ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
ئێوارەی ئەمڕۆ ١٣ی ٩ی ٢٠١٥ لە پێنجەمین ڕۆژی خولی سێیەمی فێستیڤاڵی نێودەولەتیی فیلمی دهۆکدا لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی دهۆک، دوو فیلمی درێژی بەشدار لە پێشبڕکی باشترین فیلمی کوردیدا نماییش کران، فیلمەکان بریتی بوون لە "نامەیەک بۆ پاشا"ی هیشام زەمان و فیلمی "سەمای ئەسپەکان" کە سەردار خەلیل دەرهێنانی بۆ کردووە.
فیلمی سەمای ئەسپەکان لە چیرۆکێکی ڕاستەقینەوە وەرگیرابوو کە لەکاتی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ڕوویدابوو لەوکاتەی کە ڕاپەڕین دەست پێ دەکات. هەرچی سەبارەت بە فیلمەکەی هیشام زەمانە "نامەیەک بۆ پاشا" فوکسی تەواوی خستبووە سەر ژیان و خەمی پەنابەران لە وڵاتانی بیانی.
چیرۆکی فیلمی "نامەیەک بۆ پاشا" بریتییە لە گێرانەوەی ژیانی چەند پەنابەرێک کە هەریەکەیان چیرۆکێکی خۆی هەیە و دەرهێنەر ئەم چیرۆکانەی بە چەند تەکنیکێک تەکەڵاو کردووە. ڕووداوەکانی ئەم چیرۆکە لە سەفەری ژمارەیەک پەنابەر بۆ شاری ئۆسلۆ ڕوودەدەن.
هیشام زەمان لە گفتوگۆی دوای نماییشکردنی فیلمەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو زۆر خۆشحاڵە بە نماییشکردنی فیلمەکەی لە فێستیڤاڵی دهۆکدا. سەبارەت بە چۆنییەتی بەرهەمهێنانی فیلمەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بیرۆکەی دروستکردنی ئەم فیلمە هی چوارساڵ بەر لە ئێستایە، زۆربەی ئەو ئەکتەرانەی کە بەشداریشن لە فیلمەکەدا ئەماتۆر بوون و بۆخۆشیان هەر پەنابەر بوون. لەم فیلمەدا بەتەواوەتی هەوڵمداوە فوکس بخەمە سەر لایەنی ئینسانیی پەنابەران."