گفتوگۆی تایبەتی سولی ئۆن لەگەڵ سینەماکاری ناسراوی کورد هیشام زەمان

15/09/2015    23:48

گفتوگۆی تایبەتی سولی ئۆن لەگەڵ سینەماکاری ناسراوی کورد هیشام زەمان 


Cînema

سولی ئۆن وێب
سازدانی: ئاراس عەبدوڵڵا


هیشام زەمان یەکێکە لە ناوە دیار و ناسراوەکانی ئێستای نێو سینەمای کوردی و هەنگاوی زۆر باشی ناوە لەبواری دەرهێنانی سینەماییدا و تا ئێستا کۆمەڵێک فیلمی کورت و درێژی سەرنجڕاکێشی دروستکردووە، لە بەناوبانگترین فیلمی ئەم دەرهێنەرە، کورتە فیلمی "باوکە"یە کە چەندین خەڵاتی لەسەر ئاستی جیهان بەدەست هێناوە، ئەم دەرهێنەرە کوردە لە ساڵی ١٩٧٥ لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان لەدایکبووە و ماوەیەکی زۆرە لە وڵاتی نەرویج ژیان بەسەردەبات. هیشام زەمان لە ئێستادا بەدوایین فیلمی درێژی خۆی "نامەیەک بۆ پاشا" بەشدارە لە پێشبڕکێی فیلمە کوردییەکانی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەولەتیی فیلمی دهۆکدا و ئەو فیلمەی دەرهێنەر کێبڕكێ دەکات بۆ بەدەستهێنانی چەند خەڵاتێکی ئەو فێستیڤاڵە. لەم گفتوگۆ تایبەتەی سولی ئۆن وێب لەگەڵ هونەرمەند هیشام زەمان هەوڵدەدەین سەبارەت بە فێستیڤاڵی دهۆک و بابەتی پەنابەر کە بەشێکی سەرەکییە لەزۆربەی فیلمەکانیدا گفتوگۆ بکەین. هاوکات تیشک دەخەینە سەر دوایین فیلمی ئەو دەرهێنەرە "نامەیەک بۆ پاشا" کە لە فێستیڤاڵی دهۆک نماییش کرا.

سولی ئۆن وێب: سەرەتا بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک دەستپێدەکەین، ئەم چەند ساڵەی تۆ ئاگات لە فێستیڤاڵەکەیە، ئاستی فێستیڤاڵەکە چۆنە؟

هیشام زەمان: من لە یەکەم خولی فێستیڤاڵەکەوە ئامادەبووم، لە یەکەم ساڵەوە تا ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە فەرقێکی باشی کردووە، بە تەجروبەیەکی بچوک و ماوەیەکی کورت فێستیڤالەکە خۆی دامەزراندووە بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ، ئەگەر ئەمڕۆ ئێمە لە ٢٠١٥ تەماشابکەین بەڕاستی فێستیڤاڵی کوردی کەمە کە ئاوها بەم زەخمییەتە، ١٠٠ میوان زیاتر هەم لەناو کوردستان و هەم لە دەرەوەی کوردستان بانگکراوە، هەروەها فیلمی بیانیی ئینەرناشناڵ و فیلمی کوردی، پرۆگرامی شۆرت فیلم و پرۆگرامی دیکۆمێنتاری، واتە بە پرۆگرامێکی زەنگین دێنە پێشەوە، هەستدەکەم ئەمەش تموحی ئەوکەسانەن کە لە فێستیڤاڵەکەن و دەیانەوێت فێستیڤاڵێک بکەن لەسەر ئاستی جیهانی بێت. من هەستدەکەم فێستیڤاڵەکە بەرەو پێشەوە دەڕوات، بەدڵنیایی من دەڵێم فێستیڤاڵەکە جارێ گەنجە بۆیە بەهیچ شێوەیەک ناتوانم حوکم بدەم بڵێم ئەمە دەبێت وابێت یان نا.

