شێرزاد حەسەن ( پایزنامە) بۆ: ئازاد سوبحى

13/11/2014    03:52

شێرزاد حەسەن ( پایزنامە) بۆ: ئازاد سوبحى 


Têkst

 (شێرزاد حەسەن)
25-28/10/2014

ئازاد یەکێک بوو لە جوانترین و تەنیاترین نووسەرەکانى ئێمە، تەنیاییەک کە کەس بەسەر ئەودا نەیسەپاندبوو، بەڵکو هەڵبژاردنى خۆى بوو. بۆ من زۆر قورسە بە چەند وشەیەک ئەو مرۆڤە خامۆش و هێور و پڕە وەک زەریا بدوێنم و بیلاوێنمەوە، ئەم عەقڵێکى کراوە و دەوڵەمەندى ئێمە بوو، کەچى هیچ فیز و لاف و گەزافێکى نەبوو، ئەم وەک شاعیر و رەخنەگر  زمان و دیدگا و جیهانبینى و خوێندنەوەى جیاواز و قووڵى خۆى هەبوو.

دواى ڕاپەڕین بوو کە ئازادم ناسی، سەنگین و کەمدوو، جوانناس، خوێنەرێکى بە سەلیقەى فیکر و ئەدەبی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، یەکەمجار چیرۆکى (تووتیستان) بوو کە وایکرد پتر لە یەکدى نزیک ببینەوە، چونکە دواى بڵاوبوونەوەى، بە ماوەیەکى کەم، لە گۆڤارى ( سەراب )دا نووسینێکى تێر و تەسەلى نووسی کە بۆ من وەک نووسەر تازە بوو، ناچارى کردم کە بکەوینە دەمەتەقێ و دیالۆگ لەسەر هەموو  نهێنیانەى کە ئەم لەو دەقەدا بینیبووى، کە دەتوانم بڵێم شیکار و خوێندنەوەى نائاگاهى من بوو، کە هانى دام سەر لە نوێ چیرۆکەکەم بخوێنمەوە، دیارە ئەوەش لەو دیوە پەنهانەوە هات کە ئازاد سوبحى بینیبووى، بووە مایەى تێڕامانى زۆرتر بۆ من، ئیدى پەڕینەوە بۆ قسەکردن لە ئەفسوونى ئەدەب وەک چەکێک دژى دەبەنگى، ئەدەب وەک تۆمارى ئەو مێژووەى مێژوونووسەکان نایبینن یان نایانەوێت بیبینن، داهێنان و هەژارى ئێمە لەو بوارەدا.. دەیەها بابەتى دیکە.

لەوە بە دواوە.. هیچ نوسینێکى ئەوم نەبواردووە، بەڵام ئازاد لە گەوهەرفرۆش دەچوو، هەمیشە وایدەکرد زۆر چاوەڕوان بین تاوەکو دەچووە بن زەریاى رۆح و فیکرى خۆى و مروارى و مەرجانى دەچنییەوە، ئەوسا بێ کەشوفش پێشکەشی دەکردین. بە ئەمەکەوە دەیڵێم بۆ هەمیشە وەک قوتابییەکى شەرمن بە تاسەوە حەزم بوو لێوەى فێر بم. ئازاد ڕێزى هەر وشەیەکى دەگرت، چ بە زار و چ بە نووسین، بۆ هیچ خواستێک و تەماعێک و ئیگۆیەکى هەڵئاوساو ئامادە نەبوو یەک پیت بە فیڕۆ بدات، ئەم مامەڵەى ئەڵماسی لە تەک وشەکانى خۆیدا دەکرد.

بێگومان ئەم عاشقە ژیان بوو، بەڵام دەیزانى بەختەوەرى وا دەنێو شتە سادەکاندایە، ئاسوودەگى خۆ قورتارکردنە لە پێویستییە پووچەکانى دونیا کە بێجگە لە ئازاد هەمووان شەڕى بۆ دەکەن و زۆرینە خۆى بۆ دەفرۆشن.. ئەم هەڵگرى ماناى ناوى خۆى بوو کە بە هەق ئازا و ئازاد بوو..زێدە سەربەست و بێباک لە هەڵپەى شێتانە بۆ تەماعەکانى دونیا، ئەم سۆفییەکى هاوچەرخ بوو، من چاک ئاگادارى ئەوە بووم کە مرۆڤخۆرەکانى کوردستان بە درێژایی ئەو بیست و سێ ساڵە ماڵ و سامانى (هاروون و قاروون)یان پێبەخشی، کەچى هەمووان دەزانن، چ دۆست بن و چ دوژمن، کە ئازاد سەرى نەوى نەکرد، زاتێکى سەرکەش بوو.. ئەم هەتا بەخششی دۆستە هەرە نزیکەکانى خۆى ڕەت کردەوە. ئەم وابوو.. عیساى مەسیح واتەنى: بە چى دەچێت کە هەموو دونیا ببەیتەوە، کەچى نرخەکەى دۆڕانى خۆت بێت؟

ئەم تەمەنى خۆى داگیرساند و نەچووە بەر ئاگردانى نامەردان.. ئەم کەلاوەنشینى هەڵبژارد و بە قەرز نەچووە کۆشکى گەورەکان، لەوەشدا تەنیا نەبوو، بەشێکى جوانییەکانیش (خاتوو سوعاد)ى هاودەم و هاوژین و هاوخەمى لە تەک (سوبحى)دا بەشیان دەکرد، ئەو خانمە زێدە زیبا و دڵگەشە هیچى نەبوو بێجگە لە دڵێکى گەورە و دەریا ئاسا و دە پەنجەى دەستەکانى کە شەوان وەک دە مۆم دایدەگیرساندن تاوەکو ئازاد دەرەقەت بێت لە ژێر رۆشنایی چراى چاوانى ئەو خاتوونە غەمینەدا خەمەکانى بنووسێتەوە.. خاتوو سوعاد ژنێک بوو لە شێوەى چلچراى هەمیشە ڕۆشن.. بۆ هەمیشە نیگارێک لە خەندەلێو.

لە دوا دیدارمدا لە تەک (ئازۆ)دا خەندەیەکى خوێناوى بەسەر لێوییەوە بوو، کە دەمویست گڕى بدەم بۆ مانەوە لەم ژیانەى کە بە زیندوێتى چاوان هەموومانى کوشتووە، وتم ( ئازۆ ) منیش وەک تووڕە و غەمینم، بەس هیچ نەبێت بمێنە.. زۆرن کە تۆیان خۆشدەوێت.. چەندە پووچ بووبێت زیندەگى ئێمە.. چەند دونیایەکى دوونى و درۆ بێت.. هەقە بۆ جوانییەکانى سوعاد و خۆشەویستى هەمیشە داگیرساوى ئەم تۆ بمێنیت، بە قەهرەوە، بەڵام بە رۆحێکى جەنگاوەرانەوە کە چاوى لە چاوى مەرگ بڕیبێت و نەترسێت، گوتى: شێرۆ..هەر هەموومان لەم ژیانەدا مەرگێک قەرزارین..!

من پێموت.. بەڵام  تۆش دەزانیت کە سەگێکى زیندوو هێشتا جوانترە لە شێرێکى مردوو.. وانییە؟

گوتى: بەڵام سەگبوونیش هیچ جوانییەکى تێدا نییە کە هەموو ژیانى وەڕین و کلکەلەقێ و چاوەڕوانى لەتێک نان و پاسکردنى دەرگاى خاوەنەکەى بێت..!

هەزار حەیف و موخابن.. لەو دوو شیعرەى کە لاى من وەک پایزنامەى تەمەنى خەزانئاساى بوو، ژیان ببوو بە ( تابلۆیەکى بەتاڵ ) و ناتەواو، خۆیشی ببوو بە (درەختێک لە بەرد).. بۆچى بەردین؟ چونکە کەمترین کەس گەڵا و گوڵ و میوە شیرینەکانى ئەو درەختەى بینى،  ئەم دەمێک بوو لەو گەڵارێزانە ڕادەما و لە ناو شیعرەکانیدا بە جیا لە مەرگ و هەڵوەرینى هەر گەڵایەک ڕادەما و  لە ڕووتبوونەوەى درەختەکانى دەڕوانى ئاسوودە بوو کە سروشت ئازاد و ئازاترە لە ئێمە کە خۆى ڕووت و قووت دەکاتەوە تا بیسەلمێنێت کە هەقیقەت تەنها ئەوسا جوانترە کە لاسایی سروشت بکاتەوە.

ئەم لەسەر رێگاکە وەستابوو.. پێشبینى سەفەرێکى ئەبەدى دەکرد، بە تەنیا، تەنیا..هەمیشە تەنیا.. چ لە ژیان و چ لە سەفەر و چ لە مەرگدا. مەرگى (ئازۆ) لەوێدا وەڵامێک بوو بۆ هەموو ئەو پرسیارانەى ئێمە کە زاتمان نەکرد لە هۆشمەندێکى وەک ئەمى بکەین..!

لەو شیعرانەدا ڕێک و ڕەوان گۆرانییەکى غەمناک و بریندار بۆ ماڵئاوایی خۆى دەچڕێت.. پتر ئەو هەستەى دامێ کە بۆ سەفەرێک دەچێت و دەگەڕێتەوە، سەرێک لە بەهەشتى پەژموردە و چۆل دەدات و بە ناو دۆزەخى ئاوەداندا دەگەڕێت و دەپشکنێت و پرسیار لە دۆزەخنشینان دەکات و بە زمانى ئاگرینى خۆى دەیاندوێنێت تەنها بۆ ئەوەى کە هاتەوە وەڵامێکى  بۆ ئێمە پێبێت، وەڵامێکى زۆر کورت: کە دۆزەخ هیچ نەبوو بێجگە لە نمایش و لاساییکردنەوەى ئەو دۆزەخە ڕاستەقینەیەى سەر ئەم بستە خاکەى خۆمان کە بە درێژایی سەدەکان هەموومانى سووتاندووە، وەک پێغمەبەرێکى دەم بە هاوار بێدارمان بکاتەوە کە جەهەننەمەکەى خۆمان گەلێک لە دۆزەخەکانى خوداوەندەکان کوشندەترە..مژدە بدات و بڵێت: ئاخر ناکرێت مرۆڤ دوو جاران بسووتێت!

ئەم وەک عیسایەکى تەنیا خاچى خۆى بە کۆڵەوە بوو، هەرگیز لەو خاچە دانەبەزى و تا هەنووکەش خوێنبارانە..!

لەوە دەچوو لە چاوى ئەمدا ژیان لەوە ناشیرینتر و بێزەوەرتر بووبێت کە بەو رۆحە منداڵ ئاسایەى بەرگەى بگرێت، یان خەونەکانى کە نەهاتبنە دى: زۆر لەوە گەورەتر بووبن کە خودى زیندەگى بتوانێت لە ناو خۆیدا جێگەیان بۆ بکاتەوە، مەرگەساتە کە خەونەکان لە خودى ژیان و بوون مەزنتر بن. ئازاد کەمى گوت و کەمى نووسی، گەوهەرسازەکان وان.. بازاڕیان کزە.. خوردە فرۆشان و کۆنەفرۆشان بازاڕیان گەرمە.

خامۆشی و کزۆڵەیی ئەم هەزار و یەک مانا و ڕەنگ و دەنگى دەنواند کە وەک مەتەڵە قورسەکانى ناو ئەفسانەکان تەمەنێکى دەویست تا ڕاز و نیاز و نهێنییەکانى بدرکێنین و تەلیسمەکانى بشکێنین. وەلێ هەمیشە شاگەشکە بوو کە جوانییەکانى دەروبەرى خۆى دەبینى، لاى ئەم کێشە نەبوو خۆى یان من یان تۆ داهێنەرى جوانى و پاکى و خێر و هەق بین، گرنگ ئەوە بوو کەسێک دەستپێشخەرى بکات و ئازاد لە خۆشیاندا لە ئامێزى بگرێت. ئەوى جوانناس و جوانپەرست و جوانهێن شەیداى ئەوەبوو تابلۆکان ڕەنگین بن، کێ ڕەنگینیان دەکات بابەت نەبوو..ئەم وەک لە دوا شیعریدا لێی دەترسا بینینى تابلۆیەک بوو کە بەتاڵ بێت. ئەم غەمگینى ئەوەبوو بەتاڵى و پووچى و بۆشایی بمانکوژێت.. ئەم زەندەقى لە مرۆڤە داهۆڵەکان و کلۆرەکان و تاریکەکان چووبوو.

ئاسانە لەو هاوکێشە قورسە تێبگەین کە ئەوى داهێنەر و خودانى جوانى هێزێکى لە بن نەهاتووى هەبوو، ئەم ئەگەر بۆ خۆى جۆگەلەیەک بوو لە جوانى، تەنها دڵى بەوە خۆش بوو کە لەتەک جۆگەلەکانى دیکەى وەک خۆیدا دەڕژێنەوە ناو زەریایەک لە جوانى کە لە ناوئاخندا پڕە لە مروارى و مەرجان و گەوهەرى یەک دانە. زەریایەکى میهرەبان کە دڵى نایەت کەس بخنکێنێت.. جۆگەلەیەک کە دەبەخشێت و ئاوڕ ناداتەوە کەس سوپاسی بکات.

ئەو پیاوە زۆر مەنگە وەک دەریاچەى سەر ترۆپکى شاخەکان شتێکى لە ناو خۆیدا دەشاردەوە کە ئاسان نەبوو کەس دەستى بگاتێ و بیدۆزێتەوە، مراورى خەمێک، گەوهەرى نهێنییەک، مەرجانى عیشقێکى غەمین، یاقووتى قەهرى شکستێک، ئەم سەنگینانە لە زەریاى عەدەمدا گەمییە ماندووەکەى لێخوڕى و وەک ناخودایەک تەنیا ماڵئاوایی لێکردین، ئێمەى بۆ بەتاڵییەکى سەرمەدى بەجێهێشت.

مەرگى (ئازاد سوبحى) پرۆتێستۆى ژیانێکى نابووت بووە، وەساتنێک و نەخێرێک بوو دژى مایەپووچى پاش ڕاپەڕین و سەربەستى ساختە و عەمبارەپۆ.. ڕەتکردنەوەى ژیانێک بوو کە لە گرانەتا دەچوو.. ژیانێک مردەنى و بێ ڕەنگ  کە ئەمى شاعیر چیدیکە بەرگەى نەگرێت. لەوە دەچوو ئازاد ماندووتر بێت لەوەى چیدیکە رێبوارى ئەم سەفەرى بێهوودەگییە بێت، ژیانێک کە لە کارگەکانى خۆیدا مرۆڤ دەهاڕێت، ژیانێک تۆراو و بێزار لە بیچمى خۆى. ئیدى ئەم بڕیاریدا کە پشت لەو زیندەگییە بکات کە پتر جامبازەکانى سیاسەت و ئاخوندە کینەبازەکان و خوێنخۆرەکانى بازاڕ و ڕۆشنبیرە لێبوکەکان و گاڵتەجاڕەکان تیایدا بەختەوەرن.

پەراوێز: (تابلۆیەکى بەتاڵ ) و ( درەختێک لە بەرد ) دوا دوو شیعرى جوانەمەرگ بوون کە لە ( چاودێر ) دا و لەم پایزەدا بڵاوى کردنەوە.

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw