سولی ئۆن وێب
فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" لە ٢٣ سینەمای بەرازیل نمایشکرا و بۆ ماوەی سێ مانگ درێژەی دەبێت.
فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" (Rhino Season)دوایین بەرھەمی بڵندی سینەماکاری ناوداری کورد "بەھمەن قوبادی" دوای نمایش لە سینەماکانی وڵاتانی جیھان و بەشداریی لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکانی فیلم لە ئاستی دنیادا و بەدەستھێنانی چەندین خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتیی، لە لایەن کۆمپانیای بڵاوکەرەوەی بەرازیلی "ئیمۆڤیژن" Imovision لە ٢٩ سینەمای شارەکانی ساوپاولۆ و ڕیۆدیژانیرۆ چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن ھۆگرانی ھونەری سینەماوە پێشوازیی لێکرا و ھەواڵ و ڕاپۆڕت و ڕەخنە سینەماییەکانی ئەم فیلمە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەم وڵاتەدا بڵاوکرایەوە و ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆری بەدواوە بوو.
"ئیمۆڤیژن" کۆمپانیای بڵاوکەرەوەی بەرازیلی لە ڕاپۆڕتێکدا ڕایگەیاند کە "وەرزی کەرکەدەن" پێشوازیی باشی لێکراوە و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەم وڵاتەدا وتار و ڕەخنەی پۆزێتیڤی لەسەر نووسراوە و نمایشی ئەم فیلمەی "بەھمەن قوبادی" لە شارەکانی دیکەی بەرازیل بۆ ماوەی سێ مانگ درێژەی دەبێت.
کۆمپانیای "وایلد بانچ" Wildbunch کە مافی بڵاوکردنەوەی جیھانی فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن"ی لە ئەستۆدایە، ڕایگەیاند کە لە داھاتوویەکی نزیکدا بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەم فیلمە لە چەندین وڵاتانی ئەورووپی نمایش دەکات.
"وەرزی کەرکەدەن" ئێستاکە لە لایەن کۆمپانیای "ئێپەیس سێروو" Epace Sarou لە سینەماکانی سەرتاسەری ژاپۆن چۆتە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن بینەرانەوە پێشوازیی باشی لێکراوە نمایشەکەی لە سینەماکانی ئەم وڵاتە بەردەوام دەبێت. لە ھەمان کاتیشدا ئەم فیلمەی قوبادی لە سینەماکانی شارە جۆراوجۆرەکانی وڵاتی ئیتاڵیا بۆ ھۆگرانی ھونەری سینەما نمایشکراوە.
پێنجەمین بەرھەمی سینەمایی "بەھمەن قوبادی" بە ڕۆڵ بینینی خانمە ئەکتەری ناوداری سینەمای جیھان "مۆنیکا بێلووچی" دوای نمایش لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکانی فیلم لە ئاستی جیھاندا چەندین خەڵاتی گرینگی بەدەستھێنا، لەوانە: خەڵاتی باشترین وێنەگری بەشی سەرەکی شەستەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سان سێباستییان" لە ئیسپانیا، خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتی ئیسکرین "ئاسیا پاسیفیک" (APSA) ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیایی" لە ئوستوڕاڵیا، خەڵاتی "بۆقی بڕونزی" باشترین وێنەگری بیستەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "پلەس کامێرائیمەیج" PLUS CAMERIMAGE لە پۆڵەندا و ھەروەھا سێ خەڵاتی سەرەکی باشترین وێنەگرتن، باشترین دیزاینی بەرھەمی ھونەری و دیمەنە دەستکردەکان لە حەوتەمین خولی خەڵاتەکانی ساڵانەی سینەمای ئاسیا لە وڵاتی ھۆنگ کۆنگ.