لە 6 - 11 ئۆکتۆبەری 2014 سەنتەری کلتوری پاڤلێۆن لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا، ڤیستیڤاڵێکی شانۆیی دەربارەی "شۆڕشی ژنان لە جیهانی عەرەبیدا" ئەنجامدا. لەم ڤیستیڤاڵەدا چەندین گروپی شانۆیی وڵاتی تونس، مەغریب، فەلەستین، عێراق و میسرەوە لەسەر بابەتی ژن لە جیهانی عەرەبیدا بەشداریان کردبو. کارەکان زۆر بە ئازایانە و توڕەییەوە دۆخی ژنیان لە کۆمەلگەی عەرەبیدا نیشاندەدا. بەگشتی بەرهەمەکان ئەوەیان پیشاندەدا، گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی وکلتوری لە جیهانی عەرەبیاندا، کاتی زۆری پێویستە.
گروپی شانۆیی "Théâtre al Ghad" لە میسرەوە، بە بەرهەمی " شەوانی باشور" لەدەرهێنانی ناسر عبدول ئەمین بەژداریانکردبو. کارەکەیان ئاماژە بەوەدەدات، کە گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەی خۆرئاوادا چەندین ساڵی پێویست بوە، لەجیهانی عەرەبیدا کێشەکان تازە ئێستا دەستپێدەکەن، کۆنەخوازەکان لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی سەردەم دا لە جەنگدان. دەقەکە باس لە سەختی ژیانی ژن دەکات لە ناوچەی "صعيد" لە میسر. لەکاتێکدا ئەگەر ژنەکان لەژیانی رۆژانەشدا سەرکەوتوبن و پایەیەکی کۆمەلایەتی بەرزیان هەبێت، ئەوا بەشێوەیەک لە شێوەکان بەبەردەوامی لەژێر دەسەڵاتی پیاودا دەچەوسێنەوە، "وەک ژن هەرگیز ناچێتە پێشەوە، گەر کۆتو زنجیرەکەت لەگەڵ خۆت هەڵنەگرتبێت" وەک لەبەشێکی دەقەکەدا دەوترێت.
گروپی شانۆی ئەکڤارێۆم Théâtre Aquarium لەوڵاتی مەغریب، شانۆیی "هی خۆم" ی نمایشکرد. لەدەرهێنانی نەعیمە زیتان و دەقی شانۆگەریەکە لە کارێکی نوسەری بەناوبانگی ئەمەریکی ئیڤ ئێنسلەرە بەناوی "The Vagina Monologues"
,کە لە زۆر وڵاتە ئەوروپیەکاندا نمایشکراوە. ئینسلەر لەنەوەدەکاندا پرسیاری دەرباری ئارەزوی سێكس، فەنتازیا، بێ هیوایی، تا شەڕانگێزی و دەستدرێژی سێکسی لەژنان کردوە. بەڵام لەم کارە شانۆیەدا ئەم بابەتانە بەستراوەتەوە بە دۆخی ژنان لە جیهانی عەرەبیدا. ئەم بەرهەمە سەفەرێکە بەناو بیرەوەری ژندا، سەفەرێکە بۆناو دڵی جیهانە تایبەتیەکەی ژن، ئەوشوێنەی کە خۆی تێدا دەدۆزێتەوە.
ئەم دەقە هەموو تابو و بێدەنگی لەسەر ژن هەیە، کە لەناو مینتالیتی کۆمەڵگەی مەغریبدا رەگی داکوتیوە تێکدەشکێنێت. ئەو مینتالتییەی کە لە توندوتیژی ئاینی و کۆنەپەرست و پیاوسالاریەوە سەرچاوەی گرتوە. لەم بەرهەمەدا باس لەوەدەکرێت، ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر جیهانی عەرەبیدا هاتوە، تەنها رەهەندێکی سیاسیان نیە، بەڵکو دەبێت لە هەموو کایە کۆمەڵایەتی و کلتوریەکانیشدا گۆڕانکاری روبدات، یەکێک لەوبابەتانە جەستەی ژنە کە دەبێت بەجۆرێکی تر گفتوگۆی لەسەربکرێت، چونکە ئەم بابەتە وەک پرسیارێکی تابو لەجیهانی عەرەبیدا ماوەتەوە.
ئەم ڤیستیڤالە ئەوی ئاشکراکرد، بەهاری عەرەبی لەسەرەتایدایە و گۆڕانکاری کۆمەلایەتی کلتوری ئێستا دەستپێدەکات، ئەوکەسەی دەیەوێت هەموو ئاوات وخەوەکانی بەهاری عەرەبی ببینێت، دەبێت کەمێک چاوەڕێبکات.
سەرچاوە: pavillon-hannover.de