کارکردن بۆ پێشکەش کردنی راپۆرتی سێبەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان

13/11/2014    17:40

کارکردن بۆ پێشکەش کردنی راپۆرتی سێبەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان 


Têkst

ئامادەکرنی: شادیار عەلی

کۆمەڵەی هیوای عێراقی لەئۆفیسی خۆیدا لە کەرکوک، لە بەرواری ٠٢/١١/٢٠١٤ وۆرکشۆپێکی سازدا لەبارەی "جەندەر   Gender"ەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ،بە بەشداربوونی گەنجانی هەموو نەتەوەکانی شاری کەرکوک.

وۆرکشۆپەکە چەندین بابەتی جیاوازی لەخۆگرتبوو، وەکو ڕێکەوتن نامەی "سیداو CEDAW"و بڕیاری "1325"ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە تایبەتە بە یەکسانی نێوان هەردوو رەگەز و پابەندبون بە پرسەکانی ژنان لە ململانێیە چەکدارەکان. هەروەها وۆرکشۆپەکە بابەتی گرنگی ڕێکخراوە ناحکومیەکان لە دەستنیشانکردنی پێشێلکاری حکومەت لە یاساکانی مافی مرۆڤ وبەتایبەتی مافی ئافرەتان لەرێگەی پێشکەش کردنی ڕاپۆرتی "سێبەر" بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە نەتەوە یەکگرتوەکان،هەروەها چەندین بابەت وچالاکی دیکەی لەخۆگرتبوو.

سرود محەمەد بەرپرسی ئۆفیسی کەرکوکی کۆمەڵەی هیوای عێراقی، وبەرێوەبەری وۆرکشۆپەکە، بۆ سایتی سولی ئۆن دوا و ووتی" ئامانجمان لەم وۆرکشۆپەدا دەرخستن وگرنگیدانە بە رۆڵی ژنان لەرێگای ناساندنی ئافرەت بە هەموو یاسا وبڕیارە نێودەوڵەتیەکان کە بەرگری لە مافی ژنانن دەکەن. لێرەدا گرنگی رێکەوتن نامەی سیداو دەردەکەوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و پێمان باشبوو تیشک بخەینەسەر ئەم رێکەوتن نامەیە و بەچڕی باسی لێوەبکەین".

سرود محەمەد لەدرێژەی قسەکانیدا ووتی، "من وەکو چالاکوانێک پێم باش نیە دەسەڵات بەدەستی پیاوبێت ولەهەمان کاتدا پێم باش نیە لەدەستی ژندابێت، بەڵکو باشتر وایە جۆرێک لەهاوسەنگی هەبێت لەدابەشکردنی دەسەڵاتدا بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا. لەڕاستیدا شتێکی دڵخۆشکەرە کە دەبینم گەنجانی کەرکوک بەم جۆرە بیردەکەنەوە. لەم وۆرکشۆپەدا ئەوەم تێبینی کرد کە گەنجانی کەرکوک دەستیان بەگۆڕانکاری کردووە، کە باسی ووشەی جەندەر یاخود ڕێکەوتن نامەی سیداو دەکەین کە تاڕادەیەک دژ بە بیروباوەڕی  سەقەتی گۆمەڵگای ئێمە کار دەکات،دەبینی زۆربەی گەنجان باوەڕیان پێیەتی وئامادەن بۆ گۆڕانکاری".

ساکار کامیل بەرپرسی سەنتەری کەرکوک بۆ خانمانی پیشەدار و بەشداربووی وۆرکشۆپەکە دەڵێت، " حەق نیە کەسێک تەمەنی گەیشتۆتە 23 ساڵ یاخود گەورەتر ئەوجا بزانێ کە ڕیکەوتنامەیەک هەیە بەناوی سیداو یاخود بڕیاری 1325ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە پشتگیری ژنان دەکەن وجیاوازی لەنێوان هەردوو رەگەز ناهێڵێت، من پێم باشە وانەی مافی مروڤ یاخود ئەو یاسایانەی کە پشتگیری لە ژنان دەکەن لە قۆناغی سەرەتایی هەتا وەکو زانکۆدا بخوێنرێت بۆ ئەوەی تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ ژن بگۆڕێت وزیاتر مافیان بدرێتێ لەهەموو بوارە مەدەنی وسیاسیەکاندا".
 
هەروەها خوێندکاری زانکۆ مەجید حەمید دەڵێت، " من هیچ زانیاریەکەم نەبوو سەبارەت بە جیاوازی نێوان ووشەی "جەندەر" و "سێکس" لەم وۆرکشۆپەدا جیاوازیەکانم زانی وئاشنابووم بە ڕۆڵی  ڕێکخراوە ناحکومیەکان. ئەمانەش لە رێگەی ئامادەکردن وپێشکەشکردنی ڕاپۆرتی سێبەر "Shadow Report" بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە نەتەوە یەکگرتوەکان بێ ئەوەی حکومەت بەو ڕاپۆرتە بزانێ ئەمەش لەخۆیدا پێشکەوتنێکی زۆر باشە بۆ جێگرکردنی مافی مرۆڤ لە عێراقدا".
 
شایەنی باسە کۆمەڵەی هیوای عێراقی لە ساڵی 1992 لەکوردستان دامەزراوە ودرێژەیداوە بەکار و بەرنامەکانی خۆی ولەساڵی 2003دا بارەگای سەرەکی خۆی لە بەغداد کردۆتەوە و کار و پرۆگرامەکانی لەهەمووعێراقدا ئەنجامداوە.
 
ئامادەکرنی: شادیار عەلی







هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw