فیلمسازێکی کورد باس لە سەرکەوتوویی فێستیڤاڵەکە دەکات

11/09/2015    20:14

فیلمسازێکی کورد باس لە سەرکەوتوویی فێستیڤاڵەکە دەکات 


Cînema

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا

سینەماکاری لاو هاوڕاز محەمەد بە کورتە فیلمی "ڕیکۆرد" بەشداری لە خولی سێیەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دهۆکدا کردووە و فیلمەکەی کێبڕکێ دەکات بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین کورتە فیلم. فیلمەکەی ئەم دەرهێنەرە پێشتر لە چەند فێستیڤاڵاکی دەرەوەی کوردستاندا بەشداری کردووە و خەڵاتیشی بەدەستهێناوە. هاوڕاز محەمەد هەروەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات لە سەرجەم خولەکانی فێستیڤاڵی دهۆکدا ئامادەیی هەبووە، لەم گفتوگۆ کورتەدا هەوڵەدەین گفتوگۆ دەربارەی چەند لایەنێکی فێستیڤاڵەکە بکەین.

سولی ئۆن وێب: تۆ وەکو سینەماکارێک کە لە سەرجەم خولەکانی پێشتری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆکدا ئامادەییت هەبووە، پێتوایە فێستیڤاڵەکە هەنگاوی باشتر لە خولەکانی پێشتری ناوە؟
هاوڕاز محەمەد: ئەم فێستیڤاڵە ڕاستە ئەمساڵ دەوترێت سێیەم خولییەتی، بەڵام لەڕاستیدا ئەمساڵ چوارەم خولی فێستیڤاڵەکەیە، لەبەر ئەوەی یەک خولی ساڵی یەکەم وەک ژمارە حساب نەکرا، فێستیڤاڵەکە ناوی "دهۆک – بەرلین" بوو، وەکو ئەزمون کردیان، بۆ ئەوەبوو کە ئایا دەتوانن تێستی خۆیان بکەن و فێستیڤاڵ بەو شێوە لۆکاڵییەی کە پێشتر لە کوردستان کراوە نەبێت و ئایا دەتوانن ناوی ئینتەرناشناڵی لێبنێنن و بەو شێوە جوانە فێستیڤاڵەکە بەڕێوە ببەن، تێستیان کرد، توانیان. لەدوای ئەوەوە سێ ساڵە فێستیڤاڵ سازدەکرێت، هەرچەندە پار بەهۆی شەڕی داعشەوە ئەنجام نەدرا. من لە هەموو خولەکانی فێستیڤاڵەکەدا ئامادەییم هەبووە، تەنانەت لە خولی سفری ئەم فێستیڤاڵەشدا ئامادەییم هەبووە، کۆمەڵێک ستانداردی جیهانی هەن بۆئەوەی فێستیڤاڵ دروستبکرێت حەسەب تەجروبەی خۆم لەوەی کە فیلمم ناردووەتە دەرەوە و فێستیڤاڵی دەرەوەشم بینیوە، ئەوەی لە فێستیڤاڵی دهۆک ڕوودەدات لەسەر ستانداردێکی جیهانییە، یەکێکە لە باشترین فێستیڤاڵەکان لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا، کە بە باشترین ستاندارد دەڕوات بەڕێوە.

سولی ئۆن وێب: کەواتە تۆ پێتوایە کە ساڵ بەساڵ فێستیڤاڵەکە هەنگاوی گەورەتر دەنێت و ئەگەر بەم کوالێتییە بەردەوام بێت دەتوانێت لەسەر ئاستی نێودەولەتی زیاتر بەرەوپێش بچێت؟
هاوڕاز محەمەد: بەڵێ، هەر بۆ پشتگریکردنی ئەو قسەیە ساڵانە کۆمەڵێک دەرهێنەری جیهانی ئامادەی فێستیڤاڵەکە دەبن، بیرمان نەچێت خولی پێشتر بێلاتار ئامادەبووە، ئەسغەری فەرهادی لە فێستیڤاڵەکە ئامادە بووە. ئەو هاوڕێیانەی کە ئەم فێستیڤاڵە ڕێکدەخەن بۆخۆیان خەڵکێکی بە ئاگان لە هونەری سینەما و توانیویانە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ فێستیڤاڵەکانی دیکەدا دروستبکەن، خۆزگە دەخوازم لە شارەکانی تریش ئەمە دووبارە ببێتەوە.

سولی ئۆن وێب: تاچەند ئەم فێستیڤاڵە دەتوانێن ئازاری نەتەوەی کورد بگەیەنێت، بۆ نمونە بە ئەو دەرهێنەرە بەناوبانگانەی کە دێنە فێستیڤاڵەکە.
هاوڕاز محەمەد: دەزانیت چۆنە، ڕەنگە فۆتۆیەکیش ئەم کارە بکات. هەموو کارێک لەبارەی مەسەلەی تراژیدیای کوردەوە بێت گرنگە، بەڵام فێستیڤاڵ دووجار گرنگە، یەکەمیان تۆ وێنەی ڕوخسارێکی شارستانی پێشانی دەرەوە دەدەیت، کە فێستیڤاڵێکی سینەمایی لەسەر ئاستێکی نێودەوڵەتی ڕێکدەخەیت، دووەم لەناو فێستیڤالەکەشدا گوزارشت لەخۆت دەکەیت، دەڵێیت من ئەم کائینەم، ئاوام بەسەرهاتووە، ئێستا بەمجۆرە دەژیم. چیرۆکی فیلمەکان چیرۆکی جیاواز جیاوازن کە ئەمە گرنگە.

سولی ئۆن وێب: ڕات چییە لەسەر مەسەلەی هەنگاونانی فیلمسازی کورد ڕووەو فێستیڤاڵەکانی دەرەوە؟ بۆ نمونە زۆرێک لە فیلمەکان ئێمە لەم فێستیڤاڵەدا نەبووایە ڕەنگە زۆر درەنگتر بمانبینیایە، لەکاتێکدا لە فێستیڤاڵەکانی دەرەوە چەندین جار نماییش کراوە.
هاوڕاز محەمەد: هەڵە تێگەیشتنێک هەیە لەنێوان دەرهێنەرەکان و بینەرەکاندا، ئەم پرۆسەیە بەچەند هەنگاوێکدا دەڕوات، تۆ پەیامێکت هەیە دەتەوێت بیگەێنیت، بەڵام ئامڕازی گەیاندنەکە نوقسانە، لێرە دەرهێنەرەکان فیلم دروستدەکەن، بینەرەکانیش ئامادەی بینینیان هەیە، بەڵام شوێنی نماییش نییە، موناسەبەکان کەمن، دەرهێنەر تا فیلمێک دروستدەکات ڕۆحی دەبێت بە ئاو، دوایی لەکوێدا نماییشی بکات، لەکام هۆڵەدا، تۆ دەزانیت ئێمە تا ئێستاش موشکیلەی هۆڵمان هەیە، تەنانەت ئەو هاوڕێیانەی کە شانۆکارن هۆڵێکیان دەستناکەوێت بۆئەوەی شانۆکەی تێدا نماییش بکەن، چ بگات بە فیلم کە هۆڵی تایبەتی سینەما جیاوازە، ئەوەی کە هەیە، بەتایبەتی ئەگەر باسی شاری سلێمانی بکەین، یەک هۆڵ هەیە و کە هی سینەمایە و ستانداردی باشی هەیە، ئەویش هی کەرتی تایبەتە و بۆخۆی لەگەڵ بۆکس ئۆفیسدا ڕێککەوتووە. کەواتە مەسەلەکە ئەوە نییە دەرهێنەرەکان نایانەوێت لێرە فیلمەکانی خۆیان نماییش بکەن، بەپێچەوانەوە، هەر بۆخۆم هەوڵمداوە لە زۆرترین شوێندا فیلمی "ڕیکۆرد" نماییش بکەم، بۆچی ئەمە ئەکەم، بەئەوەی زۆترین خەڵک بیبینێت، چی لەوە خۆشترە کە تۆ کارکێت کردووە و پێشانی خەڵکی بدەیت. بەڵام کە لە شارەکەی ئێمەدا فێستیڤاڵێک ڕێکناخرێت تا فیلمەکانی ئێمە و هاوڕێکانمی تێدا نماییش بکرێت، کەواتە من چی بکەم؟ لەبەرامبەر ئەمەدا فێستیڤاڵی دیکە هەیە لە دەرەوە، ئێمە چاوێکیشمان لەسەر ئەوەیە و بەلاشمانەوە گرنگە کە فیلمەکانمان بنێرینە دەرەوە، شتێکی زۆر خۆشە فیلمەکەت لەدەرەوە وەربگیرێت و خەڵاتیش بباتەوە. من دوای ١٧ جار لە نماییشکردنی فیلمەکەم لە دەرەوە ئینجا یەکەم نماییشم لە سلێمانی کرد، ئەوکاتە وتم خۆزگە وانەبووایە و یەکەم نماییشم لە سلێمانی بووایە.

سولی ئۆن وێب: کەواتە پێویست نییە ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە بیر لە بازرگانیی سینەما بکرێتەوە بەشێوەیەکی باشتر؟
هاوڕاز محەمەد: ڕاستدەکەیت، لایەنێکی گرنگی سینەما بازرگانییە، لە هەموو دنیاشدا کورتە فیلم کەمتر پارە پەیدا دەکات چونکە پەیوەندی بە کاتەوە هەیە، بۆیە دەبێت لانی کەم کۆمەڵێک کورتە فیلمی باش کۆبکەیتەوە و بۆئەوەی بتوانیت هۆڵێکی بۆ بگریت و خەڵک بە بلیت بێتەژوورەوە، بەڵام لەڕووی بزنسەوە تەماشای بکە خەڵک بۆ بینینی یەک کورتە فیلم، لە دنیاشدا وایە ١٠ دۆلار نادرێ یان ١٠ هەزار. ئەمە بۆ فیلمی درێژ تەواوە و زۆریش زەرورە. لێرەدا دەبێت بارودۆخی هەرێمی کوردستانیش نادیدە نەگرین، ڕەنگە خەڵک ئەوەندەی بیر لەوە بکاتەوە ئەو ١٠ هەزارەی بداتە تەماتە و نان و ئێوارە بیخوات نایدات بە سینەما.






هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw