پەناهەندە سوریەکان ئۆپێرایان هەڵبژارد بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتی بەجیهان، لەرێی بەژداریکردنیان لە پرۆژەیەکی موزیکیدا لەگەڵ چەند گۆرانیبێژێکی بەناوبانگی ئۆپێرا لەشاری شتوتگارتی ئەڵمانیا. ئەم پرۆژەیە تێکەڵکردنی ئازارو کێشەکانی پەناهەندە سوریەکانە، کە ماوەی چوارساڵە وڵاتەکەیان روبەڕوی جەنگ بۆتەوە، لەگەڵ کاری موزیسیانی نەمساوی مۆزارت بەناوی "Così fan tutte". ئەم پرۆژەیە بەسەرپەرشتیاری گۆرانی بێژی ئۆپێرایی کۆرنێلا لانز ئەنجام دراوە. بیرۆکەی تێکەڵکردنی مۆزارت لەگەڵ جەنگی سوریا، لای پەناهەندەکان خۆیانەوە دروستبوە، پێشئەوەی پرۆژەکە ئەنجامبدرێت. ئامانجی پرۆژەکە ئەوەیە، رەهەندێکی جیاوازتر بۆ مرۆڤەکان بکاتەوە، کۆرنێلا لانز دەڵێت: "من لە ژیانمدا لە ئەڵمانیا ئەزمونی جەنگم نەکردوە، بەڵام گفتوگۆکردن لەگەڵ پەناهەندەکاندا و بینینی فیلم لەسەر جەنگی سوریا، زۆر کاریگەریان هەبوو کە تێبگەم جەنگ چی لە مرۆڤ دەکات. ئێمە لەم پرۆژەیەدا بابەتی جەنگمان بەکارهێناوە، بۆئەوە پەیامیکی ئاشتی لێ دروستبکەین، نەک بەتەنها بۆ سوریا، بەڵکو بۆ هەموو جیهان." بەژداریکردن لەپرۆژەیەکی ئۆپێرایدا، بۆ ئەو پەناهەندانە کاریکی زۆر ئاسایی نەبو. مایسا شیمالی یەکێکە لە بەناهەندە کچە بەژداربوەکان دەڵێت: " لەسەرەتادا، هەستمدەکرد ژیانم لە ئەڵمانیا باش نیە و ناخۆشە، داهاتومان نادیارە. بەڵام لەدوای ئەوەی لەم ئۆپێرایەد بەژداربوم، هەستمکرد کە داهاتویەک چاوەرێمدەکات، من زۆرئاسودەم و دڵخۆشم کە لە ئەلمانیام." رۆژانە ئەم گروپە بەسەختی کاریان لە پرۆژەکەدا دەکرد، جگە لە فیربونی موزیک، دەبوایە فێری زمانی ئەڵمانیش ببن. ئەوەی لەم پرۆژەیەدا گرنگبو بۆ پەناهەندەکان، ئەوەیە کە توانیویانە گۆرانیەکانی کلتوری خۆیان لەناو ئەم پرۆژەیەدا جێبکەنەوە، ئەو گۆرانیە عەرەبیانەی کەدەربارەی ئاشتی وتراوە. ئەحمەد عوسمانی دەڵێت: "گۆرانیەکەمان ناوی 'جەنە' یانی بەهەشت بو، ئەم گۆرانیە پەیامێکی هەیە، دەمانەویت بە هەموو جیهانی بگەیەنیین، پەیامێکی ئاشتیە. جەنگ بوەستێنن، خوێن زۆر رژاوە. ئەمە پەیامەکەمانە." ئەم پرۆژەیە لە هۆڵی شانۆی شاری شتوتگاررت نمایش دەکرێت، لە پلاندایە لەسەرەتای ساڵی داهاتودا ببرێتە شارەکانی تری وەک مونشن و بەرلین. سەرچاوە:euronews