بەراوردکاری لەگەڵ هۆلیود دەکرێت، کە ئەمە هەڵەیە، جارێ سینەما وەکو شێوەکاری نییە یان وەکو شیعر گوتن نییە کە تەنها بە کەرەستەیەکی کەم بەرهەمبهێنرێت. بۆ سینەما پێویستت بە کاستینێکی گەورە هەیە. من لە زۆرشوێن گوتومە فیلمسازی لە هەموو دونیا کارێکی زەحمەتە، ئەوە نەبێ کە بەتەنیا بۆ ئێمەی کورد کارێکی زەحمەت بێت بەڵام بۆ ئێمەی کورد ئەو زەحمەتە دووجارە چونکە ئێمە ئەرزییەی سینەمامان نییە، سەرمایەگوزاری و بینەری سینەمایشمان نییە، کە باسی پارە دەکرێت باسی شتێکی بچوک دەکرێت. بۆیە سەرمایەیەک کە فیلمی کوردی ئیشی پێدەکات سەرمایەیەکی بچوکە.
ئاراس عەبدوڵڵا: لەم قۆناغەدا کە ئێمە سەرمایەیەکی بچوکمان هەیە بۆ سینەما، لە پاڵیشیدا بینەری سینەمامان زۆر کەمە، بە بڕوای تۆ پێویست نییە سینەماکارانی کورد بیرێک لە دروستکردنی سینەمایەکی بازرگانی بکەنەوە، سینەمایەک کە خەڵک بهێنێتە ناو هۆڵەکانەوە؟
شەوکەت ئەمین کورکی: بەبڕوای من ئەوە زۆر گرنگە، کە دەڵێم بینەر نییە مەبەستم تا پێش ئێستا بووە، لە ئێستادا جوڵانەوەیەک دروست بووە، هۆڵی سینەما دروستکراوە، موشکیلە لەوەدا نییە کە ئێستا جوڵانەوەیەکی سینەمایی نییە یان بینەر نییە یان هۆڵی سینەمایی نییە، کێشەکە ئەوەیە کە تا ئێستا سیستەمێکی فیعلی بۆکاری سینەما لە کوردستان بوونی نییە، سیستمێک کە هەموو شتێک بگرێتەوە، چونکە سینەما وەکو پەیکەرەیەکە کە تۆ بەگشتی دەبێت هەموو پەیکەرەکە ببینین، ناکرێت بەتەنیا بەس بیر لە دەستی بکەیەوە یان بیر لە قاچی بکەیەوە دەبێت ئەو پەیکەرە بە کاملی دروستبکرێت. جاری واهەیە ڕووبەڕووی پرسیار دەبینەوە و دەڵین موشکیلەتان هۆڵی سینەمایی بوو ئێستا خۆ هۆڵ هەیە، نا هۆڵ یەکێک لە موشکیلەکانە، ئینجا ئەو هۆڵانەی کە دروستکراون ئایا بوونەتە جێگایەک بۆ بڵاوکردنەوە و پێشاندانی فیلمی کوردی؟ ئەمانە بە سیستمێکی کلتوریی سینەمایی دەکرێت وەکو وڵاتانی دیکە کە سینەما تەوزیف بکات، حەتا بیر لەوە بکاتەوە چۆن هۆڵەکان بە سیستمێک فیلمە کوردییەکانیش پێشان بدات. مەبەستم لە سیستمێکی یاساییە بۆئەوەی عەرزییەی سینەما دروستبکات، ئەگەر نا فیلم دروستکردن کارێکی هونەریی شەخسییە. یارمەتی هەبووە، هاوکاری فیلمسازانی کورد کراوە، وەزارەتی ڕۆشنبیری ساڵانە چەند فیلمێک بەرهەم دەهێنێت، بەڵام هەموو ئەم هەوڵانە هەوڵی چۆن بڵێم..
ئاراس عەبدوڵڵا: دەتوانین بڵێین هەوڵێک بووە و لە بازنەیەکی بچوکدا و هەوڵەکە فراوانتر نەبووە؟ بۆ نمونە بچێتە ناو کۆمەڵگای کوردییە، هەوڵی بەکلتور کردنی سەیرکردنی فیلم نەچووەتە ناو سیستمەکانی خوێندنەوە، خوێندکارێک زانکۆ تەواو دەکات، تەماشادەکەیت ئارەزووی بینینی فیلمێکی نییە کە دوو کاتژمێرە.
شەوکەت ئەمین کورکی: ڕێک وایە، ئەوە بەشێکە لە موشکیلەکە، بۆ پێش ڕاپەڕین بینەری سینەما ئەوەندە زۆر بوو؟ بۆ نمونە لە هەولێر چوار، پێنج سینەما هەبوو، لە سلێمانیش بەهەمان شێوە، لە دهۆک یەکێک بوو، خەڵک بە شەپۆل بۆ بینینی فیلم دەچوون لەکاتێکدا فیلمی زۆر خراپیش پێشاندەدرا، ئێستا فیلمەکان باشترن، فیلمی کوردی هەیە، ئەودەم فیلمی کوردی نەبوو، بۆ ئێمە نەمانتوەنیوە ئەو بینەرە دروستبکەین، ئەو خەڵکە دروستبکەین کە حەزیان لە دیتنی فیلم لە هۆڵی سینەما بێت نەک لە ماڵی خۆی بە دی ڤی دی، ئەوەش با هەبێت لەپاڵ سینەمادا. بەشێکی ئەمە بۆ پلانی حکومەت دەگەڕێتەوە، وەکو تۆ گوتت، دەتوانێت لەزۆر مەجالدا ئەم بابەتە وەکو پرۆسەیەکی کلتوری سەیر بکات. هەتا ئێستا سینەما وەکو پرۆسەیەکی کلتوری سەیرناکرێت، شانۆش هەروەها، بەشەکانی دیکەی هونەریش بەداخەوە وەکو بەشێک لە سیاسەتی کلتوریی هەرێمی کوردستان سەیرناکرێت، زیاتر وەکو شتێکی پەراوێز کە دەبێت جار و بارە یارمەتی بدرێت سەیردەکرێت، زۆر بەداخەوە ئەوە دەڵیم چونکە من نزیکم، کارم کردووە لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری، را ئێستا پلانێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ فیلمسازی نییە، حەتا چەند ساڵ پێش هەوڵماندا بۆئەوەی هەندێک گفتوگۆ هەبێت بۆ دروستکردنی شتێکی لەمجۆرە، بەداخەوە زۆر رەغبەتمان نەدیت بۆ ئەم شتە، بەڵام پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیری وەکو وەزارەتی مەعنی بەکاری سینەما و هونەر، زەمینە خۆشبکات بۆ ئەوەی عەرزییەیەک دروستکردنی ئەو بەیسی سینەمایە، ئەو یاسا و سیستەمی سینەمایە بۆ بەشەکانی دیکەی هونەریش، ئامادەبکات بەڕاستی.
ئاراس عەبدوڵڵا: ئەچینە سەر بابەتێکی دیکە، ڕایەک هەیە دەڵێت تا ئێستا دەرهێنەری کورد، فیلمسازی کورد، نەیتوانیوە بابەتە نەتەوایەتییەکانی خۆی بکاتە فیلمێک کە لەسەر ئاستی دونیا ببینرێت، کورد کارەساتی گەورە گەورەی هەیە، بۆ نمونە هەڵەبجە هەتا ئێستا نەکراوەتە فیلمێک کە بە ئاستێکی جیهانی بڵاوبکرێتەوە، لەبەرانبەردا ئەگەر سەیری سینەمای دونیا بکەین لە کارەساتێکی وەکو هۆڵۆکۆستدا چەندین فیلمی گەورە و بەناوبانگ لەسەر ئەو کارەساتە دروتکراوە، پرسیارەکە ئەوەیە بەڕای تۆ بۆچی میللەتێکی وەکو ئێمە کە خاوەنی دەیان تراژیدیای گەورە گەورەیە لە مێژووی خۆیدا، نەیتوانیوە تەنها فیلمێکیش لەسەر ئەو کارەساتانە دروستبکات کە بەهەموو جیهاندا بڵاوببێتەوە و بناسرێت؟
شەوکەت ئەمین کورکی: من جارێ دەمەوێ لەسەر ئەو بیروڕایە بدوێم، ئەو بیروڕایە هەڵەیە.
ئاراس عەبدوڵڵا: بۆ هەڵەیە؟
شەوکەت ئەمین کورکی: هەڵەکە لەوەدایە کە خەریکە سینەمای کوردی لەگەڵ سینەمای هۆلیود قیاس دەکرێت بەداخەوە، بەبێ ئەوەی کە ئەسڵەن ئێمە بزانین ئایا قیاسکردنی سینەمای کوردی بە سینەمای هۆلیود دروستە؟ جارێ ئەوە پرسیارە بەڕاستی، ئێمە سینەماکەمان سینەمایەکی تازەیە، بەڕاستی تازەیە، چونکە سینەمای کوردی تا پێش ١٠-١٥ ساڵ لەمەوبەر بەم شێوازە نەبووە، چەند هەوڵێک لە مێژوودا هەبووە، من دەتوانم لێرە ناوی یەلماز گونەی ببەم کە چەند هەوڵیدا بۆئەوەی باسی تراژیدیا کورد بکات، و لەهەموو فیلمسازی کوردی بێشک سەرکەوتووتر بووە بۆ گەیاندنی ئەو مەسجە، هەرچەندە ئەو بە فیلمسازێکی تورک ناسراوە، یان فیلمەکانی دروستە لەناو کورد زۆر بڵاوبووەتەوە و خەڵاتی گەورەیشی وەرگرتووە بەڵام دیسان فیلمەکانی وەکو ئەوانەی هۆلیود بڵاونەبووەتەوە. مەسەلەن فیلمی یۆڵ Yol هەرگیز وەکو فیلمێکی ستیڤن سپلیسبێرگ بڵاونەبووەتەوە لەدونیادا چونکە فیلمەکە هونەری بووە، بەڵام خەڵاتی زۆر وەرگرتووە، جگە لەو هەوڵانەی یەلماز گونەی یان چەند کەسانێک کە تا پێش ١٠ -١٥ ساڵێک، حەرەکەتی جددی سینەما لەو ١٠-١٥ ساڵەی دوایی کە ئارامییەکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دروستبووە و ئۆتۆنۆمی بەخۆوەبینیوە، لێرە ئیتر باسی سینەمای کوردی دروستبووە هەروەها ئەو پالپشتییەی کە لێرە هەبووە، هەرچەندە ئێمە دەڵێین کەم بووە، بەڵام دیسان ئەوەش ئەو بوارەی بووژاندووەتەوە، بەڵام هەتا ئێستا ئەو سینەمایەی ئێمە سینەمایەکی فەقیرە، شکت نەبێت. لەبەر چی؟ یەک، لەڕووی سەرمایەوە ئەگەر باسی بکەین هەموو فیلمەکانی کورد بەدڵنیاییەوە دەتوانم بیڵێم لەو ماوەی ٢٠ ساڵەی دروستبووە بەقەت چارەکی، نا زۆر کەمتر، لەوانەیە بەقەت سەرمایەی یەک فیلمی هۆلیودی نەبووە، حەتا تەحقیقیش بکەن، ئەوە تەخمینە بەڕاستی من ڕەقەمەکانم لا نییە، بەهۆی ئەو فیلمانەی کە خۆم و هاوڕێکانم دروستی دەکەین دەزانم ئەو حساباتە چۆنە. کەواتە لەڕووی سەرمایەوە ئەوە لەلایەک. لەڕووی پیشەسازی سینەمای کوردی، پێشەسازی سینەمای ئێمە، پیشەسازی سینەمای هۆلیود نییە، پیشەسازی ئێمە لە حەددی وڵاتانی دراوسێدایە، لەوانەیە ئێستا فیلمی ئێمە لە وڵاتانی عەرەبی لە بەشێکیان ناڵێم هەرهەموویان، باشتر بێت بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە ئاستی ئێران، تورکیا. مەسەلەی فیلمسازیی هۆلیود مەعمەلێکی زۆر گەورەی فیلسازییە، لەوێ کە فیلمێک دروستدەکرێت بیر لە چەند سەد ملیۆن بینەر لەکۆی دنیادا دەکاتەوە، بەهوو شێوازێک. بەشێک