ساڵسا Salsa سەمایەکی لاتینە و موزیکی تایبەتی خۆی هەیە، کە تایبەتە بە سەماکە لەبەر ئەوە ناتوانرێت باس لە سەمای ساڵسا بکرێت بەبێ موزیکی ساڵسا. موزیکی سەماکە تێکەڵەیەکە لە چەندنین ئیقاعی جیاوازی لاتینی. لە هەمان کاتدا سەمای ساڵساش هەمەچەشنێکە لە چەند کلتورێکی جیاواز.
بە گشتی سەماکە لە نێوان دوو هاوبەشی هەردوو رەگەز ئەنجام دەدرێت کە هەردوکیان پابەندن بە زنجیرەیەک جوڵە و کات و فەزای شوێنەکە. ئەم سەمایە زۆر قەشەنگە و جۆرە جلوبەرگێکی تایبەت بە خۆی هەیە کە ووروژێنەرو سەرنج راکێشە.
لەگەڵ ئەوەی چەند مشتومڕێکی جیاواز هەیە لەسەر مێژوی ئەم سەمایە. بەڵام زۆربەی بیروڕاکان لەسەر ئەوە کۆکن کە لەلایەن کوبییەکانەوە سەری هەڵداوە. بەهۆی ئەو پەستانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی لە سییەکاندا لە کوبا و پوێرتۆڕیکۆ هەبووە، ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران روودەکەنە شارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تەنانەت نیویۆڕکیش. ئەم کۆچبەرانە موزیکی جیاواز بەیەکترییەوە دەبەستنەوە.
ووشەی ساڵسا لە نیویۆڕک دروست بوو. ئەم ووشەیەش لە چەند جۆرێک ستایڵی موزیکەوە هاتووە وەک، Rhumba, Són Montuno, Guaracha, Mambo, Cha cha cha, Danzón, Són, Guguanco, Cubop, Guajira, Charanga, Cumbia, Plena, Bomba, Festejo, Merengue.
هەندێک لەم ستایڵانە بەتاکی خۆیان ماونەتەوە و هەندێکیتریشیان یەکیان گرتووەو ساڵسایان پێکهێناوە. لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ناتوانری ساڵسا بە مڵکی تاکە ووڵاتێک دابنرێت.
سێلیا کروز Celia Cruz بە شاژنی ساڵسا دادەنرێت. لە ساڵی ١٩٢٥ لە دایک بووە و زۆربەی ژیانی لە نیوجێرزی و ووڵاتانی لاتین بەسەر بردووە. هەروەها یەکێکە لە گۆرانی بێژە دیارەکان لە مێژووی موزیکی ئەفرۆ-کوبی.