فیلمسازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جەلال سەعیدپەنا بۆ سولی ئۆن دەدوێت

14/09/2015    15:13

فیلمسازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جەلال سەعیدپەنا بۆ سولی ئۆن دەدوێت 


Cînema

سولی ئۆن وێب
سازدانی: ئاراس عەبدوڵڵا


جەلال سەعیدپەنا، یەکێکە لەو دەرهێنەرانەی کورد کە تا ئێستا ژمارەیەک لە فییلمەکانی لە فێستیڤاڵە جیاجیاکانی دەرەوە و ناوەی کوردستان خەڵاتی بردووەتەوە، لە ئێستاشدا بە کورتە فیلمێک بەشداری کردووە لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەولەتیی فیلمی دهۆکدا، لە درێژەی ڕوماڵی ڕۆژانەی سولی ئۆن وێب بۆ فێسیڤاڵە گفوگۆیەکی کورت لەگەڵ سەعیدپەنا دەربارەی فێستیڤاڵەکە بڵاودەکەینەوە. کە تیایدا ئەو دەرهێنەرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند داوایەک ئاڕاستەی ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی دهۆک دەکات و هاوکات داوایەکیش ئاڕاستەی فیلمسازانی کورد دەکات.


باسی ئاستی فێستیڤاڵی دهۆک دەکات و ڕەخنە و پێشنیاریشی هەیە

جەلال سەعیدپەنا: فیستێڤاڵی دهۆک وەکو تەمەن ئێستا دەڵێن سێ ساڵە، ئەگەر وەکو تەمەن ئێمە تەماشای بکەین ڕاستی فێستیڤاڵێکی باشە، یەکێک لە باشییەکانی فێستیڤاڵەکە ئەوەیە کە توانیویانە کەسانێک کە لەدەرەوە ناون و خاوەن بەرهەمێکی باشن بانگهێشت بکەن. دەورەی دووەم من لێرە بووم، ئەوجارەش بەهەمان شێوە بوو، کەسانێک بانگهێشتکرابوون کە بۆخۆم پێمخۆشبوو لە نزیکەوە بیانبینم. هەستدەکەم فێستیڤاڵی دهۆک لە سێ ساڵی تەمەنیدا زۆر پێشکەوتووە، هیوادارم ئەمە بەجۆرێک نەبێت بڵێن با هەر لەم کوالێتییە بڕوات، من پێموایە بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵ دەبێت زیاتر تەرکیز بکەنە سەر هەڵبژاردنی فیلمەکان کام فیلمە دەشێت بێتە ئەو فێستیڤاڵە، بەتایبەتی ئەم فێستیڤاڵە کە بەشێکی شۆرت فیلمە و بەشێکی دیکۆمێنتارییە و بەشێکیشی فیلمی درێژە. من پێمخۆشە ئەو بەشەی شۆرت فیلم نەک لەبەر ئەوەی خۆم بەس کورتە فیلم دروستدەکەم، نا، ئێمە لەراستیدا لە وڵاتێکداین کە سینەمای ئێمە سینەمایەکی ساوا و تازەیە، ئێمە هەمیشە لە کورتە فیلمەوە دەستپێدەکەین، بۆیە دەشێت زۆر قیمەت و بەها بدەینە کورتە فیلمەکانمان بەتایبەتی لە فێستیڤاڵدا، ئێستا بۆ نمونە من ئەم ڕەخنە بچوکە لە فێستیڤاڵ دەگرم، فیلمە کوردییەکانیان لە بەشی پێشبڕكێی نێودەوڵەتی دانەناوە، ڕاستە فیلمی بینای دێن، بەڵام تۆ دەتوانیت لەناو فیلمە کوردییەکانیش یەک فیلم یان دوو فیلم دەستنیشان بکەیت کە هەم لە بەشی پێشبڕکێی کوردی و هەم لە بەشی پێشبڕکێی بیانی بەشداری بکات.


باسی چەند لایەنێک دەکات کە لە فێستیڤاڵی دهۆکدا لاوازە

جەلال سەعیدپەنا: فێستیڤاڵ بەس ئەوە نییە باشترین هۆتێلت بۆ بگرن و باشترین هاتوچۆت بۆ دابین بکەن، ئەمە لایەنێکی باشی فێستیڤاڵە بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا من لەگەڵ ئەوەم فێستیڤاڵ پرێس کۆنفرانسی تایبەتی هەبێت، بەتایبەتی لەسەر بابەتی سیناریۆ، لەسەر فیلم لەسەر دەرهێنەر. کەسانێک کە رەخنەگرن بهێنرێنە ناو فێستیڤاڵەکەوە، لەڕاستیدا جێگەی ئەوان کەمن.


دەخوازێت وۆرکشۆپی کوالێتی بەرز لە فێستیڤاڵ هەبێت

جەلال سەعیدپەنا: فێستیڤاڵ بیانویەکە جیا لەوەی فیلمەکەی نماییش دەکرێت، کۆمەڵێک شتی دیکە بەدەست بهێنێت، یەکێک لەوانە بینینی کۆمەڵە وۆرکشۆپێکە کەوا ئەگەر تۆ بچیتە زانکۆی تایبەتمەندیش نەتوانێت بەساڵێک هێندەی ئەو وۆرکشۆپە ئیستیفادە بکەیت، چونکە ئەوە شتێکی تایبەت دەبێت بۆ فێستیڤاڵ و قوەتێکی زۆری دەداتێ، هەم سیمینارات و هەم وۆرکشۆپ ئەمانە کۆمەڵێک شتن کە پێویستە لە فێستیڤاڵدا بەشێوەیەکی جددی و کوالێتی بەرز مامەلەی لەگەڵ بکرێت.


داوا لە سینەماکارانی کورد دەکات فیلمەکانیان جیهانی بێت

جەلال سەعیدپەنا:
من زۆر بە زەروریەتی دەزانم هەموو سینەماکارەکان هەمیشە بیر لە دروستکردنی فیلمی جیهانی بکەنەوە نەک ئەوەی بەس تایبەت بێت بە کوردستان یان ناوچەکەی خۆیان یان تایبەت بە عەشیرەتێک، ئەمە پێویستە وەکو دیکۆمێنتاری یان تەنانەت فیلمی چیرۆک، بەڵام نەک ئەوەی بابەتەکانمان بەجۆرێک بێت کە هەموو شتێکی بۆ خۆمان بکەین، بۆخۆمان ئاگامان لە خۆمانە و خۆمان باش خۆمان دەناسین. من حەزدەکەم فیلمەکان بەناو کوردی، بە جلوبەرگ و جوگرافیای کوردی بێت، قەیناکە ئێمە ستایلمان نییە وەکو سینەما، بەڵام بە فیلمێکەوە دەتوانیت هەموو دونیا بگەڕێیت و کورد بە دونیا بناسێنیت ئەگەر بابەتەکەت جیهانی بێت. بۆ نمونە من باسی فیلمەکەی خۆم دەکەم، دەتوانێت لەهەموو جێیەکی دونیا ئەوە رووبدات، مەسەلەی قەیرانی ئاو لە هەموو جێیەکی دنیادا هەیە. بەڵام من لە جوگرافیا و بەجلی کوردییە فیلمەکە دروستدەکەم و بابەتەکەم جیهانییە. من داواکارییەکم لە سینەماکارەکان هەیە بابەتی فیلمەکانیان زۆر جیهانیانەتربێت تا ئەوەی کە تایبەت بە کوردستان و بەشێوەیەکی لۆکاڵی دروستی بکەن.






هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw