بیرەوەرییەکانی سەر بەرد

10/09/2015    18:32

بیرەوەرییەکانی سەر بەرد 


Cînema

جای وێسبێرگ
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

دەرهێنەر و پڕۆدوسەرێک لە کوردستانی عێراق دەجەنگن تاوەکو فیلمێکی درێژ دەربارەی ڕەشەکوژی ئەنفال دروست بکەن لەژێر ناونیشانی "بیرەوەریەکانی سەر بەرد"، چیرۆکێکی تاریک کە لە ڕابردوویەکدا ڕوودەدات و ناتوانیت لێی دەربازبیت، چیرۆکەکە بەشێوازێکی گاڵتەئامێزی ئەبسۆردیی دەگێڕدرێتەوە. وا دەبینرێت پڕبێت لەو چیرۆکانەی کە بەسەر شەوکەت ئەمین خۆیدا ڕوویانداوە. چیرۆکی فیلمەکە تەریبە لەگەڵ کۆی کارەکانی تری دەرهێنەر، شەوکەت ئەمین کورکی (شوێنێک بۆ یاری، پەڕینەوە لە غوبار). ئەم فیلمە خەڵاتەکانی (ئەبوزەبی و یونیسکۆ)ی بەدەستهێناوە و لە چەندین فێستیڤاڵی تریشدا بەشداریکردووە.

دەستپێکی ئەم فیلمە هاوشێوەی "سینەما پارادیسۆ"ی دەرهێنەری ئیتاڵی، جۆزێف تۆرناتۆرییە، کە حوسەینی لاو پیشان دەدات سەردانی باوکی لە سینەمایەکدا دەکات کە خەریکی کارکردنە و نمایشی فیلمی "ڕێگا"ی یەڵماز گونەی دەکات لە سینەماکەدا. کۆمەڵێک سەرباز هەڵدەکوتنە سەر هۆڵی سینەماکە و پێیان دەڵێن ئەم فیلمەکە قەدەغەیە و نابێت نمایش بکرێت، هەروەها هێرش دەکەنە سەر باوکی حوسەین و توندوتیژی بەرامبەر دەنوێنن، ئەم توندوتیژییە لەگەڵ توندوتیژی ناو فیلمەکە و لولەی تفەنگی سەربازانی ناو فیلمی ڕێگا و سەربازانی ناو فیلمەکەی شەوکەت تێکەڵ بە یەکتردەبن.

چیرۆکی فیلم تێدەپەڕێت و حوسەین وەک دەرهێنەر لەگەڵ هاوڕێی مناڵیی خۆی ئالانی پڕۆدوسەر ئامادەکاری دەکەن بۆ دروستکردنی فیلمێک کە باس لە جینۆسایدی کوردەکان دەکات لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سەدام حوسەیندا. ئەوان دەیانەوێت لە شوێنێکدا کە پێشتر سەربازەکانی سەدام حوسەین خەڵکیان تیادا ئازاردەدا، لەو جێگەیەدا فیلمەکە دروست بکەن. لە فیلمەکەدا ڕۆڵی سەرەکی پیاو، ڕۆژ ئازاد دەیگێڕێت، کە ئەمیش ئەستێرەیەکی گۆرانیبێژە و دەیانەوێت لەڕێگەیەوە پارەیەکی باشتر بۆ فیلمەکە پەیدا بکەن. تاکە سەرئێشەی گەورە کە دەمێنێتەوە بۆ کاستەکە بریتییە لە دەستخستنی ئەکتەرێکی سەرەکی ژن تاوەکو لە فیلمەکەدا ڕۆڵ بگێڕێت. 

پاشتر بەڕێکەوت سنور، کە مامۆستای مناڵانی کەمئەندامە و دەخوازێت لە فیلمدا نواندن بکات بەتایبەتیش لەم فیلمەدا، لە ڕێگەی تەلەفزیۆنەوە گوێی لێ دەبێت کە کاستی ئەم فیلمە پێویستییان بە ئەکتەرێکی ژن هەیە. سنور دەچێتە ئەو جێگایەی کاستی فیلمەکەی لێیە و وێنەی سەدام لەو جێگەیەدا ئەزموونێکی ناخۆش بیر سنور دەهێنێتەوە، بەڵام ئەو دەیەوێت ئەو ڕۆڵە وەربگرێت و بیگێڕێت. حوسەینیش لە هەمان کاتدا دەیەوێت سنور ئەو ڕۆڵە وەربگرێت. کاتێک حەمیدی مامی سنور ئەو هەواڵە دەبیستێت کە برازاکەی دەیەوێت لە فیلمدا بەشداربێت و نواندن بکات ڕازی نابێت و دەڵێت ئەوە شتێکی نەخوازراوە کە سنور لەکاتێکداهاوسەرگیری نەکردووە لەسەر شاشە دەربکەوێت. تەنها یەک شت هەیە کە دەبێت بکرێت: هیوای کوڕی حەمید سنوری خۆشدەوێت، بۆیە سنور دەبێت بڕیاربدات لەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ بکات پاشان ڕێی پێ دەدرێت لە فیلمەکەدا بەشداربێت، لەکاتێکدا سنور هیوای خۆشناوێت.

لێرەوە هەموو کارەکتەرەکان سترێسیان دەکەوێتە سەر، حوسەین و ئالان کێشەی دارایی و سیاسییان هەیە و کێشەی تایبەتی ژیانی ئەکتەرەکانیش دێتە ناو چیرۆکی فیلمەکەوە. حوسەین هاوسەرەکەی و مناڵەکەی لە دەرەوەی وڵاتن و هەردووکیان چاوەڕێی گەڕانەوەی حوسەین دەکەن تاوەکو بگەڕێتەوە بۆ لایان. سنوریش قوربانییەکی زۆر دەدات تاوەکو لە فیلمەکەدا بەشداربێت. هیوا پیاوێکە مێشکێکی داخراوی هەیە و لە کرداری ژیانی ڕۆژانەیدا دەکەوێتە ژێر کاریگەری بڕیارەکانی باوکییەوە. فیلمەکە دەچێتە قۆناغی وێنەگرتن و شەوکەت کورکی زۆر بە جوانی کاری لەسەر ئەوە کردووە کە فیلمێک لەناو فیلمدا دروست بکات. 

تێکەڵکردنی ئەم دوو چیرۆکە زۆر جوان کاری لەسەر کراوە بەتایبەتی لەو دیمەنەی حەمیدی مامی سنور دەچێت برازاکەی بباتەوە ماڵ و جارێکی تر نەچێتەوە بۆ بەشداری کردنی لە فیلمەکەدا. حەمید بەسەر ئەکتەرێک کە ڕۆڵی سەربازێکی عێراقی دەگێڕێت هاوار دەکات و پێی دەڵێت (بەعسی) لە کاتێکدا ئەو تەنها ڕۆڵی سەربازێکی عێراقی دەگێڕێت. تێکەڵبوونی واقیع و چیرۆکی فیلمەکە و کاریگەری سینەما لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دەبینین. 

دواتر لەژێر کاریگەری باوکدا، هیوا لەکاتی وێنەگرتنی فیلمەکەدا فیشەکێک دەنێت بە حوسەینی دەرهێنەرەوە و ئەو قاچەکانی چیتر ناتوانن بجوڵێن. دواتر حوسەین پارە لە باوکی هیوا وەردەگرێت و بە هاوکاری یەکێک لە هاوکارەکانی فیلمەکە تەواو دەکات ئەمەش لە پێناو ئەوەدا دەکات بۆ ئەوەی فیلمەکە نەکەوێتە دەستی ڕۆژ ئازاد کە دەخوازێت پارە بدات و فیلمەکە تەواو بکات، بەڵام حوسەین ڕێگە بەوە نادات و دەڵێت (من ڕێگە نادەم کەس فیلمەکەم خراپ بکات). 

فیلمەکە تەواو دەبێت و هەمووان ئامادەی نمایشی فیلمەکە دەبن بەڵام لەپاش کەمێک کارەبا دەبڕێت. زۆرینەی بەشداربووان هەڵدەستن و شوێنی نمایشەکە جێدەهێڵن. پاش ماوەیەک، نمایشی فیلمەکە دەست پێدەکاتەوە و پاش کەمێک باران دەبارێت و تەنها چەند کەسێکی کەم تا کۆتایی نمایشی فیلمەکە لەسەر کورسی بینەران دەمێننەوە.   
 

سەرچاوە: ڤارایتی

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw