لە پشت هەر دەسکە کاهوویەکەوە چیرۆکێک هەیە کە ئێمە نایزانین

12/09/2015    00:25

لە پشت هەر دەسکە کاهوویەکەوە چیرۆکێک هەیە کە ئێمە نایزانین 


Cînema

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا

کازم ئۆز دەرهێنەری کوردی باکوری کوردستان بە فیلمی  "ڕۆژێک لە ڕۆژان" بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆکدا کردووە و ئەم ئێوارەیە فیلمەکە لەسەر شاشەی سینەماکس نماییش کرا. ئەم فیلمە فیلمێکی دیکۆمێنتارییە و چیرۆکی ژیانی چەند خێزانێکی کورد دەگێڕیتەوە کە لە ڕێگەی کشتوکاڵی چاندنی سەوزەی کاهووەوە بژێوی ژیان پەیدا دەکەن.

دەستپێکی فیلمەکە خیزانێکی مۆدێرن دەبینین لە یەکێک لە شارەکانی تورکیا کە بۆ بازاڕکردن دەچنە یەکێک لە مارکێتەکان، کۆمەڵێک پێداویستی ڕۆژانە دەکڕن و دیمەنەکە لێرەدا کەت دەبێت و خێزانێکی کەم دەرامەتمان پێشان دەدرێت کە دەیانەوێت سەفەر بکەن، دواتر دەردەکەوێت کە بۆ دەشتێکی نزیک ناوچەی باتمان دەڕۆن، تا لەوێ لەگەڵ خێزانیکی دیکەدا دەشتێکی بەرین بە سەوزەی کاهوو بچێنن و بڕێک پارەیان لە خاوەن کارە تورکەکەیانەوە دەستبکەوێت. ئەم خێزانانە بەشێوەیەکی زۆر سەرەتایی ژیان دەگوزرێنن و لەناو خێمەدا دەژین. دەرهێنەری فیلمەکە لەڕێگەی پرسیارکردنەوە زانیاری لە تاکەکانی ناو ئەو خێزانانە کۆدەکاتەوە. چیرۆکێکی پەنهان لە کارەکتەرەکان دێتە دەرەوە ئەویش پەیوەندی کوڕی خێزانێکە لەگەڵ کچێک لە خێزانەکەی دیکەدا و کوڕەکە باسی ئەو خۆشەویستییەمان بۆ دەکات. کاهووەکە لە سەروەختی پێگەیشتنیدایە و کوڕەکە ئەوە دەدرکێنێت کە دەیەوێت لەگەڵ کچی خێزانەکەی دیکەدا ڕابکەن بۆئەوەی ژیانی هەوسەرێتی پیکبهێنن چونکە لەوێ ڕێگرییان لێدەکرێت. کوڕ و کچەکە شەوێک دیاری دەکەن و دەڕۆن. سەوزەی کاهوو بەتەواوی پێدەگات و دەبرێتە بازاڕ. لەپاڵ ئەم چیرۆکە سەرەکییەدا چەند چیرۆکێکی بچوکی دیکە دەگوزەرێت. دیسانەوە نزیک بە کۆتایی دیمەن کەت دەبێت و خێزانە مۆدێرنە شارییەکە پێشاندەدرێتەوە لەهەمان مارکێتی دیمەنی یەکەمدا کە دەسکێک کاهوو هەڵدەگرن.

بۆیە لەپشت هەر دەسکە کاهوویەکەوە یان هەر بەرهەمێکی دیکەوە چیرۆکێک هەیە کە ئێمە ئاگامان لێی نییە و نایزانین.

دەرهێنەری فیلمەکە لەپاش کۆتایی هاتنی فیلمەکەی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "زۆر گەڕام و چەند خانەوادەیەکم دۆزییەوە بۆ کارکردن لەگەڵیاندا، بەڵام ئەم خانەوادەیە زۆر گونجاو بوو بۆ کارەکەی من."

وتیشی: "من بۆخۆم لە فیلمەکەدا وەک کارەکتەر دەردەکەوم و پرسیار لە ئەندامانی خێزانەکە دەکەم، ئەمەم لەبەر ئەوە کردووە تا زیندوویەتی زیاتر بدەمە فیلمەکەم."


 



 

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw