با پێکەوە بەرەنگاری توندوتیژی دژ بە ژنان بینەوە

28/11/2014    01:17

با پێکەوە بەرەنگاری توندوتیژی دژ بە ژنان بینەوە 


Têkst

ئامادەکردنی: شادیار علی

25/11/2014 لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندو تیژی دژ بە ژنان، گروپی نا بۆ توندوتیژی دژ بەژنان لەکەرکوک کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا لەبەردەم بیناى پارێزگای کەرکوک بۆ دەربڕینی هاوپشتی خۆیان بۆ بزوتنەوەی ژنانی جیهان. بۆ ئەو مەبەستەش ڕگەیندراوێکیان خوێندەوە کە تیایدا داواکاری خۆیان ئاڕاستەی پەرلەمان و حکومەتی عێراقی دەکەن کە کاری جدی بکەن بۆ ئازادکردنی ژنانی (یەزیدی وتورکمان) کە رفێندراون لەلایەن چەتەکانی داعشەوە و بەهەند وەگرتنی پالپشتی دەروونی بۆ ژنان وچەند خاڵێکی دیکە کەلە راگەیەندراوەکە هاتبوو.

ئەندامی ڕێکخراوی رۆژە بۆ ژنان  هێرۆ رەشید دەڵێت  "لەم رۆژەدا دەبینین ژمارەی ئەو ژنانەی کە بەشداری ئەم کۆبونەوەیان کردوە زۆر کەمن بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی ژنانی شاری کەرکوک ئەمەش ئەگەرێتەوە بۆ کەمی ووشیاری ژنان سەبارەت بەمافەکانیان،ئەمەش دەبێت ئیشی لەسەر بکرێت".

ژنانی رۆژئاوای کوردستانیش بەشداربوون لەم کۆبونەوەیەدا و دروشمی ئازادی بۆ ژنانیان بەرز ڕاگرد.ئەندامی ڕکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان نەسرین ئەحمەد بۆ سولی ئون وێب دواو ووتی: "ئێمە وەکو ژنانی رۆژئاوا توندو تیژی دژبە ژنان رەتدەکەینەوە. ئەمرۆ ژنانی رۆژئاوا شانبەشانی پیاوەکان دەجەنگن و خەباتێکی بێ ووچان دەکەن لەپێناو خاک و نیشتیمان ومافە رەواکانیان. بەمەش دووپاتی دەکەنەوە کەهیچ جیاوازیەک نیە لەنێوان ژن وپیاودا، ئەوان لە سەنگەرەکانی شەڕدا خەبات دەکەن و ئێمەش لەکەرکوک بە ووشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بەگشتی و ژنانیش بەتایبەتی خەبات دەکەین."

پیاوانیش بەشداری کۆبونەوەکەیان کرد و دووپاتیان کردەوە کە پێویستە ژنان مافە رەواکانیان و ئازادییان بەدەستبێنن.

شایەنی باسە لەگەڵ بوونی چەندین رێکخراوی دژ بە توندوتیژی ژنان و ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر،  لە ماوەی ١٠ مانگی رابردوودا ٢٤ حالەتی کوشتنی بەمەبەست و ٥٣ حاڵەتی خۆسوتاندن و ٥ حاڵەتی کوشتن بە خنکاندن و ٢ حاڵەتی رفاندن لە کەرکوک روویان داوە.

نازم حەمید لە پەیمانگای عێراقی بۆ مافی مرۆڤ دەڵێت "ئێمە وەکو ڕێکخراوە مەدەنێکان لەکەرکوک، ئەمرۆ کۆبوینەوە بۆ پێشکەشکردنی ووتارێکی هاوبەش بۆ ئیدارەی پارێزگای کەرکوک، تیایدا هەموو ئەو توندو تیژیانەی کە رووبەرووی ژنان دەبنەوە لە عێراق بەگشتی ولە شاری کەرکوک بەتایبەتی روونبکەینەوە. بەشێک لەو توندوتیژیانە خێزانین وبەشێکی تریشی کۆمەڵایەتین، کە کاردانەوەی زۆری هەبووە لەسەر ژنان بەجۆرێک کە کۆتایی بەژیانی خۆیان دێنن. ئێمەش لێرەوە پشتگیری خۆمان بۆ ژنان دووپات دەکەینەوە و داواکارین لەئیدارەی کەرکوک و حکومەتی عێراقی کە ڕۆڵی زیاتر بدەن بە ژنان وپشتگیریان بکەن بۆ وەرگرتنی پۆستەبەرزەکان".

دوای ڕاوەستانیان زیاتر لە دووکاتژمێر لەبەردەم بینای پارێزگای کەرکوک، رێیان پێدرا بچنە نێو بینای پارێزگا وچاویان بە راکان سەعید ئەلجبوری جێگری پارێزگای کەرکوک بکەوێت وراگەیەندراوەکەیان پێشکەش بکەن.







هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw