سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
دوای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆکدا و پێشاندانی چەندنین فیلمی کورت، درێژ و دیکۆمێنتاری لە هۆڵەجیاوازەکانی سینەماکس و هۆڵی کۆنفرانسی زانکۆی دهۆک، تا ئێستا زۆرینەی فیلمەکان بەشێوەیەکی ئاسایی بینەریان هەبووە و هەندێک لە فیلمەکان بینەرێکی زۆر کەمی هەبووە و زۆرترین بینەری فیلمەکانیش میوانانی فێستیڤاڵ بوون، بەڵام دووان لە فیلمە کوردییە بەشداربووەکانی فێستیڤاڵ کە هاوکات کێبڕکێیەکی بەهێز لەنێوانیاندا هەیە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین فیلمی کوردی تا ئەمڕۆی فێستیڤاڵ زۆرترین بینەری هەبووە.
ئەو دوو فیلمەی کە تا ئەمڕۆی فێستیڤاڵ پڕبینەرترین فیلمی فێستیڤاڵەکە بوون، بریتین لە فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"ی شەوکەت ئەمین کورکی کە فیلمی کردنەوەی فێستیڤاڵ بوو و لەهۆڵی کۆنفرانەسەکانی زانکۆی دهۆک نماییش کرا. هەروەها فیلمی "نامەیەک بۆ پاشا"ی هیشام زەمان کە دوێنێ ١٣ی ٩ی ٢٠١٥ لەهەمان هۆڵ و بە ئامادەیی ژمارەیەکی زۆر لە بینەران و میوانانی فێستیڤاڵ نماییش کرا. جێی ئاماژە بۆکردنە دوێنێ لەدوای یەکەمین ڕۆژی فێستیڤاڵ و نماییشکردنی فیلمەکەی شەوکەت ئەمین کورکی جارێکی دیکە هۆڵی کۆنفرانس پڕبووەوە لە بینەر، کە بە نزیکەیی بۆ هەردوو فیلمەکە نزیکەی ٧٠٠ بینەر و میوانی فێستیڤاڵ ئامادەی بینینی فیلمەکە بوون، بەم پێیەش تا ئێستا ئەم دوو فیلمە پڕبینەرترین فیلمی فێستیڤاڵەکەن.

بەشێک لە ستافی فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"ی شەوکەت ئەمین کورکی لەسەر فەرشی سوری فێستیڤاڵی دهۆک

بەشێک لە ستافی فیلمی "نامەیەک بۆ پاشا"ی هیشام زەمان لەسەر فەرشی سوری فێستیڤاڵی دهۆک