لە ئەو فیلمسازییە کە لەسەر هۆلۆکۆست کراوە، من دڵنیام مەبەستت ئەوەی هۆلیودە، نەک فیلمێک کە لە ئیسڕائیل دروستکرابێت، چونکە ئەو فیلمەی کە لە ئیسرائیل دروستکراوە ئەوانیش یەکتۆز لە ئێمە باشترن، بۆنمونە لە حەدی فیلمەکانی ئێران، زۆرترینیشان فرۆشی جیهانیی نەکراوە، بەڵام ئەوانەی لە هۆلیود کراون باشترینین بۆنمونە ئەوەی ستیڤن سپیلبێرگ کە لەسەر هۆلۆکۆست شیندلەرس لیستی دروستکردووە، ئەوە بەشەکێکە لەو مەعمەلە گەورەیەی هۆلیود بەڵام تەئسیری ئیسڕائیل چی تێدا بووە؟ تەئسیرێکی مەعنەوی تێدابووە، چونکە زۆر فیلمسازی ئیسرائیلی هەبووە کە چووەتە ناو هلیود، ئێستا لەوانەیە سپیلبێرگ بەڕەگەز جولەکەبێت، یان نۆرمان جەیسن بەڕەگەز جولەکە بێت و هتد. بەشێکیس سەپۆرتی مەعنەوی پشتی ئەوەیە کە حەزدەکەن ئەو شتە هەبێت، دەمەوێت ئەوە بڵێم، ئەو فیلمسازییەی کە مومکینە لە دواڕۆژ ١٠ساڵی ئاییندە ٢٠ ساڵی ئاییندە، نازانم، ٢ ساڵی ئاییندە، لە هۆلیود فیلمێک دروستبکرێت لەسەر یەکیک لە کارەساتەکانی کورد، مەسەلەن ئەنفال یان داعش، ئەو حەجمە جیهانییە وەربگرێت، ئەوە ناچێتە قاڵبی سینەمای کوردی هەر وەک ئەو فیلمانەی کە لەسەر هۆڵۆکۆست کراون ناچێتە قاڵبی فیلمی ئیسرائیلی، فیلمی ئیسرائیلی ئەو فیلمەیە کە ناو ئیسرائیل و بە ناسنامەی ئیسرائیلییەوە دروست دەکرێت هەڵبەت ئەوەش بڵێم کە سینەمای ئیسرائیل سینەمایەکی زۆر زۆر باشە لەبەر ئەوەی لە ئیسرائیل بە ئیمکاناتێکی زیاتر و بە نەفەسێکی نەتەوەیی باشتر و بە دەعمی جولەکە لە هەموو جێیەکی دونیاوە کارەکانی دەکات. ئێمە لەوانەیە تەقریبەن دەتوانم بڵێم هەموو فیلمسازانی کورد، ئەوانەی کە ئیشی جددی دەکەن، تەقریبەن زۆربەیان باس لە کارەساتەکانی کورد دەکەن بەڵام نەک بەو شێوە و حەجمەی کە لە هۆلیود دەکرێت، بۆنمونە من لە هەر ٣ فیلمی خۆم باس لە مەئاساتی کوردی دەکەم، نەچومە چیرۆکی ئەوینی کچ و کوڕێکی قوتابی لە زانکۆی سەڵاحەدین باس بکەم، ڕەنگە لەداهاتوو ئەوە بکەم، لە "پەڕینەوە لە غوبار"دا چوومە چیرۆکی سەددامم باسکردووە، "شوێنێک بۆیاری" دیسانەوە باسی ستادیۆمێکە کە ئاوارەی و بەدبەختی تێدایە، فیلمە نوێکەشم فوکسم لەسەر ئەنفالە، بۆ فیلمسازەکانی دیکەش زۆرتر چیرۆکی خۆیان داوەتە ئەو بوارە، بەڵام ئەوەی لە پرسیارەکەی تۆدا هەبوو و زۆرجاریش بەخۆمان دەگوترێت لەسەر شەقامیش، بۆنمونە دەڵێن فیلمێک دروست بکەین لەسەر هەڵەبجە وەکو شیندلەر لیست و وەکو فیلمە گەورەکان، بەو حەجمە بەڕاست من دڵنیانیمە لە کوردستان کەی دەتوانرێت فیلمێکی بەجۆرە دروستبکرێت.
ئاراس عەبدوڵڵا: کەواتە ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئیمکانییەتەوە هەیە؟
شەوکەت ئەمین کورکی: بەشێکی زۆری ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئیمکانیاتەوە هەیە، نازانم! لەوانەیە بەشێکیشی پەیوەندی بە ئیمانیاتی ترەوە هەبێت، بەڵام تەبعەن ئیمکانیاتی ماددی بەدەرەجەی یەکەمە بۆ دروستکردنی فیلمێکی حەجمی گەورە، دەمەوێت ئەوە بڵێم بەنیسبەت منەوە، چونکە خۆم لە مەئاسات و کارەساتدا ژیاوم، خۆم ٢ساڵ بووم کە ئاوارەی ئێران بووم، لە ئێرانیش دیسان شەڕم بەچاوی خۆم بینیوە، یەعنی من هەر لەو تەجروبەیە ژیاوم، لە ساڵی ١٩٩٩ کە هاتمەوە کوردستان دیسان شەڕی ئەمەریکا و عیراقی بەسەردا هات، ڕەنگە ئەگەر من لە وڵاتێکبام شەڕم نەدیتبا تەبعەن رەنگە فیلمەکانم چیرۆکی خۆشەویستی و کۆمیدی و شتی خۆش دەبوو.
ئاراس عەبدوڵڵا: لێرەدا پرسیارێکی دیکە دێتە پێشەوە، هەڵبەت ڕێک دژی دووپرسیارەکەی دیکەمە کە کردم، بەبڕوای تۆ هۆکاری ئەوەی کە فیلمسازی کورد فیلمەکانی سەرنجی زۆرترین بینەری کوردی ڕاناکێشێت ئەوە نییە کە فیلمی کوردی زۆربەی فوکسی وەک خۆت ئاماژەت پێدا لەسەر کارەساتەکانە و و مێژوویەکی تاڕاددەیەک دوور لە ئەمڕۆ پێشان دەدەن؟ بۆنمونە من کە فیلمێکی کیشلۆفسکی یان بابڵێین دەرهێنەرێکی دیکەی جیهان دەبینم، تەماشادەکەم ئازارەکانی خۆمی تێدا دەبینم، فیلمێکە لەگەڵ ئەمڕۆی مندا دەدوێت، بەڵام ڕەنگە ئەمە بۆ فیلمی کوردی وانەبێت.
شەوکەت ئەمین کورکی: باوەڕناکەم پەیوەندی بەمە هەبێت، ئێمە پیشەسازیی سینەمامان نەبووە، یەعنی چی پێشەسازیی سینەما؟ نمونەیەکی نزیکت پێدەڵێم، تاران یان ئیستەنبوڵ، لەوێ فیلمێکی تورکی یان فارسی دروستدەکرێت ئەو فیلمە لەشارێکی وەکو تاران، لە ٢٠ سینەما پێشاندەدرێت، خەڵکیش بەشەپۆل بۆ بینینی دەچن، خەڵک ئەوجار بڕیار دەدەن بۆ کام فیلم بچن، کامەی حەزلێیە و کامەی ناوێ، ئێمە ئەو ئیمکاناتەمان نەبووە بۆیە ناتوانین بڵێین ئایا خەڵک حەز لە فیلمەکانی ئێمە دەکات یان ناکات. من بەدڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم ئەگەر سینەما لەلای ئێمە بەو شێوازە هەیەبا بۆنمونە پەڕینەوە لە غوبار لە ٢٠-٣٠ هۆڵی سینەمایی بۆ بینەرێکی گەورە نماییش کرابا، ئەودەم ئەگەر فیلمەکە بینەری نەبا، دەمگوت، ئا ئەو فیلمە بینەری نییە. دەبێ سینەمایەک هەبێت و خەڵک بۆ بینینی فیلم رووی تێبکەن ئەوجا دەتوانین بڕیار بدەین کام نەوعە سینەمایە لێرە فەشەل دەهێنێت و بینەری نابێت، ئەو پیشەسازی سینەماییە گەر هەبێت، بەدڵنیایی ئیتر فیلمەکان هەمووی ڕەش نابیت، فیلمی کۆمیدی دروست دەکرێت لەوانەیە فیلمی ڕۆمانسی دروستبکرێت.
ئاراس عەبدوڵڵا: ئەم ژانرە جیاوازانە ئەگەر هەبێت، بینەری هەمەچەشنیش زیاد دەبێت بۆ سینەما، ئەوکاتە ڕەنگە وابێت سینەما خۆی بژێنێت.
شەوکەت ئەمین کورکی: یەک موشکیلە هەیە لێرەدا، تۆ راستدەکەیت، سینەمای کوردی تۆزێ تایپی گرتووە، هەوڵیداوە لەسەر کارەساتەکانی کورد، تراژیدیاکانی کورد دیکۆمێنت بکات. بەڕای من بۆ ئەو قۆناغە زۆر پێویست بوو.
ئاراس عەبدوڵڵا: بۆ لەمەودا پێویست نییە ژانرە جیاوازەکانی سینەما لەلای فیلمسازی کورد تاقیبکرێتەوە؟
شەوکەت ئەمین کورکی: بەڵێ، بەڵام ئاوا بەو شێوازەی ئێستا ناکرێت، تا ئەو عەرزییەی سینەمایە و بینەری سینەمایی دروستنەکرێت، تۆ دێیت فیلمێک دەکەیت ڕۆمانسییە لەکوێ نیشانی دەدەیت، هەتا ئێستا ئەو موشکیلەیە هەیە، لەو ژمارە کەمە هۆڵەش کە ئێستا لە شارەکان هەیە بۆ فیلمی هۆلیودیش من چووم بینەر نییە، دوو کەس لە هۆڵەکەدا بوون، ئەوە بەشێک لە کێشەکەیە، کلتوری سینەمایی لێرە دروست نەبووە، چەند هۆڵێکی سینەمایی دروستکراون بەبێ دروستکردنی کلتوری فیلم بینین.
ئاراس عەبدوڵڵا: کەواتە پێتوایە، بەر لە دروستکردنی هۆڵ، شاشەیەک بۆ پێشاندانی فیلم و ئامێرێک بۆ نماییش کردن، پێویستە مەکینەیەکی کلتوری دروستبکرێت؟
شەوکەت ئەمین: عەینەن وایە، پێویستە باش بیر لەوە بکرێتەوە چۆن بینەری سینەما دروستبکەین، بەدڵنیاییەوە دەیڵێم کە فیلمی کوردی لە کوردستان لە فیلمی بیانی زیاتر پێشوازی لێدەکرێت، تاقیشکراوەتەوە، بۆنمونە فیلمی "شیرین" لە سلێمانی پێشاندرا، فکرناکەم هیچ فیلمێکی هۆلیودی لە کوردستان ئەوەندە داهاتەی هەبووبێت. بۆ؟ چونکە ئەو فیلمە ڕۆمانسی بوو، ڕێکلامێکی باشی بۆکرا، لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت بۆ هەموو فیلمێک ئەوە بکەیت، فیلم دەبێت سیستمێکی هەبێت و بچێتە ناو خانەی ئەو سیستەمەوە، لەحاڵێکدا من پێتدەڵێم لە هەموو شارەگەورە و شارۆچکەکان دەبێت هۆڵی سینەمای باش هەبێت، سیستمی بەڕێوەبردنی ئەم هۆڵانە سیستمێکی تەندروستبێت، چۆن فیلمەکان دەربچێت و چۆن بینەر ڕابکێشێت، فەرهەنگی دروسکردنی بینەر لە وەزارەتی ڕۆشنبیری هەبێت و تیایدا هاتبێت بینەرێک لە رەواندز، کۆیە و چەمچەماڵ دروستبکرێت، بۆ ئەمە دەبێت چی بکرێت؟ دەبێت بیر لەو ئەندێشەیە بکرێتەوە. ئەوجا من دڵنیام هەموو ژانرەکانی فیلم پێشوازی لێدەکریت، هەم ئەو ژانرەی کە تراژیدیای کورد پێشان دەدات هەم ژانرەکانی دیکەی فیلم.
ئاراس عەبدوڵڵا: دەمەوێت قسە لەسەر بابەتێکی دیکە بکەین، ئەویش پەیوەندی ئەدەب و سینەمایە، لە وڵاتێکدا کە هەوڵی ئەوە لە ئارادایە سینەمایەکی باشی هەبێت، تاچەند گرنگە سینەماکرەکانی ئەم وڵاتە پەیوەندی لەگەڵ ئەدەبی وڵاتەکەی خۆیدا هەبێت و سوود لە ئەدەبی وڵاتەکەی خۆی وەربگرێت بۆ دروستکردنی فیلم، ئەمە چۆن دەبینیت؟
شەوکەت ئەمین کورکی: بەبڕوای من، دەتوانم بڵێم، پەیوەندی سینەما و ئەدەب وەکو پەیوەندی سینەما و شێوەکارییە، وەکو پەیوەندی سینەما و شانۆیە، وەکو پەیوەندی سینەما و هونەرەکانی دیکەیە، هەموو ئەو هونەرانە تەقریبەن لە سینەمادا کۆدەکرێنەوە، سینەما بۆیە هونەری حەفتەمە لە شەش هونەری پێش خۆی پێکهاتووە. ئەدەبیات ئەگەر مەبەست بەشی فیکشن بێت بەتایبەت بەشی چیرۆکی ئەدەبیات بێت، گرنگییەکەی بەتایبەتی لەناو سیناریۆدا دەردەکەوێت، سینەما کە دروستکرا، یەکەمینجار لە دیکۆمێنتەوە دەستی پێکرد، کە برایانی لۆمێر وێنەیاندەگرت لە شەمەندەفەر و چی و چییەوە دەستیان پیکرد، پاشان چووە ناو هۆڵەکانی شانۆوە، بووە گێڕانەوەی شانۆکانی سەر تەختەی شانۆ و نەقڵی بۆسەر شاشەی سینەما، دواتر لەوە ڕزگاری بوو هاتە دەرەوە ئەوجا چیرۆکی هەڵبژارد، چیرۆک و شانۆگەری بوونە هەوێنی سیناریۆ، دوای ماوەیەکی دیکە لەوەش دەرچوو لە ساڵەکانی پەنجادا سینەمایەک هاتەدەرەوە کە ئیتر سینەمای موئەلیف بوو، کە دەرهێنەر بۆخۆی نووسەری کارەکەیە، نووسەر بە ئەندێشەش نووسەرە، ئەگەر چیرۆکێکیش هەڵبژێرێت ئەوەندە کاریگەری لێدەکات کە دەبێتە چیرۆکی خۆی، ئەگەر شانۆگەرییەکیش بهێنێت وای لێدەکات کە ببێت بە چیرۆکی خۆی، مەبەستم لەو شەرحی مێژووە بۆئەوەیە کە بڵێم ئەدەبیش یەکێک لەو کەرەستە گرنگانە بووە کە هەمیشە لە سینەما تەئکیدی لێکراوە. هەمیشە وەرگرتنی چیرۆکی ئەدەبی، بەتایبەت ئەگەر چیرۆکەکە زۆر ناسراو بێت بۆ سینەما، هەمیشە ئەو فیلمە سقوتی کردووە، بۆ نمونە هیچ کاتێک هیچ فیلمێکی سینەمایی بەقەت ڕۆمانێکی گەورە ناوبانگی دەرنەکردووە و هەمیشە لە سێبەری ڕۆمانەکەدا وەستاوە، بۆنمونە ڕۆمانی "شەڕ و ئاشتی" تا ئێستا چەند ڤێرژنێک فیلم لەو ڕۆمانە دروستکراوە بەڵام هەموویان لە سێبەری ڕۆمانەکەدا وەستاون و هیچیان بەقەد ڕۆمانەکەی تۆلستۆی گرنگ نەبووە، بۆ نووسەرەکانی دیکەش بەهەمان شێوە، بۆیە وەختێک ئەدەب بەوجۆرە مامەڵەی لەگەڵ سینەمادا کردووە، هەمیشە سینەمای لەژێر کاریگەری خۆی داناوە. بابەتی دروستی سینەما و ئەدەب، پەیوەندییەکە کە تێیدا سینەما نەبێتە قوربانی.
ئاراس عەبدوڵڵا: تۆ دەتەوێ بڵێیت ئەدەب لە شوێنی خۆی بێت و کاریگەری لەسەر سیناریست هەبێت، سیناریستیش بێت شتی خۆی بڵێت؟
شەوکەت ئەمین کورکی: نا، من دەزانم پەیوەندییەک هەیە، من ناتوانم ئینکاری ئەو پەیوەندییە بکەم، چونکە هەتا ئێستاش بەشێکی زۆر لە فیلمسازانی دونیا، گەورە و بچوک. مەبەستم لە فیلمسازی باش و خراپە، لە ئەدەبیات وەردەگرن، لە ڕۆمان یان تێکستێکی شانۆگەرییەک، دەچن هاملێت دەکەنە فیلم، مەبەستم ئەوە نییە کە خراپە ڕوبدات، مەبەستم ئەوەیە، ئەگەر ڕۆمانەکە زۆر ناسراوبێت یان شانۆگەرییەکە، حەتمەن فیلمەکە دەبێتە قوربانی، مومکین نییە تۆ فیلمێک لەسەر هاملیت دروستبکەیت بەقەت هاملێتی شەکسپیر ناوبانگ دەربکات، یان خەڵکێک بڵێن ئاهـ، ئەوە هاملێتە، خەڵک دەڵێن نابابە شەکسپیر شتێکی ترە. مەبەستم ئەوەیە بڵێم پەوەندییەکی تەندروستی نێوان ئەدەب و سینەما ئەوەیە کە سینەما نەبێتە قوربانی، ئەگەر من دەچم چیرۆکێک هەلدەگرم، چیرۆکێک هەڵبرم کە بتوانم خۆمی تێدا ببینم کە بتوانم بە فکرە و روئیای خۆم فیلمەکە دروستبکەم، چونکە ئەگەر تەنها نەقڵی ئەدەب بۆ سینەما بکەم، هیچم نەکردووە کە ئەسڵەن نەقڵیشی زەحمەتە، چونکە ئەدەبیات و سینەما دووشتی تا ڕاددەیەکی زۆر لێ کجیاوازن. لە ئەدەبدا یاری لەگەڵ هزر دەکرێت بە وشە، بەڵام لە سینەما ڕیالیستە ناتوانیت ئەو تەرجومەیە بکەیت هەرچییەکت هەبێت دەبێت پێشانیبدەیت. کەواتە دەبێت چی بکەیت، فیلمێک دروستبکەیت لەژێر سێبەری ئەو ڕۆمانە یان دەقە ئەدەبییە بێت.