لە بەرواری ١٠/١٠/٢٠١٤ مەلالە یوسف زئی Malala Yousafzai مێژو تۆمار دەکات پاش ئەوەی وەک گەنجترین وەرگری خەلاتی نۆبڵ دەستنیشان کرا.
مەلالە خەڵکی پاکستانە و چالەکوانێکی پەروەردە و خوێندنە، لە ٢٠١٢ دا لە هەوڵێکی کوشتن لەلایەن تاڵیبانەوە رزگاری دەبێت. مەلالەو خێزانەکەی لە دۆڵی سوات دەژین کە دەکەوێتە باکوری رۆژئاوای پاکستان. لە ٢٠٠٨ دا باوکی دەیبات بۆ کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی و لە وتارەکەیدا ئاماژە بەوە دەدات کە " چەکدارانی تاڵیبان چۆن دەتوانن مافی سەرەتایی خوێندنم لێ زەوت بکەن؟" ئەمە پرسیاری مەلالە دەبێت بۆ ئامادە بوان و میدیاکان.
لە ٢٠٠٩ دا کە تەمەنی تەنیا ١٢ ساڵانە بلۆگێک دەنوسێت بۆ BBC و تیایدا ئاماژە بە ژیانی خۆی دەکات لە ژێر داگیرکارییەکانی تاڵیبان و هەوڵەکانیان بۆ داگیرکردنی سوات. هەروەها باس لە هاندانی خویندن بۆ ژنان دەکات. لە هاوینی هەمان ساڵدا لە New York Timesدۆکیومێنتەریەک لەسەر ژیانی بڵاو دەبێتەوە.
لە پاشنیوەڕۆی ٠٩/١٠/٢٠١٢ دا مەلالە بەجلی خوێندنگاوە لە پاسەکەدا لەگەڵ خوێندکارەکاندا دانیشتووە کاتێک فیشەکێک بەر سەری دەکەوێت. چەکدارەکە پرسیار لە ناوی مەلالە دەکات، کاتێک پیشانی دەدەن ٣ فیشەک دەنێت بە مەلالەوە، بۆ ماوەیەک بە بێ هۆشی لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە، کاتێک حاڵی باشتر دەبێت دەنێردرێت بۆ نەخۆشخانەی Queen Elizabethلە بەڕیتانیا.
پاشان ٥٠ پیاوی ئاینی لە پاکستان فەتوایەک دەردەکەن دژی ئەو کەسانەی هەوڵی کوشتنیان داوە. بەڵام چەکدارانی تاڵیبان دەستیان هەلنەگرتووە لە هەوڵدان بۆ کوشتنی مەلالە و باوکی.
هەوڵی کوشتنی مەلالە لە زۆربەی شارەکانی پاکستان و سەرتاسەری جیهان دەنگی دایەوە. چەندین کامپین و خۆپیشاندان ئەنجام درا دژی هەوڵەکانی تالیبان. زۆربەی سەرکردە و کەسە ناودارەکان هاتنە دەنگ وەک ئۆباما و کلینتۆن و ئەنجەلینا جولی و مادۆنا چەندین کەسایەتی ناوداری دی.
پاش هەوڵی کوشتنی، مەلالە بوو بە سیمبولیک بۆ خوێندن و پەروەردە و مافەکانی ژنان. وێنەکەی بوو بە پۆستەری کامپینە نێودەوڵەتییەکان بۆ خوێندن و پەروەردە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا مەلالە وەک شانازیەک لای هەندێک لە خەڵکی پاکستان سەیر ناکرێت. ئەمەش مەلالەو باوکی دڵگران کردووە. باوکی دەڵێت، "من بڕوام بەوە هەیە کە مەلالە کەسێکی بەهرەمەندە و لە توانایدایە ئەو شتەی دەیەوێت بە دەستی بێنێت بەڵام لەهەمان کاتدا پێم وایە لە وڵاتێکی هەڵەدا دەژی." باوکی روونی کردەوە کە کاتژمێرێک دوای پێدانی خەڵاتی نۆبڵ، چەندین نامەو تەلەفونی بۆ هاتووە کە زۆربەیان وەک شانازی باسی بابەتەکە ناکەن. لە یەکێک لە نامەکاندا کە لەلایەن ژنێکی پاکستانیەوە بۆ باوکی دەنێردرێت، ژنەکە ئاماژە بەوە دەدات کە "خۆزگە باسی ئەم کچە لە جیهاندا دەوەستا، لە پاکستان و جیهانیش چەندین مەلالەی تر هەن، ئەی بۆ رۆژئاوا و ئەمریکا باسی ئەوان ناکەن؟"
سەرچاوە: The Guardian