ماڵپەڕی چراکان لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی کلتوریی ئەلکترۆنیدا کەوتەوە کار

29/11/2014    23:29

ماڵپەڕی چراکان لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی کلتوریی ئەلکترۆنیدا کەوتەوە کار 


Têkst

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا

ماڵپەڕی چراکان کە ماڵپەڕێکی کولتووری – هەمەڕەنگ بوو،  لەساڵی ١٩٩٧ـەوە دەستبەکار بوو تا ساڵی ٢٠١٢، خوێنەرێکی زۆری بابەتە کولتوورییەکانی لەخۆی کۆکردبووە،  ئێستا و دوای نزیکەی ٢ ساڵ وەستاندنی چالاکییەکانی، ئەو ماڵپەڕە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی کولتووریی ئەلکترۆنیدا بەناوی "پرۆژەی چراکان" کە "میران ئەبراهام" سەرپەرشتی دەکات، دەکەوێتەوە کار.

پرۆژەی چراکان پێکدێت لە ماڵپەڕی تایبەت بە بوارەکانی "ئەدەب، سینەما، شانۆ و هەمەڕەنگ" و لە داهاتووشدا ماڵپەڕی تایبەت بە بوارەکانی "شێوەکاریی و موزیک" دەکەوێتە کار، کە هەریەکێک لەو ماڵپەڕانە لەلایەن کەسانی شارەزا و خاوەن ئەزموون لەو بوارانەدا سەرپەرشتی دەکرێن.

سەبارەت بە دووبارە بەکارخستنەوەی ماڵپەڕی "چراکان" کە لە ئێستادا تایبەتە بە ئەدەب "داستان بەرزان" سەرنووسەر وسەرپەرشتیاری سایتەکە بە سولی ئۆن-ی راگەیاند: بیستى یازدە یەکەمیین ڕۆژى دەست بەکارکردنەوەى ماڵپەڕی چراکان بوو، ئەمەش لە پاش ئەوەى بۆ ماوەى نزیکەى دوو ساڵ ئەو ماڵپەڕە لە چالاکییەکانى وەستابوو، بەڵام ئەمجارە جیاوازتر لە پێشوو تەنیا دابینە بۆ ئەدەب، ئەمەش لەبەرامبەر ئەو ڕەوە بڵاوکراوە ئەلەکترۆنییەى کە ئەمڕۆ هەن و جۆرێک لە بێ ناسنامەییان پێوەدیارە و نزیکەى نازانى کامەیان سەرچاوەى بِرواپێکردنن، ئەو بابەتانەى لە چراکان بڵاودەبنەوە تەنیا ئەدەبین، بۆیە کاری ئێمە کاری ڕۆژانەیی نییە، بەڵکو کارکردنە لەسەر ئەرشیفکردن و هێشتنەوەى کۆمەڵێک وتار و تێکست و وەرگێڕان و لێکۆڵینەوەى ئەدەبی وەها کە خوێنەرانى ئەدەب لێی سودمەند دەبن و ڕەنگە بتوانرێت وەکو سەرچاوەیەک بۆ ناوەندە ئەکادیمییەکانیش سودى لێوەربگیرێت.

ئەوەیشی راگەیاند: هەر ئەمەشە وادەکات پەلەنەکەین لە کارکردن و لەسەرخۆ ماڵپەرەکە ئاوەدان بکەینەوە، دیارە بە پشتیوانى و بەشداری کردنى نوسەرانى بواری ئەدەب، تاکو ئێستاش کارەکانمان بەباشی ڕۆیشتوون و کۆمەلێک بابەتى باشمان بڵاوکردۆتەوە، بەوهیوایەى لە داهاتوودا بتوانین شتێک لە جوانى و زانین بۆ خوێنەرانى چراکان بگوێزینەوە.


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw