ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
نووسەر و ڕۆمانووسی بەڕازیلی "پاولۆ کۆیلۆ" ئاسوودەیە بە وەرگێڕانی ڕۆمانەکانی بۆ سەر زمانی کوردی و دەستخۆشیش لە وەرگێڕە کوردەکەی دەکات. بە پێی نامەیەک کە وەرگێڕی لاو "سیروان مەحمود" لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، نووسەری ناوداری جیهان "پاولۆ کۆیلۆ" خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت بە بڵاوبوونەوەی کتێبەکانی بە زمانی کوردی، لەو نامەیەدا کۆیلۆ دەڵێت: پێشتر كتێبەكانم بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراون. بەڵام كاتێك زانیم كتێبەكانم بۆ زمانی كوردی وەرگێڕدراون و لەئێستاشدا وەردەگێڕدرێن، زۆرێك ئاسوودە بووم. زۆر شادمانبووم بەوەی وەرگێڕە كوردەكەم پێی گوتم ھەندێك لەكتێبەكانمی وەرگێڕاوە (بەتایبەتییش بەوەرگێڕانی داوێنپیسی زۆر دڵخۆشبووم) و ئەوانەی تریش بەم نزیكانە وەردەگێڕدرێن و بڵاودەكرێنەوە.
هەر لەو نامەیەدا "پاولۆ کۆیلۆ" دەستخۆشی لەو وەرگێرە کوردە دەکات و دەڵێت: دەشمەوێ سوپاسی سیروان مەحمود بكەم، كە لەو بەشەی جیھاندا كتێبەكانم وەردەگێڕێ.
وەرگێڕی لاو "سیروان مەحمود" سەبارەت بە وەرگێڕانی کتێبەکانی "پاولۆ کۆیلۆ" بۆ سولی ئۆن دەدوێت و دەڵێت: تا ئێستا ٧ کتێبی ئەو نووسەرەم کردووە بە زمانی کوردی و لە ئێستادا ٤ لەوانە بڵاوبوونەتەوە، ئەوانی دیکەش لە داهاتوودا بڵاودەبنەوە.
وتیشی: سەرجەم کتێبەکان بە ئاگاداری و ڕەزامەندی نووسەر وەردەگێرم.


وەرگێڕی لاو "سیروان مەحمود"