سولی ئۆن وێب: لە ڕوانگەی ئەوەی کە تۆ فێستیڤاڵی دەرەوەت بینیوە، پێتوانییە کە فێستیڤاڵەکە هەندێک کەموکوڕی تێدایە و پێویستە ئەو کەموکوڕیانە پڕبکرێنەوە، بۆ نمونە پرێسکۆنفرانسی تایبەت و هەندێک بابەتی دیکەش؟

هیشام زەمان: بەدڵنیایی، هیچ لە فیلمەکان ئەوەندەی من بیزانم پرێس کۆنفرانسی بۆ دانەنراوە، پرێس کۆنفرانس بۆ فێستیڤاڵەکە هەبوو، بەڵام فیلمسازەکان پرێسکۆنفرانسیان نەبوو، لەجیاتی ئەوە پرسیار و وەڵامیان هەبوو لەگەڵ بینەران. پێمباشە پرسێکۆنفراس هەبێت، کە پرسێکۆنفرانسێک هەبێت ئیشەکە ئاسانتریش دەبێت بۆ دەرهێنەر و ڕۆژنامەنووسانیش. هەروەها شتێکی دیکەش کە من بینیم و هەستدەکەم پێویستە ئیشی لەسەر بکرێت، ئەویش ئەوەیە بینەری کورد تەماشای فیلمی کوردی دەکات، تەماشای فیلمی بیانی ناکات، فیلمە بیانییەکان لێرە کەمێک مەغدور دەبن، چۆن؟ ئەچیتە سینەما بۆ فیلمێکی بیانی دەبینی ١٠-١٥ بینەری لێیە، ئەو فیلمە بیانیانەش کە بەشدارن زۆرینەیان دەرهێنەرەکەشی ئامادەبووە، ئەوە بۆ ئەو دەرهێنەرانە بەدڵنیایی شتێکی ناخۆشە کە فیلمەکەی پێشوازی لێ ناکرێت، فیلمی کوردی بینەری زیاترە ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر زمان، لەبەر ئەوەی خەڵک لێرە زیاتر چێژدەبینێت لە فیلمێک کە ناسنامەی خۆی تیا ببینێتەوە.

سولی ئۆن وێب
: کەواتە پێویست نییە کە فیلمە بیانییەکان ژێرنووسی کوردییان هەبێت؟

هیشام زەمان: خۆی وایە، نابێت فیلمە بیانییەکان بەتەنها وەک فیلمی بیانی بدرێنە قەڵەم، با لە بیرمان نەچێت ئەم فیلمانە فیلمی هۆلیود نین، فیلمی هونەرین کە دواتر ئاسان دەستناکەون، لە فێستیڤاڵی تایبەت تایبەت نماییش کراون و چەنها خەڵاتیان بردووەتەوە. ئەم فیلمانە گرنگن بۆ ئەو کەسانەی کە حەزیان لە سینەمایەوە و بینەری سینەمان، ئەگەر ئەم فیلمانە نەبینن هەسەتەکەم شتێک نوقسانە لە موتابەعەی جیهانی هونەریدا، بۆیە پێمباشە فێستیڤاڵ بەجۆرێکی باشتر مامەڵە لەگەڵ ئەم فیلمانە بکات، ڕیکلامی زیاتر بۆ بکرێت. بێگومان هەم فیلمە کوردییەکان و هەم فیلمە بیانییەکان لەلایەن فێستیڤاڵەوە باش پێشوازیان لێ کراوە، بەڵام بینەری کورد زیاتر فیلمی کوردی دەبینێت ئەویش سەبەبی خۆی هەیە. یەکێک لەو سەبەبانەی بەبڕوای من ئەوەیە کە فیلمە کوردییەکان بڵاوکەریان نییە، کە بڵاوکەریشیان نەبوو، فیلمەکە ئەگاتە فێستیڤاڵی جیهانی بەڵام ناگاتە بینەری کوردی، لەبەر ئەوە دیسان دەگەڕێنەوە سەر ئەوەی کە سینەمامان نییە، سینەمامان کەمە و ئەم قسانە..

سولی ئۆن وێب: دەتەوێت باسی مەسەلەی بەکلتور کردنی سینەما بکەیت؟ هەروەها بڵاونەبوونەی مەسەلەی کلتوری فیلمم بینین لەناو کورددا؟

هیشام زەمان: بەڵێ، ئەو کلتورە دەبێت بێتە زیهنی خەڵکەوە، ئەم فێستیڤاڵەش دەبێت جۆرێکبێت لە ئەو بابەتە. هەروەها مەسەلەی کلتوری بینینی فیلمیش کاریگەری هەیە، جگە لەمەش فیلمە کوردییەکان لە هیچ کوێ پەیدا نابێت چونکە بڵاوکاریان نییە بۆیە بینەر لە فێستیڤاڵەکەدا دێن بۆ بینینی فیلمە کوردییەکان، ئەگەری هەیە فیلمە بیانییەکان دواتر پەیدا ببن، بەڵام فیلمەکەی کاک شەوکەت یان فیلمەکەی من زەحمەت پەیدا دەبن.

سولی ئۆن وێب: بەبڕوای خۆت ئەگەر نەچووبایتایە دەرەوەی وڵات و لە وڵاتێکی وەکو نەرویج نەژیابایتا، دەتوانی ئەو فیلمانە بەرهەم بهێنی کە ئێستا بەرهەمەت هێناون؟

هیشام زەمان: ئەم پرسیارە، پرسیارێکی هاپۆتەتیکە، چۆن بڵێم، واتە من دەتوانم ڕابردوو باسبکەم بەڵام نازانم داهاتوو چییە، من دەڵێم بۆ من دەرگایەک کراوەتەوە و ئێستا لە نەرویجم، ئیحتیمالە ئەو دەرگایە زۆر ئاسان نەبێت ئەگەر لە کوردستان بووایەم، ئەو فرسەتەی بە من دراوە هەوڵمداوە بەباشی و بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ ئیستیغلالی بکەم و ئیشەکانم دروستبکەم و دواتر پێشکەشی بکەم. ئەمە فرسەتێکە بەمن درا، ئەم هەلە بەمجۆرە لە هەموو وڵات و لەهەموو شوێنێک ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی هیوایەتم سینەمایە لە کوردستانیش بووایەم هەر دەبوومە فیلممەیکەر، بەڵام ئیحتیمالە نەگەیشتمایە ئەم ئاستە، ئیحتیمالە نەگیشتمایەتە ئەم ئاستەی ئێستا، نازانم!

سولی ئۆن وێب: هەڵبەت ئەم یەک – دوو پرسیارە پەیوەندی بە بابەتی فیلمەکانیشتەوە هەیە، باشە. ئایا نەرویج شتێکی لەتۆ سەندووەتەوە کە نەتویستووە بیدەیت، یان شتێکی پێداویت کە بڕواتنەکردووە بەدەستی بهێنیت؟

هیشام زەمان: بەدڵنیایی زۆر شت هەبوون کە من تەسەورم نەدەکرد و زوو بەدەستم هێنا، لەبەر ئەوەی هیچ شتێک ئۆتۆماتیک نییە لەم ژیانەدا، زۆرکەس هەیە کە حەز لە سینەما دەکات، جاری واهەیە لەوانەیە دەزگاکەش هەبێت لە دەوروبەری بەڵام ناتوانێت ئیستیغلالی بکات، ڕەنگە تاقەیەکی ئەوتۆی نەبێت. بۆیە من بەشێک لە شتەکان سەبارەت بە خۆم وەکو هەدییەیەک دەبینم. سەبارەت بەوەی کە شتێکم بەخیشەوە و نەمویستبێت، من ئەوە دەڵێم کە چیرۆکەکانم لە بیرێکی دیکەوە دێنم، بەڵام بەجۆرێک دایدەڕێژم لە فیلمەکانمدا کە نزیکبێت لە واقیعیەتی خۆمەوە، هەر ئەمەشە کە پرۆفایلی من وەک فیلممەیکەر دروستدەکات.

سولی ئۆن وێب: من فیلمی "باوکە" و "نامەیەک بۆ پاشا"م بینیوە، هەروەها دەزانم کە لە فیلمی  "پێش بەفربارین"یشدا بەجۆرێک کارت لەسەر مەسەلەی پەنابەر کردووە. هێڵی گشتیی فکرەی ئیشەکان کارکردنە لەسەر پەنابەر، هەروەها گرێی کارەکتەرەکانت گرێی ناو خەڵکی پەنابەرە، ئەم کارکردنە لەسەر پەنابەر بۆچی دەگەڕێتەوە لەلای تۆ؟

هیشام زەمان: من هەمیشە کە تەرکیزم کردووەتە سەر پەنابەر، تەرکیزی لایانی ئینسانەکەم کردووە، کە ئێمە ئەمڕۆ بیر لە پەنابەر دەکەینەوە، هەمیشە بر لە سیاسەتیش دەکەینەوە، سیاسەتی دەوروبەری پەنابەر، لایەنە ئینسانییەکە بەخەفیفی دێتە میدیاکان، بەڵام لەلای من لایەنە ئینسانییەکە بەهێزترە، بۆنمونە لە نەرویج پەنابەرەکان بە گروپ تەماشا دەکرێن و دەڵێن ئەمانە پەنابەرن، بەڵام من ناڵێم پەنابەرن، ئەمانە پەنابەرن لەهەمانکاتدا ناویان هەیە، چیرۆکیان هەیە و ڕابردوویەکیان هەیە، ئەو پەنابەرانە پەنایان بردووە بۆ ئەم وڵاتە بۆ چەندەها سەبەب، نەک بەتەنها سەبەبی شەڕ، نەک لەبەر ئەوەی وەزعی خراپە و دەچێتە وڵاتێکی زەنگین، بەڵکو زۆرن هۆکارەکان.

سولی ئۆن وێب: دەتوانین بڵێین تۆ دەتەوێت ئەوە بکەیت کە پەنابەران لە بازنە سیاسییەکە بهێنیتە دەرەوە بۆ بازنە ئینسانییەکە؟

هیشام زەمان: دەتوانین ئەوە بڵێین و لەهەمانکاتیشدا نا، لەبەر ئەوەی، لەبەر چی ئینسان پەنابەرە؟ کۆنسکوێنسی پەنابەر ئەوەیە کە لە سیاسسەتێکی زەحمەت و کۆمپلێکس ڕادەکات، بەڵام سیاسەتێکی دیکە بەرامبەری دەگرێت، سیاستەێکی دیکە دەڵێت لەم دیوارە بۆتنییە تێببەپەڕێت، لە کەمپدا یان لە دەرەوەی کەمپدا، دەڵێت من ئەم سەقفەی بۆ دادەنێم تۆ ناتوانیت لێی دەرچیت، بۆنمونە لەم فیلمەدا دەبێت پەنابەران سەعات ٧ بگەڕێنەوە بۆ ئەو پاسەی کە سەفەری پێدەکەن. سیاسەتی دیکەش هەیە، بۆنمونە ئەوروپا دەڵێت ئێوە مەیەن بۆ ئێرە من پارەکە دەنێرم بۆتان، دەڵێت مەیە لەماڵی من دامەنیشە من پارەت بۆ دەنێرم لەهەر کوێ بیت، یارمەتیت دەدەم زەمیری خۆم مورتاح دەکەم بەڵام لە دەرگاکەم مەدە. ئەو سیاسەتەش هەیە. بۆیە لایانە سیاسییەکە بەزەقی پێشان نادەم، لایەنە ئینسانییەکە دەخەمە بەرچاو لەهەمان کاتیشدا پەیوەندی هەر هەیە، چونکە ئەمە هۆکاری سیاسەتێکی غەڵەت و سەقەتە، کە وادەکات هەم خۆی. خێزانی، سەروەت، کلتور و زمانی هەموو شتێک بەجێبهێڵێت و بڕوات لە هەندەران ژیان بەسەر ببات تا ژیانێکی باشتر بۆخۆی و خێزانەکەی بدۆزێتە.

سولی ئۆن وێب: چی دەڵێیت لەسەر کۆچی هاوڵاتیانی کوردستان لە ئێستادا؟

هیشام زەمان: لەڕاستیدا مەسەلەی پەنابەر ئەمڕۆ بووەتە شتێکی گلۆباڵ، ئێمە کە لە نەوەدەکان چوین بۆ نەرویج وەزعی پەنابەر زۆر باشتربوو و بەڕێزتر بوو، پەنابەر ئەوکاتە لەلای ئەوروپییەکان زۆر بەڕێزتر بوون، ئەوکاتە کە ئێمە چووینە نەرویج یەکسەر ماڵێکیان داینێ و چووینە ناوی. بەوپەڕی ڕێزەوە ئەوکاتە ئێمەیان پێشوازی کرد، ئەمڕۆ ئەو وێنەیە نەماوە و ڕووخاوە، هەرچەند ئەمڕۆش دیسان خەڵک بەرەو ژیانێکی باشتر دەڕوات، لە شەڕ و ناخۆشی و قەیرانی ناوخۆ هەڵدێن و دەڕۆن بۆ هەندەران، دەبێت ئەوە بگرەنە پێش چاو کە مەئەسات و ناخۆشییەکی دیکە لەوێ چاوەڕێیان دەکات ئینجا ئەگەر فیزیک بێت یان سایکۆلۆجیک بێت، دەبێت زەحییەش بدات، ئایا ئەو گەنجانەی کوردستان ئەوەیان خستووەتە بەرچاو؟ ئەوەیان خستووەتە بەرچاو کە ڕۆژێک دێت لە ئەرزشی مرۆڤایەتیی ئەوان کاریگەری دەبێت، من هەوڵمداوە لە فیلمەکەمدا ئیش لەسەر ئەم لایەنەش بکەم ئەویش هاتنەخوارەوەی بەهای ئینسانە، ئەوە زۆر موهیمە بیزانن، تۆ دەتوانیت ماڵ و سەروەتت لەدەست بدەیت، دەتوانیت بێ پارە بیت بەڵام ئایا تۆ دەتوانی ژیان بەردەوام بکەیت گەر بەهای ئینسانیت بزر بکەیت؟ بۆیە ئەو بەها ئینسانییە زۆر موهیمە و ناتوانین بەئاسانی لەدەستی بدەین.

سولی ئۆن وێب
: سەبارەت بە شێوازی ئیشکردنی تۆ بۆ بەرهەمهێنانی فیلم، چۆن چیرۆک و سیناریۆکانت دروستدەکەیت؟

هیشام زەمان: دەمەوێت ئەوە بڵێم کە فیلمەکانی من بەتەنیا لەسەر پەنابەر نییە، بابەتی ئینسانی زۆر گرنگە بۆ من. پەنابەرێک لە ئەوروپا بەیانیان کە لەخەو هەڵدەستێت ناڵێت من پەناهەندەم و دەبێت مامەڵەی پەناهەندەیەک بکەم، ئینسانە و مومارەسەی ئینسانییەتی خۆی دەکات لەو وڵاتەدا، ئیتر بە پۆزەتیڤ بێت یان نێگەتیڤ دەچێتە دوای خەونی خۆی، ئەو شتەی دەیەوێت. بەڵام حدودی خۆیشی هەیە، بۆنمونە بێ سەپۆرتە، بێ پارەیە، بێ زمانە، بێ وڵاتە و دەبێت وڵاتێک بۆخۆی دروستبکات.

سولی ئۆن وێب: تۆ چۆن سوود لەم بابەتە وەردەگریت بۆ دروستکردنی سیناریۆ؟

هیشام زەمان: من ڕۆژانە دەیبینم، لە ئۆسلۆ ئەم پەناهەندانە دەناسم، بەشێکیان برادەرمن، بەشێکیان هاوڕێی برادەرێکمن، بەشێکیان بۆم باسدەکەن چێرۆکەکانیان. من زۆر ڕیسێرچ دەکەم و جاری واهەیە سەفەریش دەکەم.
سولی ئۆن وێب: سەبارەت بە فیلمی "نامەیەک بۆ پاشا" بیرۆکەی ئەم فیلمە لەکوێوە هات؟

هیشام زەمان
: بیرۆکەی ئەم فیلمە هی منە و بەهاوبەشی لەگەڵ مەمەد ئەکتاش نووسیوە. یەکەمجار کە فکرەکە هات حەوت شەخسییەت بوو، نەمویست بیکەم بە عەوت چیرۆک چۆنکە حەوت چیرۆک کۆمپلێکس دەبوو، من ویستم پێنج کارەکەتر و یەک چیرۆک بێت، واتە چیرۆکی کارەکتەرەکان بتوێتەوە لەناو یەکتردا و خەتێکی سوور کە نامەکەیە بۆ پاشا، وەکو ڤۆیس ئۆڤەرێک. هەر بۆیە هەلگری نامەکە کارەکتەری "میرزا" کە باسی نامەکە دەکات، هەر باسی خۆی ناکات، باسی پەنابەرانیش دەکات، باسی داهاتووش دەکات. ئەو شتانەی کە بۆ کاک مەمەدم باسکرد زۆر نزیک بوو لەو شتانەوە کە ئەو لە بەرلین دەیبینین دەربارەی پەنابەران. خەتی سیاسی وەک یەکە لە ئۆسلۆ و بەرلین یان زۆر نزیکە لە یەکترەوە، ماناکەی ئەوەیە کە ئەم بابەتە شتێکی گلۆباڵە، ئەم ڕووداوە کە لە ئۆسلۆ ڕوودەدات، دەیتوانی لە بەرلین، فەڕەنسا و هۆڵەنداش بێت، ئەو مەسەلە ئینسانییە یەک شێوەیە.

سولی ئۆن وێب: باسی هەندێک تایبەتمەندی پەنابەرت کرد، سەبارەت بەم فیلمەت "نامەیەک بۆ پاشا" ئایا سیناریۆکەت کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەکتەرەکانتەوە، بەتایبەت وەک خۆت ئاماژەت پێداوە بەشێک لە ئەکتەرەکانت خۆیان پەنابەرن لە ئۆسلۆ؟

هیشام زەمان
: من وا هەستدەکەم کە ئەکتەرەکانم کاریگەری باشیان داناوە لەسەر سیناریۆ.

سولی ئۆن وێب
: واتە گۆڕانکاریت لە سیناریۆکەتدا کردووە پاش ئەوەی کە کاستینت تەواو بوو؟

هیشام زەمان
: بەڵێ بێگومان، من هەمیشە وادەکەم، هەرگیز فکرەکانم ناسەپێنمە سەر ئەکتەرەکان و بەزۆر حیواریان نادەمێ.

سولی ئۆن وێب: گفتوگۆت هەیە لەگەڵ ئەکتەرەکان یان لەڕێگەی ژیانی ڕۆژانەیانەوە ئەم کارە دەکەیت؟

هیشام زەمان: گفتوگۆم هەیە لەگەڵیان، سیناریۆیان نادەمێ سەرەتا، فکرەکەیان دەدەمێ لەسەر شەخسییەتەکە، کارەکەتەرەکە چۆن بینا دەبێت، کێشەی چییە، چۆن قسە دەکات و پێویستیی چییە؟ حیوارێک دروستدەکەین، جاری وایە کە حیوار دەدەم بە ئەکتەر، پرسیاری لێدەکەم، دەڵێم ئەگەر ئەم حیوارانە خۆت بوویتایە وا قسەت دەکر؟ ئەرە تۆ لەگەل من قسەت بکردایە بەوجۆرە دەتوت، دەڵێ نا، بەڵکو بە جۆرێکی دیکە دەمگوت، منیش پێی دەڵێم چۆن خۆت دەتەوێت بیڵێیت و سروشتییە، بەوجۆرە بیڵێ.

سولی ئۆن وێب: بۆ ئەمە دەکەیت؟

هیشام زەمان: زیاتر لەبەر ئەوەی کە چیرۆکەکان نزیکە لە ژیانەوە، هەر لە ژیان و ڕیسێرچ و گفتوگۆ و ئینتەرڤیووەوە ئەم فکرانەم بۆدێ، وە دەمەوێ بەو نەوعە بیگەڕینمەوە بۆ فیلمەکە و بۆ ژیان، واتە بزر نەبێت و هەر ئەو خەتەی ناو ژیان بگرم.

سولی ئۆن وێب: هێڵی گشتی فیلمەکە بریتییە لە نامەیەک، کە کارەکتەری میرزا دەیەوێت لە فیلمەکەدا بیبات بۆ پاشای نەرویج، بەڵام لە فیلمەکەدا ئەم نامەیە ناگات بە کۆشکی پاشا و میرزالەبەردەم کۆشکدا خەوی لێدەکەوێ و نامەکە با دەیبات، ئەمە لەکاتێکدا ڕوودەدات کە نامەکە بە بە دەنگ لە کۆی فیلمەکەدا دەخوێنرێتەوە و چەندین بابەتی تێدایە وەک خۆت ئاماژەت بۆ کرد، بۆچی لە فیلمەکەدا نامەکە ناگاتە پاشا، مەبەستێکی تایبەتی لەپشت ئەمەوە هەیە؟

هیشام زەمان: ئەم نامەیە ناگات، لەبەر ئەو نەزرەی کە ئەم کۆمەڵگایە هەیەتی لەسەر ئەو پیاوە پیرە "میرزا" هەر نەزرەیەک بێت بەرامبەر بەو پیاوەی کە داد و بێداد دەکات، هاوار دەکات، منداڵی ئەنفال بووە، لە مەئەساتێکدایە، کە سیستەم ئەم هەستانە نەبینێت و ئەم هاوارە نەیبیستێت، ئەویش هەوڵدەدات لەگەڵ پاشا بەشێوەیەکی ئینسانی قسە بکات، لەگەڵ زەمری پاشا قسە بکات، دەڵێت سیستمە کە کوێر بێت، ئینسان هەر ئومێدی هەیە، ئەو ئمێد بە ئینسانەکان دەدات زیاتر لە سیستەمەکە. پاشای نەرویج و کارەکتەری میرزا لە یەک جیلن، لەجێگەیەکی نامەکەدا پێی دەڵێت؛ ئەگەر خوانەکردە منداڵەکانی تۆ شتێکیان بەسەربهاتبا تۆ هەستت چۆن دەبوو؟ بۆیە لەوێدا بۆمان ڕووندەبێتەوە کە کابرایەکی بەئومێدە. ئەو نامەیە ڕاستە با بردی و نەگەیشتە پاشا لە فیلمەکەدا، بەڵام ئێمە ئەو نامەیەمان هەڵگرت، پرێنتمان کرد، من بانگهێشتکرام بۆلای پاشا لە نەرویج، ماوەی ١٥ خولەک من وەزعی ئەم پەنابەرانەم تێگەیاند پاشا پرسی کە چۆن ئەم فکرەیەت بۆ هات بۆ ئەم فیلمەت، منیش بۆم ڕونکردەوە. ئەم شتە بۆ من زۆر ئیرۆنی بوو، ئێمە لە فیکشن نەمانتوانی نامەکە بگەێنین بەڵام لە ژیان ئێمە ئەو نامەیەمان گەیاند بۆ شوێنی خۆی، ئەویش کاریگەری ئیشی هونەرە، بەوەی کە هونەر جاریوایە کاریگەری وا دروست دەکەیت کە ئێمە توانیمان نامەکە بگەیەنینە پاشا.

سولی ئۆن وێب
: لەم فیلمەدا چەند شتێک لە کارەکتەرەکاندا بەدی دەکەین، ئەویش مەسەلەی خەمخۆریی ئەوانە بۆ وڵات و لەهەمانکاتیشدا ڕەخنەگر و پێشاندانی نەهامەتییەکانی وڵاتەکەیانن لە یەک کاتدا، بۆ نمونە کارەکتەری میرزا لە دیمەنی یەکەمدا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ وڵاتی خۆی بەڵام لە درێژەی فیلمەکەدا و لەو نامەیەدا کە نووسیویەتی ئاماژە بە نەهامەتی نەوت دەکات بۆ وڵاتەکەی ئەو، دیسانەوە کارەکتەری بێریڤان لە یەک کاتدا ڕەخنە هەم لە سیاسەتی پەکەکە و هەمیش تورکیا دەگرێت، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە لەلای تۆ؟

هیشام زەمان
: ئەمە پرسیارێکە هەستدەکەم وەڵامەکەی لە فیلمەکەدا هەیە، چۆن؟ کارەکتەرەکان هەریەکەیان لە وەزعێکدایە، چیرۆکی کارەکتەرەکان هیچیان لەیەک ناکات، ڕاستە لەژێر یەک سەقفدان، بە یەک پاس دچن بۆ ئۆسلۆ و دەبێت سەعات حەوتیش بگەڕێنەوە، بەڵام مەبەستیان جیاوازە، ئامانجیان ئیحتیمالە یەک بێت، بەڵام ڕۆیشتن بۆ ئامانجەکە جیاوازە، بۆ نمونە کارەکتەری بێریڤان کە هەڤاڵە "پەکەکە"یە لەبەر ئەوە نایات بۆ ئەوروپا کە شەڕێک هەیە یان برسی بێت یان بێ پارە بێت، بۆ ئەوە دێت کە شتێکی شەخسیی خۆی هەیە کە دەیەوێت جێبەجێی بکات. ڕەنگە شەڕیش هەبێت لە وڵاتەکەی بەڵام ئەم لەبەر ئەو شەڕە نەهاتووە، بەڵکو هاتووە ئیشێکی خۆی جێبەجێ بکات وەک تۆڵە سەندنەوەیەک، دواتریش مەسەلەی ئینتیقامیش شتێکی ئینسانییە. سەبارەت بە کارەکتەری میرزا، من هەستدەکەم زۆر پێویستە لە یەک کاتدا خەمخۆری وڵاتەکەی و خەڵەکەی خۆی بێت و ناقدیش بێت، لەبەر ئەوەی واقعیەتی ئەو وایە، ئەو شتێک ناڵێت کە واقیع نەبێت، ئەو شتەی کە میرزا دەیڵێت ئێمە هەستی پێ دەکەین، ئەگەر ئەو نەوتە نەبووایە ڕەنگە وەزعمان لە جێگەیەکی دیکە بووایە و باشتر بووایە. ئەو وا دەیبینێت و دەڵێت ئەو نەوتە منی بەدبەخت کرد. ئەو حەقیقەتی میرزا باسی دەکات کۆنتراستێک لەنێوان نەرویج و کوردستاندا دروستدەکات. ئەو کۆنتراستە لای من زۆر موهیمە.

سولی ئۆن وێب: پێمخۆشە بزانم وەکو سینەماکارێک سەرسامیت بە چ سینەماکارێک یاخود چ قوتابخانەیەکی سینەمای جیهان؟

هیشام زەمان: من کە گەنج بووم کاریگەری زۆری چەند سینەمایەکم بەسەرەوە بوو، لەوانە سینەمای یابانی هەروەها سینەمای ئەوروپی زۆر کاریگەری هەبووە لەسەرم، حەزناکەم ناوی دەرهێنەرێک بهێنم چونکە هەستەکەم ناعەدالەتییەک دەبێت ئەگەر ناوی یەکێکیانم بیربچێت، چونکە زۆرن.

سولی ئۆن وێب: باشە، ئەی حەز بە بینینی فیلمی کام سینەماکاری جیهان دەکەیت؟

هیشام زەمان: فیلمەکانی میشێل هانکەم زۆر پێ باشە، فیلمەکانی پێشووی عەباسی کیا ڕۆستەمیم پێباشە، فیلمەکانی نوری بیلگە جەیلانی تورکم پێ باشە، کریستیان مونجو کە دەرهێنەرێکی ڕۆمانییە موتابەعەی کارەکانی دەکەم، هەروەها فیلمەکانی کارلۆس ریگاداسی مەکسیکیش.










هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw