سولی ئۆن وێب
گەر چویت بۆ کۆڵۆمبیا سەردانی ئەم شوێنە بکە تا چاوت بە رەنگەکان بکەوێت لە دیمەنێکی سروشتی ناوازەدا.
لە رۆژئاوای ئەندێس، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی کۆڵۆمبیاوە رووباری Caño Cristales سەرنجت رادەکیشێ بەو خاسیتەی کە لە روبارەکانی دی ناچێ. درێژییەکەی ١٠٠کیلۆ مەترە و هەندێک کات پێی دەوترێت "پەلکە زێڕینەی شل." لە ساڵێکدا تەنیا لە چەند مانگێکی تایبەت دا روبارەکە بە چەند تێکەلێک لە رەنگی سور، شین، زەرد، پرتەقاڵی و سەوزی سروشتی سەردەکەوێت. لە شوێنە سێبەرەکاندا رەنگی روەکەکە دەگۆڕێت بۆ سەوزێکی تێر.
ئەم دیاردەیە لە هیچ شوێنێکی تری سەر رووی زەوی بەرچاو ناکەوێت. هەندێک خەڵک پێیان وایە کە ئەم رەنگانە بەهۆی قەوزەکانەوە دروست بون، بەڵام ئەم بۆچونە هەڵەیە. هۆکاری دەرکەوتنی ئەم رەنگانە دەگەڕێتەوە بۆ جۆرێک روەک پێی دەوترێت ((macarenia clavigera کە لە هەل و مەرجی تایبەتی خۆیدا گەشە دەکات وەک بوونی ئاستی ئاوی پێویست و وەرگرتنی بڕێکی پێویست لە تیشکی خۆر. رەنگەکان لە مانگی ٦وە دەردەکەون تا مانگی ١٢ ی ساڵ.
لەوانەیە ئەم شوێنە بۆ زۆربەی گەشتیاران تازە بێت، بەڵام خەڵکی ناوچەکە زۆر لەمێژە ئاشنای جیاوازی ئەم سروشتەن و لە چەندین نەوەوە هەستیان پێکردووە. لە هەندێک شوێندا روبارەکە ناوی تایبەتی خۆی هەیە وەک Piscina Carol ( (Carol’s Poolکە بە واتای (مەلەوانگەکەی کاڕۆڵ) دێت تەنانەت باوەڕیان وابووە کە ئەم ناوە پاش ئەوە لەو شوێنە نراوە کە پیاوێک دوای ئەوەی دەبیستێ کە ژنی دوگیان لە ئاودا کەمتر ئازاری دەبێت لە کاتی منداڵ بوندا، هەربۆیە ژنەکەی دەبات بۆ ئەوێ تا منداڵەکەی ببێت لە ژینگەیەکی ئارام و پارێزراو لە نزیک تاڤگەیەک، پاشان کچەکەی ناودەنێت کاڕۆڵ.
سەرچاوە: BBC


