نەزمی کریک بۆ سولی ئۆن وێب دەدوێت

13/09/2015    16:49

نەزمی کریک بۆ سولی ئۆن وێب دەدوێت 


Cînema

سازدانی: ئاراس عەبدوڵڵا


نەزمی کریک یەکێکە لە ئەکتەر و سینەماکارەکانی باکوری کوردستان و لە شاری دیاربەکر لەدایکبووە، ئەو سینەماکارە تا ئێستا لە ژمارەیەک فیلمی دەرهێنەرە ناسراوەکانی کورد و تورکیادا ڕۆڵی بینیوە لەوانە؛ فیلمی "کیلۆمەتر سفر"ی هونەر سەلیم و "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"ی شەوکەت ئەمەین کورکی کە ئێستا فیلمەکە لە بەشی پێشبڕکێی فیلمی کوردیی فێستیڤاڵی دهۆکدا بەشداری کردووە. سولی ئۆن وێب لە میانی ڕوماڵی ڕۆژانەی بۆ سێیەمین خولی فێستیڤاڵی دهۆکدا گفتوگۆیەکی لەگەڵ نەزمی کریک ئەنجامداوە و لێرەوە بۆ خوێنەرانی بڵاودەکاتەوە.


نەزمی کریک چۆن لە فێستیڤاڵی دهۆک دەڕوانێت؟

نەزمی کریک: فێستیڤاڵی دهۆک لە تەواوی فێستیڤاڵەکانی کوردستان باشترە، بە بروای من باشترینە. فیستیڤاڵی دیکەم بینیوە پێشتر، بەڵام ئەم فێستیڤاڵەی دهۆک تایبەتمەندیی خۆی هەیە، تایبەتمەندییەکی ئینتەرناشناڵ. ئەم فێستیڤاڵە لە داهاتوودا دەتوانێت ببێتە فێستیڤاڵێکی بەناوبانگ لەسەر ئاستی دونیا، بەڵام ئەوەش هەڵبەت هاریکاری دەوێت هەم لەلایەن حکومەت هەم لەلایەن ناوەندە کلتورییەکان، هەروەها بەرهەمهێنانی فیلم. من زۆر خۆشحاڵم بەم فێستیڤاڵە، بەتایبەتی کە ئێستا کوردستان لەناو شەڕدایە و مۆرالی میللەتی ئێمە باش نییە، بۆیە لەکاتی شەڕدا هەبوونی فێستیڤاڵێکی لەم جۆرە، دەستکەوت و سەرکەوتنێکی مەزنە بۆ من.


باسی فێستیڤاڵی دهۆک و فێستیڤاڵەکانی دەرەوە دەکات


نەزمی کریک: ناتوانین ئێمە ئاستی فێستیڤاڵی دهۆک بەراورد بکەین بە فێستیڤاڵانی وڵاتان کە ١٠ ساڵ یان ٢٠ یاخود ٣٠ ساڵە ئەو فێستیڤاڵانە هەن و لەلایەن دەوڵەتی مەزنەوە ڕێکدەخرێن. کە حکومەتی مەزن و سپۆنسەری مەزن لەپشتیانەوەیە. جوانیی فێستیڤاڵی دهۆک لە چیدایە ؟ کاتێک تۆ لە هەولێرەوە دێیت بۆ دهۆک، بەو ڕێگە خراپەدا، وادەزانیت فێستیڤاڵی لەم چەشنە هەر بوونیشی نییە، کەسێکی بیانی کە بەو ڕێگەیەدا دێتە دهۆک باوەڕناکات کە فێستیڤاڵێکی لەم چەشنە و بەم کوالێتییە لە دهۆک هەیە. بەڵام کە دێیتە دهۆک و ئەم فێستیڤاڵە بەو ئاستە دەبینیت دڵخۆش دەبیت.


باس لە چەند دەرهێنەرێکی کورد دەکات کە ئەو بەباشیان دەزانێت

نەزمی کریک: لە ئێستا دەتوانم  ناوی چوار پێنج کەس بلێم کە ناوی دیارن و چاوەڕوانی بەرهەمی باشیان لێ دەکرێت. تۆ کە لە شار دەژیت و سینەما دەکەیت جیاوازە لەوەی کە تۆ لە گوند دەژیت و سینما بکەیت. شانسی شارییەکان ئێستا زۆرترە و دەستی دەڕوات، یەکێک لەوانە هیشام زەمانە، دەرهێنەرێکی گەلیک باشە، ئەو لە زۆر حەز لە سینەما دەکات، کە ئەم حەزەش هەبێت دەتوانیت کاری باش بکەیت. یەکێکی تر لەو هونەرمەندانە هونەر سەلیمە، کە زۆر کاری باشی کردووە و لە دنیاشدا ناسروا ئێستا، ئێستاش شەوکەت ئەمین کورکی هێدی هێدی دەناسرێت و کاری باشیش دەکات. هەروەها کەسێکی دیکە هەیە لە تورکیا یەڵماز ئەردۆغان، کە ئەسڵی ئەو کوردە بەڵام لەسەر سینەمای کوردی حساب ناکرێت لەبەر ئەوەی فیلمی تورکی دروستدەکات. ئەو ئێستا بۆ پارە فیلم دروستدەکات. لەڕاستیدا لەناو کورداندا پێویستە دەرهێنەری پۆپۆلیستیش هەبێت، واتە سینەما بۆ بازرگانی. لەبەر ئەوە من "هیشام زەمان، هونەر سەلیم و شەوکەت ئەمین" بە باشی دەبینم و گەلێک کاری باشیان پێشکەش کردووە. هەروەها لەناو گەنجەکانیشدا هیوایەک خەریکە دروستدەبێت، بۆنمونە ئێستا بەنەفشە بێریڤان دەرهێنەرێکی باشە.


لە فیلمە تورکییەکاندا بۆ پارە کاردەکات و خەمی ئەو سینەمای کوردییە

نەزمی کریک: بۆ من قیمەتی دهۆک زۆر زیاترە لە فێستیڤاڵێکی بەرلین و وڵاتانی دی، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئەگەر دەرهێنەرێک قیمەت نەداتە وڵاتەکەی خۆی ناتوانێت قیمەت بداتە ئینسانێکی دیکەش، میشێل هانکە دەرهێنەرێکی گەورەیە لە جیهاندا و ساڵانە خەڵاتی کان دەبات، بەڵام لەپاڵ ئەویشدا بۆ من دەرهێنەری کوردیش گرنگن ئەگەرچی تواناشی بچوک بێت. بۆ نمونە من وەک ئەکتەر لە فیلمی تورکیدا کار دەکەم لەگەڵ ئەوەشدا لە فیلمی کوردیشدا دەوردەبینم، ئێستا بەمجۆرە دڵی من ئاسوودەیە. لەگەڵ دەرهێنەرە تورکییەکان کە کار دەکەم بەڕاستی تەنا بۆ پارەیە، ئاواتی من بەڕاستی ئەوە نییە بەڵکو ئاوات و خەمی من سینەمای کوردییە. هیوام هەیە کە دەزانم لە سلێمانیش فێستیڤاڵ دەکرێت و بەهیوام زۆرتر بەرەوپێشی ببەن.






نەزمی کریک لە یەکێک لە دیمەنەکانی فیلمی "بریەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرهێنانی شەوکەت ئەمین کورکی

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw