(لە ژیانەوە بۆ ئەنفال)  لە گەرمیان مۆنومێنتێکی جیاواز بۆ ئەنفال دروستدەکرێت

12/11/2014    04:17

(لە ژیانەوە بۆ ئەنفال) لە گەرمیان مۆنومێنتێکی جیاواز بۆ ئەنفال دروستدەکرێت  


Têkst

پێشەنگەی "لە ژیانەوە بۆ ئەنفال" لە مۆزەخانەی ژن لەشاری بۆن زیاتر لە ۱٠٠٠ فۆتۆی پۆرترێتی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال نمایشدەکات.

لە ساڵی ۱۹۸۸ رژێمی عێراق بەشێوەیەکی داڕێژراو لەژێر ناوی پڕۆسەی ئەنفال زیاتر لە۱۸٠ هەزار ژن و پیاوی گەنجی کوردی بێ سەروشوێن کرد و هەزاران پیرو منداڵی گوندەکانی خستە "کۆمەڵگە زۆرەملێکانەوە". جگە لەکارەساتی مرۆیی، ئەم پرۆسەیە هەموو سیستەمی کۆمەڵایەتی و کلتوری و ئابوری گوندەکانی بە جۆرێک شێواند، کە تا ئێستا ئەم شوێنانە کەم تا زۆر کێشەکانیان وەک خۆی ماوەتەوە. بەتایبەتی کێشەی ئەوژنانەی کە پیاوەکانیان لە پرۆسەکەدا دیارنەماون و رۆژانە بەرامبەر چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابوری و یاسایی بونەتەوە.

پێشەنگەی "لە ژیانەوە بۆ ئەنفال" لە مۆزەخانەی بۆن بەشێکە لە پرۆژەی مۆنۆمێنتێک بۆ ژنانی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال، کە لە پلاندایە لەناوچەی گەرمیان نزیک ناحیەی رزگاری(صمود) دروستدبکرێت. ئەم پرۆژەیە بەهاوبەشی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنجامدەرێت. پرۆژەکە لەلایەن "رێکخراوی هاوکاری" کە رێکخراوێکی کوردی/ ئەڵمانیە سەرپەرشتی دەکرێت و کۆنسێپتی مۆمۆمێنتەکە لەلایەن تیمی ئەندازیاری ئەڵمانی/ مەکسیکی Zeller&Moye دارێژراوە، بەراوێژکاری لەگەڵ پرۆفیسۆر میشائیل فێر.

پڕۆسەی دروستکردنی مۆمومێنتەکە

ئەم مۆنومێنتە بە شێوازێکی جیاوازتر لەو مۆنۆمێنتانەی لە کوردستان دروستکراون ئەنجامدەدرێت. مۆنومێنتەکە پێکنەهاتوە لە پەیکەرێک یان فۆڕمێکی ئەندازەیی وەک سومبولێک نوێنەرایەتی کارەساتی ئەنفال بکات، لەلایەن دامەزراوەیەکی حکومیە یان نا حکومی بڕیار لە چۆنێتی دروستکردنی درابێت.

بیرۆکەی ئەم مۆنومێنتە لە رێی پرۆسەیەکی دانوستانی درێژخایانەی ژنانی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال خۆیانەوە بەرهەمهاتوە. کە ماوەی چەند ساڵێک ئاڵوگۆڕی بیروڕای و دانوستانیان لەسەر مۆمۆمینتەکە کردوە. هەروەها "ریکخراوی هاوکاری" چەندین سیمینار و ۆرکشۆپی لەسەر مۆنۆمێنت و کارەساتی هاوشێوەی ئەنفال لە وڵاتانی تردا بۆ ژنەکان ئەنجامداوە. چەند جارێک نوێنەری ئەم ژنانە سەردانی وڵاتی ئەڵمانیایان کردوە، لەنزیکەوە بە ئەزمونی یادکردنەوەی کارەساتەکانی وەک "هۆلۆکوست" و جینوسایدی وڵاتانی روەندا و بۆسنا ئاشنابون،تاکو ئەم ژنانە بتوانن بە باشترین شێوە بڕیار لەسەر شێوازی مۆنومێنتەکەی خۆیان بدەن.

لەدوای کۆکردنەوەی زانیاری و ئاشنابون بە شێوازی ترلە مۆنومێنت، بیرکراوەتەوە کە شوێنێک دروستبکرێت، ئەم ژنانە بتوانن تێیدا کۆببنەوە و گفتوگۆ لە سەر خەمە هاوبەشەکانیان بکەن، شوێنێک بێت بۆ رەوینەوەی ئازارەکانیان، بیر لە ژیانی پێش ئەنفال و ئێستاو داهاتوی خۆیان بکەنەوە.

لێرەدا بڕیار لە دروستکردنی پەیکەرێک نەدرا، بەڵکو بڕیار لە مۆنومێنتیک درا کە وەزیفەی سەنتەرێکی کۆمەڵایەتی ببینێت، هەروەها ئەم شوێنە وەک سەکۆیەک بۆ دانوستان وبیرکردنەوە لە کارەساتی ئەنفال بەکاربهێنرێت.

شێوازی تەلارسازی مۆمومێنتەکە

شێوازی تەلارسازی مۆنومێنتەکە پێکهاتوە لە دیوارێکی بازنەیی بەرد، کە ۹٠٠م درێژەو و ۳ بۆ ۵م بەرزە، لەسەر شێوازی تەلارسازی ناوچەکە دروستدەکرێت. لەدیوی ناوەوەی چەند هۆڵێک دروستدەکرێت، وەک هۆڵی پێشەنگەو کۆبونەوە و کارکردن و کافتریاو چەند ژورێکی تر کە ژنەکان بۆ پرۆژەو ئایدیایەکانی خۆیان بەکاربهێنن.

لە سەر دیوای ناوەوەی مۆنومێنتەکە فۆتۆی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالکراوەن هەڵواسراوە. فۆتۆکان پێکهاتون  پۆرترێتی کەسەکان، لەگەڵ یادگاریەکی کەسوکارە ئەنفالکراوەکانیان کە لەبەردەستماون. ئەم یادگاریانە دەکرێت، فۆتۆیەک یان ناسنامەی شارستانی کەسەکە یان پارچەیەک جلێک بیت، لەکاتێکدا ئەگەر هیچ یادگاریەکیان نەمابێت، ئەوا کەسەکان ناویی قوربانیاکانیان لەسەردەستیان نوسیوە.

پڕۆسەی گرتنی فۆتۆکان بەجۆرێک بیری لێکراوەتەوە، کەسەکان لە بەردەم دیوارێکی گڵدا فۆتۆیان بگیرێت، دیوارێکی گەڕۆکبێت کە بتوانرێت بگوێزرێتەوە. بیرۆکەی ئەم دیوارە گەڕۆکە وایکرد، زۆرترین رێژەی کەسوکاری قوربانیان لە پرۆژەکەدا بەژداربن. چونکە زۆر جار کەسەکان لە شوێنێکی دوور دەژین، لەبەر هۆکاری تەندروستنی یان پیری نەیاندەتوانی بگەنە ناحیەی رزگاری. پڕۆسەی گرتنی ئەم فۆتۆیانە لە ساڵی ۲٠۱٠ دەستیپێکراوە، تائێستا زیاتر لە ۱۲٠٠ فۆتۆ گیراوە، لەو هەوڵەدان لەداهاتودا فۆتۆی زیاتر کۆبکەنەوە.

ئەم فۆتۆیانە جەگەلەوی، فۆرمێکی ئاشنایە بۆ کەسوکاری قوربانیان، چونکە خۆیان بەژدارن. لەهەمانکاتدا فۆتۆکان وەزیفەی ئەرشیف دەبینن لەسەر دۆخی ئێستای کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و ئەو یادگاریانەی لەسەر قوربانیان لە بەردەستیان ماوە، کەترسی ئەوە هەیە لەداهاتودا ئەم یادگاریانەش لەناوبچن.  

بۆئەم پرۆژەیە  شێوازێکی تری مۆنۆمێنتە لە کوردستان؟

جیاوازی ئەم مۆنومێنتە لەگەڵ زۆربەی مۆنومێنتەکانی تری کە بۆ کارەساتی وەک هەڵەبجەو ئەنفال یان شەهید دروستکراوە لەوەدایە، لەم مۆنومێنتەدا پەیکەریک یان فۆڕمێکی ئەندازەیی نەگۆر نوێنەرایەتی کارەساتەکە ناکات. بەڵکو ئەوەی نوێنەرایەتی کارەساتەکە دەکات، ژنانی کەسوکاری ئەنفالکراوان خۆیانن لەناو مۆنومێنتەکەدا. لەم مۆنومێنتەدا فۆرمی یادکردنەوەکە دروستکردنی پەیکەرێک نیە، چونکە هیچ وێنەیەک نیە بتوانێت گوزارشت لە کارەساتێکی وا دڕندانە بکات. بەڵکو فۆڕمی یادکردنەوەکە، لە بەیەکگەیشتنی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان خۆیان و گۆڕینەوەی یادەوەریەکانیانەوە دروستدەبێت.

لێرەدا پرۆسەی یادکردنەوە لەکارەساتی ئەنفال لەناو فۆڕمێکی وەستاودا قەتیس ناکرێت. بەڵکو فۆڕمی یادکردنەوە  پرۆسەیەکی کراوە و زیندووە، لە ناو بیرەوەری کەسەکانەوە، لەئێستا و داهاتودا بەبەردەوامی بەرهەمدێت.

پێشەنگەی لە ژیانەوە بۆ ئەنفال لە بەرواری 21.9 تا 9.11.2014 سەعات 12 لە "مۆزەخانەی ژن" لە شاری بۆن لە وڵاتی ئەڵمانیا  دەکرێتەوە.













هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw