ئامادەکردنی: رێژین نەجمەدین
شاری زانکۆیی دێرینی گرۆنینگن لە باکوری هۆڵەندا، دانیشتوانەکەی یەکێکن لە زۆرترین بەکارهێنەرەکانی پاسکیل لە جیهاندا. گرۆنینگن نزیکەی 300،000 پاسکیلی تێدایە، بەڵام تەنها 75،000 ئۆتۆمبێل. نمونەیەکە بۆ ئەو شارانەی کە دەیانەوێت ئۆتۆمبێل کەم بکەنەوە و زیاتر پشت بە پاسکیل ببەستن وەک ئامرازی گواستنەوە. دانیشتوانی شارەکە نزیکەی 190،000 کەسن و زیاتر لە 50%ی هاتوچۆی رۆژانەیان بە پاسکیل دەکەن.
چیرۆکی زیادبوونی پاسکیل لەم شارەدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1977. بەرپرسانی شار پلانێکیان بۆ شارەکە دانا و شارەکەیان کرد بە 4 بەشەوە و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلیان لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی تر قەدەغە کرد. لەبری ئەوە زۆریان لە خەڵک دەکرد کە بە رێگایەکی بازنەیی بە چواردەوری شارەکەدا لەنێوان بەشەکاندا هاتوچۆبکەن. یاساکە تەنها رێگەی بە پاسکیل دەدا کە لە نێوان 4 بەشەکەدا هاتووچۆبکات، کە بوو بە بناغەی ئەزمونی بەکارهێنانی پاسکیل بەبێ بوونی ناڕەزایی لە شارەکەدا.

دوای تێپەڕبوونی 40 ساڵ بەسەر ئەو بڕیارەدا، تۆڕێکی رێگای پاسکیل تێکهەڵکێشی لاندسکەیپی شارەکە کراوە و ژمارەیەکی زۆر شوێنی وەستانی پاسکیل دروستکراوە. لەهەمانکاتدا عەرەبانەش هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت کەرەسەکانیان لە دووکانەکانەوە بگوازنەوە بۆ ماڵەکانیان، هەروەها یاسای هاوبەشیکردنی پاسکیل هەیە، بۆ ئەوەی نەفەرەکان پاسکیلەکانیانان لەگەڵ خۆیاندا نەبەنە بە شەمەندەفەرەکان، دەتوانن لە پارکی ئەو بنکەیەدا بوەستێنن و کاتێک دەگەنە بنکەیەکی تر پاسکیلێک لەوێوە ببەن.
رزگارکردنی شارەکە لە ئۆتۆمبێل چەندەها سوودی ئەرێنی هەبووە، ئەوانیش کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە و کەمردنەوەی رێژەی رووداوە. لە فلیمێکی کورتدا لەسەر شاری گرۆنینگن لە گرنگی پلانی ئەم شارە ورد دەبینەوە کە زۆر بێدەنگە.