ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا وا بڕیارە لە ڕۆژانی ١و٢/١١/٢٠١٤ کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ دووەمین فێستیڤاڵی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە لە شاری سلێمانی و ناوەندی ئەندێشە بەڕێوە بچێت، کە تێیدا وەک نەریتی ساڵانەی خۆی خەڵاتی ڕێزلێنانی ئەندێشە دەدرێت بە باشترینەکان لە بوارەکانی "شیعر، چیرۆک، ڕۆمان، شانۆ، شێوەکاری، ڕاگەیاندن، ژنی ئەکتیڤ، وەرگێڕان، هزر و موزیک" بە پێی گوتەی بەڕێوەبەری ناوەندی ئەندێشە بڕیارە ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران لە هەرچوار پارچەی کوردستان ئامادەی ڕۆژانی فێستیڤاڵەکە بن. هەر لەو بارەیەوە هەژار مەجید، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە بە سولی ئۆن وێب-ی ڕاگەیاند: فێستیڤاڵی ئەندێشە تاکە فێستیڤاڵێکە دەزگایەکی ئەهلی و سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان سازی دەکات. ڕونیشی کردەوە: هاوکات لە گەڵ فێستیڤاڵەکەدا پێشانگایەکی کتێب دەکرێتەوە کە زیاتر لە ٢٠ هەزار ناونیشان لەخۆدەگرێت و رێژەی داشکانی نرخەکانیش بەرێژەی ٣٠% دەبێت. هاوکات ١٠ کتێبی نوێی ناوەندەکەش بڵاودەکرێتەوە و لە مەراسمێکی شایستەدا نووسەر و وەرگێری کتێبەکان ئامادەی فێستیڤاڵەکە دەبن و ئیمزا لەسەر بەرهەمەکانیان دەکەن. هەروەها یادێکی شاعیری کۆچ کردوو ئازاد سوبحی دەکرێتەوە کە براوەی خەڵاتی شیعری ئەندێشە بوو و بەڵام بەداخەوە کۆچی داوایی کرد. ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد کە ئەندێشە بەرنامەکانی خۆی تێک نادات و خەڵاتی ڕێزلێنانی ئەندێشە بۆ شیعر هەر تەرخانە بۆ شاعری کۆچکردو "ئازاد سوبحی" و پێشکەشی ئەو رۆحە نەمرە دەکرێت. سولی ئۆن لە خوارە وێنەی بەرگی ئەو کتێبانە بڵاو دەکاتەوە کە لەو مەراسیمەی ئەندێشەدا بڵاودەکرێنەوە