فایەق بێکەس خۆی ناشرین بو یان پەیکەرەکەی؟

12/11/2014    04:39

فایەق بێکەس خۆی ناشرین بو یان پەیکەرەکەی؟ 


Têkst

لە بەرواری  30.8.2014  لە سەرای سلێمانی پەردە لەسەر پەیکەری شاعیری ناسراوی کورد فایەق بێکەس لادرا، دروستکردنی ئەم پەیکەرە لەلایەن پەیکەرساز د. بەیان مانی وە ئەنجامدراوە.
ئەم پەیکەرە ماوەی سێ ساڵ زیاترە دروستکراوە، بەڵام کێشە هەبووە لەسەر دانانی لەبەردەکی سەرا، بۆیە  پەیکەرەکە لە گەلەری هونەرمەند لەناوچەی پیشەسازی سلێمانی مابوەوە.

ئەوەی ئێمە لێرەدا پرسیاری لێدەکەین، ئاستی هونەری پەیکەرەکەیە، شوێن کێشەیەکی سەرەکی نیە. لەوانەیە سەرا بۆ فایەق بێکەس شوێنێکی زۆر شیاوبێت، چونکە پەیوەندێەکی مێژویی لەنێوان فایەق بێکەس و بەردەکی سەرادا هەیە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە، دوای هەموو ئەو رەخنانەی لە پەیکەرەکانی شارەکانی کوردستان کراوە، لە نزمی ئاستی تەکنیکی و نەبونی بیرۆکەی هونەری شیاو. نەتوانرا رێگە بەدانانی پەیکەری فایەق بێکەس بگیرێت کە بەهەمان ئاستی نزمی پێشو دروستکراوە.

دیارە لە رابردودا رەخنەی زۆر لە دانانی ئەم جۆرە پەیکەرانە لە شوێنە گشتیەکاندا لەلایەن بەشێک لە هونەرمەندانەوە کراوە. زۆرجار ئاماژە بەوەکراوە، دەبێت لیژنەیەکی هونەری پسپۆر هەبێت بۆ بڕیاردان لە دروستکردنی ئەو پەیکەرانە لە شوێنە گشتیەکاندا.

ئێمە لەسەر دانانی پەیکەری فایەق بێکەس لە بەردەکی سەرا لێدوانی چەند هونەرمەندێکمان وەرگرت کە لەکاتی مەراسیمی پەردە لابردنەکادا ئامادەبون.  لەسەر ئاستی تەکنیکی و هونەری پەیکەرەکە ئاماژەیان بەچەند خاڵێک کرد.

ئاڤان سدیق: "بە گشتی پەیکەرەکە لە زۆر روەوە لاوازە. لەلایەک تشریحی ناتەواو و کەمو کورتی لە پێوانەدا هەیە. لەلایەکی تر داڕشتن بە جۆرێکە کە  فۆرمی کتێبەکان بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیان لەگەڵ فیگورەکە دروستنەکردوە. بەپێچەوانەوە کەموکورتیەکانی تەشریحی پێ شاردراوەتەوە و فیگورەکەی لە شێوازێکی واقعییەوە نەگۆریوەتە سەر شێوازێکی تعبیری.  ئەمە ئەگەر هونەرمەند مەبەستی بووبێت کارەکە بکاتە تعبیری. چونکە فیگورەکە خۆی تعبیری نییە. بەڵکو جۆرێکە لە کۆلاژی بەیەکداچوی جیاواز. خاڵێکی گرنگیتر لە پەیکەری کەسایەتیە ناسراوەکان، گرنگی دانە بە روخسار. بەڵام بەهۆی شێوازی داڕشتنی پەیکەرەکە کە کاغەزێکی بەدەستەوە گرتووە، تەنها لە یەک ئاڕاستەوە روخسار دەبینرێت. چونکە کاغەزەکە زۆر نزیکە لە دەموچاوییەوە، کەواتە لە دورییەکی دیاریکراوەوە نەبێت روخسار نابینریت. جگە لە گرنگینەدان بەوردەکاریی و پاكکردنەوەو سافکردنی پەیکەرەکە."

بە دێژایی ئەم بیست ساڵەی رابردوو، ئەم ئاستە نزمەی دروستکردنی پەیکەر لە شوێنە گشتیەکاندا بەبەردەوامی دەبینرێت. لە کاتێکدا ئەم دیاردەیە زۆرجار توڕەیی هونەرمەندانی لێکەوتۆتەوە، کەچی ئەم ئەزمونە بەبەردەوامی دوبارەدەبێتەوە. ئەم دیاردەیە بۆ زورێک لە هونەرمەندان ئەوەندە بێمانایە، کە زۆر جار بە رەخنەی هونەری ناکرێت گوزارشتی لێبکرێت.

رێبین مەجید: "بۆمن ئەو پەیکەرە بیرەوەریەکی زۆر خراپی بەجێهێشت، بەرامبەر سەقەتی کارەکە توڕەیم گەیشتە ئەوپەری. تائێستاش بێزاری ئەوە دایگرتووم کە ویستم هەرایەک بنێمەوە لەکاتی پەردە لادانەکەدا، بەڵام بەداخەوە نەمکرد. ئەویش لەبەر خاتری کچەکەی فایەق بێکەس بو کە وتاری دەخوێندەوە، ئەگینا کارەکە خۆی ئەوەندە سەقەت دروستکراوە، ئیهانەیە بۆ هەموو کلتوری ئەم شارە کە بەوشێوەیە کەسە جوانەکانی ناو مێژووی خۆی ناشرین دەکات."

شوێنی ئەم پەیکەرە لە ئێستادا وەک بەشێک لە پرۆژەی مۆزەخانەی سەرای سلێمانی دەرکەوتوە، کە ماوی چوارساڵ زیاترە کاری نوێژەنکردنەوەی بۆ دەکرێت. سەبارەت بە شوێنی پەیکەرەکە لە بەردەکی سەرا.

هونەرمەند رۆژگار مەحمود دەڵێت: "جێگای ئەو پەیکەرە، لەگەڵ ئەوەی بۆ ئەو شوێنە قەرەبالغە ناگونجێت. لە ڕووی فۆرمیشەوە درێژکراوەی کەموکورتی پەیکەرەکانی پێشوی ناو شوێنە گشتییەکانە. زۆرسەیرە، بۆ هەوڵ نادرێت کار لە فۆرمی تازەدا بکرێت، یان ڕەگەزەکانی ئەوشوێنە بکەنە بەشێک لە کارەکە. گەر دەشیکەن، با ئامانجێکیان هەبێت لە ڕووی فورمەوە، نەک تەنها داگیرکردنی شوێنە گشتیەکان بێت."

بەهەمانشێوە هونەرمەند و راوێژکار لە بەرێەوبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی عوسمان قادر نیگەرانی خۆی بەرامبەر دانانی ئەم پەیکەرە دەربڕی. "کاتێک هەواڵی دانانی پەیکەری فایەق بێکەسی نەمرم بیست، گوتم دەبێت کی جورئەتی دروستکردنی ئەم کەڵە شاعیرەی کردبێت؟. کاتێک پەیکەرەکەم بینی، زۆر کاریگەری ناخۆشی لا دروستکردم. لەبەرئەوەی کارەکە زۆر بێئەزموونی و بێسەلیقەیەیی پێوە دیارە، هیچ بنەمایەکی جوانی و ئاکادیمی و تەکنیکی تیا نیە. هەروەها پەیکەرەکە تایبەتمەندیەکی نیە کە ئاماژە بە بینەر بدات بۆ گەورەیی و کوردپەروەری بیکەس ی شاعیر. من نازنم کێ رێگایداوە ئەم کارە لەبەردەمی سەرای سلێمانیدا دابنرێت، لەکاتیکدا کە سەرا هێشتا تەواو نەبووە؟.

نمایشکردنی پیکەری فایەق بیکەس لەکاتێکدایە، هونەرمەند شوان کەمال پەیکەرێکی بۆ شیرکۆ بێکەسی کوڕی دروستکردوە بە ئاستێکی پرۆفیشناڵ. کەواتە کێشە لە توانای هونەریدا نیە، بەڵکو بڕیاردان لە چونێتی دروستکردنی ئەم پیکەرانەو دانانی لە شوێنە گشتیەکاندا.










پەیکەری شاعیری کۆچکردو (شێرکۆ بێکەس) کاری هونەرمەند (شوان کەمال)

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw