پشتیوان کەمال
لە دواهەمین ڕۆژی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆکدا، ئەمشەو خەڵاتەکانی ئەم فێستیڤاڵە دابەشکران. فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" توانی خەڵاتی پارێزگای دهۆک بباتەوە. ئەم خەڵاتە دەدرێتە باشترین فیلم کە لە ناوچەی بادیناندا وێنەی گیرابێت و بڕی ١٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی وەک دیاری وەرگرت، هەروەها دەرهێنەری فیلمەکە (شەوکەت ئەمین) خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لەلایەن عەلی بەدرخانەوە وەرگرت کە بڕی پارەکەی بریتی بوو لە ٥ هەزار دۆلاری ئەمریکی.
شەوکەت ئەمین کێیە؟
شەوکەت ئەمین لەساڵی ١٩٧٣ لە کوردستانی عێراق لەدایکبووە. خێزانەکەیان لەلایەن هێزە میلیشیاکانی عێراقەوە زۆریان لێدەکرێت تاوەکو عێراق بەرەو ئێران جێبهێڵن و تا ساڵی ١٩٩٩ لەوێ دەمێننەوە. لەماوەی ئەو ساڵانەی لە ئێران ژیاوە و ئەو کاتەشی دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان کار لە شانۆ و تەلەفزیۆن و سینەمادا دەکات. کورتە فیلمەکانی لەماوەی ساڵانی ١٩٩٧ بۆ ٢٠٠٥ دروستکردوون، فیلمەکانی لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا نمایشکراون و چەندین خەڵاتیان بردۆتەوە. لەساڵی ٢٠٠٢ یارمەتی ڕێکخستنی یەکەمین فێستیڤاڵی کورتە فیلمی هەولێری داوە. پەڕینەوە لە غوبار، یەکەمین کورتە فیلمی شەوکەت ئەمینە، کە تیایدا لە فێستیڤاڵی فیلمی ڕۆتردام لەساڵی ٢٠٠٧ ئەم فیلمە نمایشکرا.
فیلمەکانی دەرهێنەر:
١٩٩٧: میزەڵانەکان دەفڕن
١٩٩٨: دەرگای شاراوە
٢٠٠٠: کاتێک باران دەبارێت
٢٠٠٢: ڕێڕەو
٢٠٠٣: ترس
٢٠٠٦: پەڕینەوە لە غوبار
٢٠٠٩: شوێنێک بۆ یاری
٢٠١٤: بیرەوەریەکانی سەر بەرد
بیرەوەریەکانی سەر بەرد خەڵاتی پارێزگای دهۆکی بەدەستهێنا
شەوکەت ئەمین کۆرکی – ٢٠١٤
حوسێنی دەرهێنەری فیلم دەخوازێت فیلمێک دروست بکات لە وڵاتەکەی خۆیدا لە کوردستانی عێراق دەربارەی کارەساتی ئەنفال لە ساڵانی هەشتاکاندا کە تیایدا ١٨٢ هەزار کورد بوونە قوربانی ئەم کارەساتە. بینەر هەوڵەکانی هەموو کاستی فیلمەکە دەبینێت تاوەکو ئەم فیلمە بەرهەم بهێنرێت سەرەڕای ئەوەی کاستەکە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی گەورە دەبنەوە. ڕووبەڕووی کێشەی دارایی دەبنەوە، کێشەی ئەوەی کە ناتوانن ئەکتەری تەواو بۆ فیلمەکە کۆبکەنەوە، هەروەها ئەو داخوازییە زۆرانەی کە ئەستێرەی سەرەکی فیلمەکە لە کاستەکەی هەیە، هەروەها دیسانەوە مامی سنور کە بریتییە لە ئەکتەری سەرەکی کچی فیلمەکەی حوسێن ڕەتی دەکاتەوە کە برازاکەی بەشداری فیلم بکات لەگەڵ ئەوەی کە سنور دەیەوێت لەم فیلمەدا بەشداری بکات. "بیرەوەریەکانی سەر بەرد" فیلمێکی قورسە بۆ تێگەیشتن بەوەی دەرهێنەر بە شێوازێکی زۆر جوان ڕابردوو و ئێستای تێکەڵ بە یەک کردووە و دەیەوێت ئازارەکانی ئەم نەتەوەیە لەم فیلمەدا لێک بدات.
ناوی فیلم: بیرەوەریەکانی سەر بەرد
دەرهێنەر: شەوکەت ئەمین کۆرکی
وڵات: عێراق
سیناریۆ: مەحمەت ئاکتاش، شەوکەت ئەمین
مۆنتاژی فیلم: ئیبراهیم سەعیدی
دەنگ: جۆن گورتلەر، ئۆزگور ئاگول
سینەماتۆگرافی: سالم سەڵواتی
دیکۆر: فازڵ ژیان
بەرهەمهێنان: مەحمەت ئاکتاش، میتۆس فیلم
کات: ٩٧ دەقیقە
ئەکتەرەکان: حسێن حەسەن
نەزمی کیرک
شیما مۆلایی