خەڵاتی شێری ئاڵتوونی بەخشرایە فیلمی ڤەنزوێلی

13/09/2015    00:54

خەڵاتی شێری ئاڵتوونی بەخشرایە فیلمی ڤەنزوێلی "لە دوورەوە" 


Cînema

پشتیوان کەمال

بۆ یەکەمینجار فیلمێکی ڤەنزوێلی کاندیدکرا بۆ بردنەوەی خەڵاتی شێری ئاڵتوونی ڤێنیسیا و لە کۆتاییدا خەڵاتەکەی بردەوە. فیلمی "لە دوورەوە" (Desde Alla) لە دەرهێنانی لۆرێنزۆ ڤیگاس (Lorenzo Vigas)، خەڵاتی شێری ئاڵتوونی وەرگرت کە لەلایەن لیژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵەوە و بە سەرۆکایەتی ئەڵفۆنسۆ کوارۆن، بە باشترین فیلم دیاریکرا. هەروەها هەریەکە لە لین ڕامسای، پاوێڵ پاوڵیکۆوسکی، هاو هسیاو هسێن و نوری بیلگە جەیلان ئەندامی لیژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵەکەبوون.

بردنەوەی خەڵاتەکە لەلایەن فیلمەکەی ڤیگاسەوە شتێکی چاوەڕواننەکراوبوو، تەنانەت لەگەڵ ئەوەی سیناریۆی فیلمەکە لەلایەن سیناریۆنووسی مەکسیکی گولێرمۆ ئاریاگا (Guillermo Arriaga) نووسەری سیناریۆکانی (Ameros Perros, Babel) نووسرابوو، ئەلفرێدۆ کاسترۆ ڕۆڵی تێدا دەبینی کە باسی پیاوێکی ٥٠ ساڵی پیر دەکات کە پارە دەدات بە کوڕی لاو تاوەکو هاوڕێیەتیان بکات بەڵام نەک بۆ هۆگریی جەستەیی، هەروەها کاری دەرهێنانە سەرنجڕاکێشەکەی ڤیگاسیش. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئەم فیلمە چاوەڕێی ئەوەی لێ نەدەکرا خەڵاتەکە بباتەوە.

لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەی لە ئاهەنگی بەخشینی خەڵاتەکانی ڤێنیسیادا لە شەوی شەممەدا، ڤیگاس وتی: "ئەمە کەمێک سەرسوڕهێنەرە." هەروەها وتی، "لەم چەند ساڵەدا لە ڤەنزوێلا کۆمەڵێک کێشەمان هەیە، هیوادارم ئەم فیلمە کەمێک لەم کێشانە چارەسەر بکات. ئێمە نەتەوەیەکی سەرسوڕهێنەرمان هەیە، هەروەها هیوادەخوازم لەمەودوا زیاتر لەگەڵ یەکتری قسەبکەین."

سەرچاوە: TheGuardian





هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw